کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بنەمای دیپلۆماسیی حیزب و هەڵوێستە سیاسییەکانی

17:39 - 20 گەلاوێژ 2720

محەممەد نەزیف قادری

لە دەستپێکی خەباتی سیاسیی هەر حیزب یان لایەنێکی سیاسی و فیکریدا کۆمەڵێک پرەنسیپ دەبنە بنەمای کار و تێکۆشانی ئەو ڕێکخراوەیە یان ئەو دەسەڵاتە. دوای هاتنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە شەڕی دووهەمی جیهانی لە ساڵی ١٩٤١ی زایینی بەرامبەر بە ١٣٢٠ی هەتاوی و هەرەسهێنانی دەسەڵاتی ڕەزاشای پەهلەوی کە جووڵەیەکی نوێ لە سەرتاسەری ئێران و کوردستان دەستی پێکرد، گەلی کوردیش کە بە درێژایی مێژوو بۆ گەیشتن بە مافەکانی و دیاریکردنی چارەنووسی بە دەستی خۆی لە خەبات و بەرخۆدان بوو، دامەزرانی یەکەم ڕێکخراوی نەتەوەیی خۆی لە لایەن پۆلێک لە نیشتمانپەروەرانی کوردەوە ڕاگەیاند و کوردستانی ئێران بوو بە ناوەندی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی. ڕەوتی ڕووداوەکان و کاریگەریی گەشەی هزری نەتەوایەتی و جیهانبینیی پۆلێک لەم ڕۆڵە خەباتگێڕانە و لە پێشەوەی هەموویانەوە پێشەوا قازی محەممەد، ئەوانی هێنایە سەر ئەو باوەڕە کە دامەزراندنی حیزبێکی سیاسیی پێشکەوتووی شوناسخواز پێویستییەکی سیاسی و مێژووییە و لەم سونگەیەوە لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی، بەرامبەر بە ١٥ی ئاگۆستی ١٩٤٥ی زایینی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ڕاگەیەندرا و پێشەوا قازی محەممەد بوو بە ڕێبەری ئەم حیزبە نوێیە. هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵوگۆڕە سیاسییە لە ئازەربایجانی ئێرانیش خەباتی سیاسی و نەتەوەیی تورکەکان دەستی پێکرد و فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان و حکوومەتی میللی بە پشتیوانیی یەکیەتیی سۆڤییەت ڕاگەیەندرا. پێشەوا قازی محەممەد و ڕێبەریی حیزبی دێموکرات بە شێوەیەک دەستیان بە خۆڕێکخستن و پێوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی هاوپەیمان و کۆماری ئازەربایجان و فیرقەی دێموکرات کرد و هەیئەتی نوێنەرایەتیی کورد سەردانی یەکیەتیی سۆڤییەت و باکوو، پێتەختی کۆماری ئازەربایجانی ئەو کاتی کرد و هەوڵیان دا سەرنج و پشتیوانیی ئەوان بە لای گەلی کورد و دابینکردنی ویست و داخوازییەکانیدا ڕابکێشن. لەو سەردان و ڕاگۆڕینەوەیەدا هەم نوێنەرانی سۆڤییەت و هەم ڕێبەران و نوێنەرانی فیرقەی دێموکراتی ئازەربایجان لەو باوەڕەدا بوون کە دەبێ دەسەڵاتی سیاسیی کورد و دامەزراوەکانی بەشێک بن لە لە حکوومەتی میللیی ئازەربایجان کە ئەم بیرۆکەیە بە تەواوی لە لایەن پێشەواوە ڕەت کرایەوە و لە سەر سەربەخۆیی سیاسی و ئیداریی کۆماری کوردستان جەختی کردەوە و ئامانجی خۆشی پێکا. لێرەدا پرەنسیپی باوەڕبەخۆبوون، سەربەخۆیی بڕیاردانی سیاسی، شوناسخوازی، پاراستنی بەرژەوەندیی نەتەوەیی، ڕێزگرتنی بەرامبەر و لۆژیکی پێکەوەژیان و ڕەوتی سیاسەتی دەستێوەردان، پاراستنی پرەنسیپە مرۆییەکان و ڕەچاوکردنی دیپلۆماسییەکی دوور لە نکۆڵی و توندوتیژی بوونە بنەما سیاسی و فیکرییەکانی بزووتنەوەی کورد و پێوەندییەکانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستان لەگەڵ دەوروبەر و جیهانی دەرەوە.

سەردانەکانی دیپلۆماتە ئامریکایی، سۆڤییەتی و بریتانیایی و گەڕۆکەکانی وڵاتانی دیکە کە لەو وڵاتەدا زۆر بە ئامانجدار و بە هەڵسەنگاندنەوە ڕووداوەکانی ئێران، ئازەربایجان، کوردستان و ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە زۆربەیان لە نووسینەکانیاندا دانیان بە زانایی و ڕوانگەی پێشکەوتووی پێشەوادا ناوە و مافەکانی کوردیان بە ڕەوا زانیوە. ئارچی ڕۆزڤێڵت دیپلۆماتی ئامریکایی کە زۆر بە وردی چاوەدێریی ڕووداوە سیاسییەکانی کردووە، لە نووسینەکانیدا بە دۆکیۆمێنتەوە بە شێوەیەکی ئەرێنی لە سەر کەسایەتیی پێشەوا و کۆمار قسە دەکا. ویلیام ئیگلتۆن لە سەر تایبەتمەندییەکانی کۆمار و گرینگیی لە مێژووی بزووتنەوەی کورددا قسە دەکات، بەڵام سیاسەتی فەرمیی ئامریکا پێچەوانەی ئەو خوێندنەوەیە بوو.

 لێرەدا خاڵی لاواز بۆ بزووتنەوەی سەرتاسەریی ئێران و خەباتی نەتەوە ماف پێشێلکراوەکانی ئێران بریتی بوون لە پشتکردنی هاوپەیمانان لەم بزووتنەوە دێموکراسیخوازییە سەرتاسەرییە و شوناسخوازیی نەتەوەکانی ئێران و پشتکردن لە کۆمارەکانی ئازەربایجان و کوردستان. خاڵێکی دیکە کە بۆ کۆماری کوردستان لەمپەر بوو، زاڵبوونی هێز و نیشتەجێبوونی نوێنەرایەتییە سیاسییەکانی هاوپەیمانانی ڕۆژئاوایی بەتایبەتی بریتانیا لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان (سنە، کرماشان و ئیلام)دا بوو، لە ڕاستیدا کوردستان بوو بە جێگەی ململانێی ئامریکا، بریتانیا و سۆڤییەت. کۆماری کوردستان تەنیا لە بەشێکی کەمی خاکی کوردستان دامەزرا و مەجالی پەلهاویشتنی بۆ پارێزگاکانی سنە، کرماشان، ئیلام و خوارەوەتری پێ نەدرا، لە ڕاستیدا بەرژەوەندییەکانی گەلانی ئێران بوو بە قوربانیی بەرژەوەندیی هاوپەیمانان و دواییش پشتی دەسەڵات و گەڕانەوەی دیکتاتۆریی ڕێژیمی پاشایەتیی پەهلەوییان گرت، ئەو سیاسەتە نەشیاوەی هاوپەیمانان گەیشتە ئاستێک کە جۆرج ئالەن، سەفیری ئەوکاتی ئامریکا لە پێوەندییەکانی لەگەڵ قوام السلطنە، سەرۆک وەزیرانی ئەو کاتی ئێران دەڵێت جووڵەی هێز بۆ کوردستان، ئازەربایجان و هەر شوێنێکی ئێران سروشتییە و دیپلۆماتەکانی سۆڤییەتیش لەو قۆناغە هەستیارەدا سیاسەتیان هەر بەو شێوەیە بوو. هاشمۆف کۆنسوولی یەکیەتیی سۆڤییەت لە ورمێ هەموو هەوڵە سیاسی و دیپلۆماتیکەکانی ڕازیکردنی دەسەڵاتی تاران بوو.

حیزبی دێموکرات دوای ئەو قۆناغە سیاسییە تاڵە، کە بە داخەوە شوێنەواری شووم و تێچووی زۆری بۆ گەلانی ئێران بوو، بە درێژەدانی بە خەبات و لە پێوەندییەکانیدا هەوڵی داوە سیاسەتێک ڕەچاو بکا و لەو پرەنسیپانە پەیڕەوی بکات کە لە مێژووی ئەم حیزبەدا بوونەتە بایەخ و جێی سەرنج و ئەزموونێکی ئەرێنی لە جووڵانەوەی کورددا. ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ڕێکخراوەیی حیزب و پچڕانی پێوەندیی ڕێکخراوەیی لەگەڵ حیزبی توودەی ئێران لە کۆنفرانسی یەکەمی حیزب لە ساڵی ١٣٣٤ی هەتاویدا و گرتنەبەری سیاسەتێکی واقیعبینانە لە سەر بنەمای پشتبەستن بە بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی گەلی کورد، هەروەها پاراستنی ئەو ڕێڕەوە و هەڵویستی پۆلێک لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی ڕێبەری لە کۆنگرەی دووهەمی حیزب لە بەرامبەر سیاسەتی تاکڕەوی و بە لاڕێدابردنی پرەنسیپی سەربەخۆیی حیزب ئەزموونێکی دیکەیە لەم خەباتە پڕ لە هەوراز و نشێوەی حیزب.

 ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی دوای تێکچوونی پێوەندییەکانی شۆڕشی ئەیلوولی باشووری کوردستان لەگەڵ حکوومەتی ئەوکاتی عێراق دۆخێکی نوێی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان هێنایە ئاراوە و گوشارێکی زۆر کەوتە سەر ڕێبەریی حیزب و ئەندامانی لە عێراقدا. لەمەڕ پێوەندیی حیزب لەگەڵ حکوومەتی عێراق دەبێ بڵێین بە درێژایی زیاتر لە ٣٥ساڵ لەو پێوەندییە، حیزبی دێموکرات لە سەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کورد ڕێک خست و ئەو پێوەندییە نموونەی پێوەندییەکی ساغ بوو و لە چەندین بڕگەی مێژووییشدا وازی لە بەرژەوەندییە حیزبییەکانی خۆی هێناوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی گشتیی کورد و پاراستنی دەستکەوتەکانی بزووتنەوەی کورد لە باشووری کوردستان. لەم بارەوە تێکۆشەری دێرینی کورد، دوکتور مەحموود عوسمان، دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعس لە کۆبوونەوەیەکی گشتیدا وتی گەلی کورد و لایەنە سیاسییەکان دەبێ شانازی بە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بکەن کە بناغەی پێوەندییەکانی لە سەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کورد بووە و ئەمە نموونەیەکی سەرکەوتووە لە بزوووتنەوەی کورددا.

ڕوانگەی حیزبی دێموکرات و جیهانبینیی بۆ پرسی کورد و بە نێونەتەوەییکردنی ئەم پرسە بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی ڕێبەری مەزنمان دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو کە وەک ئەندازیاری ئەم سیاسەتە و پێکهێنانی لۆبی بۆ پرسی کورد، پێوەندییەکانی لەگەڵ ئاکادیمییە ئورووپایی و ئامریکاییەکان، ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان، پارلمانتار و کۆنگرێسمەنەکان، هەواڵنێرەکان، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و پارتە سیاسییەکان شێوازێکی تری بە ناساندنی پرسی کورد دا. بەشداری لە کۆنگرەی ئینترناسیۆناڵ سۆسیالیست و چەندین ناوەندی نێونەتەوەیی دیکە ڕەوایی و کارایی پێوەندییە دیپلۆماتیکەکانی حیزب دەگەیەنێ و هەر ئەو کەسایەتی و دۆستانە ئێستاش لە سەنگەری داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلی کورد لە بەرامبەر سیاسەتی داگیرکەرانی کوردستاندان کە بە عەقڵییەتی ژینۆسایدکردنی ئەم گەلە سیاسەتی لەگەڵ دەکەن.

مەحکوومکردنی داگیرکردنی باڵوێزخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا لە تاران لە ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٥٨ بەرامبەر بە ٤ی نۆڤامبری ١٩٧٩ لە لایەن تاقمی ناسراو بە "خوێندکارانی پەیڕەوی خەتی ئیمام"ەوە لە نەزەری حیزبی دێموکراتەوە پێچەوانەی یاسا و ڕێسا و پرۆتۆکۆلە دیپلۆماتیکەکان بوو و ئەم هەڵویستەی حیزب لە مێژووی پێوەندییەکانیدا جێی بایەخە.

شەڕی هەڵەبجە لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٩٨٨ی زایینی لە دوو بارەوە لە پێوەندییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا جێگای سەرنجە. یەکەم لەم شەڕەدا زیاتر لە ٨٠٠ کەس لە کادر و پێشمەرگە و ئەندامانی بنەماڵەکانی حیزب لە ناوچەکانی هەورامان و جوانڕۆ کەوتنە ئەو شەڕە و وێڕای بەرگرییەکی مێژوویی هێزی پێشمەرگە و تەفروتوناکردنی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دەڤەری هەورامان و جوانڕۆ، بە پێی بەرنامەیەکی دیاریکراو ئەو هێزەی حیزب لەو ناوچەیە بە سەرکەوتنەوە دەرباز بوون. لەم پێوەندییەدا ڕێبەری گەورەمان دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو کە بە پیری هێزەکەوە هاتبوو لەو پێوەندییەدا وتارێکی پێشکەش کرد و وتی لەگەڵ ئەوەی کە قارەمانێتی و بەرگریی کادر و پێشمەرگەکانی حیزب شانازییەکی مێژووییە، ئەو دەربازبوونە ئەزموونی پێوەندیی قووڵ و نەتەوەیی حیزبی ئێمەیە کە لەم گۆڕەپانەشدا سەرکەوتوو بوو. هەر لە پیوەندی لەگەڵ شەڕی هەڵەبجەدا دوکتور قاسملوو لە سەفەری ئورووپایدا هەوڵێکی چڕوپڕی دا بۆ گەیاندنی دەنگی مەزڵوومییەتی قوربانیانی هەڵەبجە و گەلی کورد کە لەو تاوانە دژەمرۆییەدا زیاتر لە ٥٠٠٠ کەس لە خەڵکی مەدەنی بوونە قوربانیی ڕێژیمی بەعسی عێراق و داوای پێکهاتنی کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی لە دۆستانی ئورووپایی و بەتایبەت فەرانسەویی کرد و سەرئەنجام ئەو کۆنفرانسە ساڵی ١٩٨٩ پێک هات. بە داخەوە دەستی ڕەشی تێرۆریزمی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئیزنی نەدا کە خۆی بەشدار بێ، بەڵام شانازیی کۆنفرانسەکە بە ناوی ئەو ڕێبەرە گەورەیە ناودێر کرا. ئەو هەڵویستەی حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملوو لە مێژووی پێوندییەکانی حیزبدا لاپەڕەیەکی زێڕین و نەتەوەییە.

لە شەڕی ئێران و عێراقیشدا حیزبی دێموکرات بە پێچەوانەی هێندێک لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی سیاسەتێکی ڕەچاو کرد کە نەبێتە بەشێک لەو شەڕە چونکە لەو باوەڕەدا بوو کە ئامانجی شەڕەکە و ئامانجی درێژخایەنی حیزب دوو شتی لێک جیاوازن و بە ئەزموونیش دەرکەوت کە سیاسەتی حیزب لەو بوارەشدا سەرکەوتوو بوو.

لە ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٧٠ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٩٩١ی زایینیی گەلی کورد لە باشووری کوردستان، حیزبی دێموکرات پێوەندییەکانی لەگەڵ بەرەی کوردستانی و دواتر حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەر پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە. لەگەڵ ئەوەشدا زۆر جار لەگەڵ گوشاری وڵاتانی نەیاری کورد ڕووبەڕوو بووە و هێرشی کراوەتە سەر، بەڵام لە سەر ئەم سیاسەتەی بەردەوام بووە.

لە ڕوانگەی حیزبی دێموکراتەوە دیالۆگ (Negotiation) یەکێک لە پرەنسیپە نەگۆڕەکانی پێوەندییەکانە بۆ لێکتێگەیشتن و چارەسەری و وەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورد لە سەر بنەمای پرەنسیپە دیپلۆماتیکەکان و باوەڕمەندبوونی لایەنی بەرامبەر بە پرسی کوردە.

حیزبی دێموکرات بە باوەڕمەندبوون بەو بنەما فیکرییە کە کوردستان یەک نیشتمانە و کورد یەک نەتەوەیە و دابڕانی خەڵک و خاکەکەی لە لایەن داگیرکەرانی کوردستانەوە دۆخێکی خولقاندووە کە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان و حیزبە سیاسییەکانی بۆ دابینکردنی مافەکانی گەلی کورد لەو بەشەدا لە خەباتدان، سیاسەتی ئەوە بووە کە پشتیوانیی سیاسی لە خەباتی هەموو بەشەکانی کوردستان و خەباتی خەباتگێڕانی مافەکانی ڕۆڵەکانی کورد لە هەر شوێنێک بکا. هەر لەو کاتەشدا هەوڵی داوە پێوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی پێوەندیدار بە پرسی کوردەوە تا ئاستێک بێ کە دژی بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد لەو بەشەی کوردستاندا نەبێ و لەو بوارەشدا سەرکەوتوو بووە. هەروەها لەو باوەڕەدا بووە کە حیزب و لایەنە سیاسییەکانی کورد لە کاروباری بەشەکانی دیکەی کوردستان دەستێوەردان نەکەن و ڕێز لە ئیرادە و خەباتی گەلی کورد لە هەرکام لە بەشەکانی کوردستان بگرن و یارمەتیدەری ڕەوتی خەباتیان بن.

لە ئاستی سەرتاسەرییشدا حیزبی دێموکرات لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ئێرانی لە سەر بنچینەی باوەڕ بە مافەکانی گەلی کورد و مافی دیاریکردنی چارەنووس وەک نەتەوەیەکی خاوەن ماف و باوەڕ بە دێموکراسی و دابەشکردنی دەسەڵات و پێکهێنانی سیستمێکی دێموکراتیکی فێدراڵ و سێکۆلار لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانیدا لە دیالۆگ بووە و بە خۆشییەوە ئێستا لە چەند هاوپەیمانی و تەڤگەری سیاسیشدا ڕۆڵی کاریگەری هەیە.

لە سیاسەتی نێونەتەوەییشدا بە باوەڕمەندبوون بە نێونەتەوەییکردنی پرسی کورد لە چوارچێوەی بنەما سیاسی و یاساییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ) و سیاسەتی دەستێوەردانی مرۆیی و ڕزگارکردنی نەتەوە ماف پێشێلکراوەکان لە لایەن ڕێژیمە دیکتاتۆر و داپڵۆسێنەرەکانەوە لەگەڵ کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان پێوەندییەکانی ڕێک خستووە و لە خەباتی دیپلۆماسیدایە و دەنگی مافخوازانەی گەلی کوردی پێ گەیاندوون. هەنووکەش حیزبی دێموکرات یەکێک لە لایەنە چالاکەکانی ئەو گۆڕەپانەیە و بە ڕەچاوکردنی ڕێوشوێنە دیپلۆماتیک و یاساییەکان داکۆکی لە مافەکانی گەلی کورد دەکا و لە سونگەی پشتبەستن بە خەبات و ئیرادەی گەلی کورد و یەکیەتی و یەکڕیزیی بزووتنەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بوون بە هێزێکی شوێندانەر لە گۆڕەپانی سیاسی و دیپلۆماسیدا ڕۆڵی مێژوویی خۆی، هەوڵ دەدات کە لە ئاستی چاوەڕوانییەکانی گەلەکەماندا بگێڕێ و وەدیهێنەری ئاواتەکانی گەلەکەی بە گشتی بێ.

لەگەڵ ئەوەی ئاماژەی پێ کرا، هێز و توانا بۆ کاری دیپلۆماسی و پێوەندی مەرجێکی گرینگە و لە ڕاستیدا بنەمای ئاوڕدانەوەی لایەنە سیاسییەکان و ناوەندەکانی بڕیارە کە بەرژەوەندییە هاوبەشەکان پێکەوە گرێ دەدا. هەر لەم سونگەوە ڕێبەری مەزنمان دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو هەردەم لە سەر ئەم ئەسڵە جەختی دەکردەوە و وەک زەروورەتێکی سیاسی لەم قۆناغە هەستیار و پڕ لە کەندولەندەدا حیزبی دێموکرات پێویستە لە هەموو ڕەهەندەکانی خەباتدا ببێتە ئەو هێزە شوێندانەرەی کە لەمێژە خەبات و بەرخۆدانی بۆ دەکا و دۆستانی جووڵانەوەی کورد بە هیواوە چاویان لێیەتی.

ئەزموونی سیاسی و دیپلۆماسیی ئەم ٧٥ ساڵەی خەباتی حیزب ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە لە سیاسەت و خەباتدا بەرژەوەندی و هێز قسەی کۆتایی دەکەن. زۆر جار لایەنێک بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی خۆی، دێوەزمە لای دەبێتە فریشتە و پێچەوانەکەشی دەبینرێت. کەواتە دەبێ بەرژەوەندییەکانی گەلەکەمان پێناسە بکەین و بەو پێیە بچینە نێو کایە سیاسی و ململانێ دیپلۆماتیکەکان و پرسی کورد و مافەکانی بۆمان لە سەرەوەی هەموو شتێک بێت.

٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵیش کە ٧٥ـەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرانی ئەم حیزبە تێکۆشەرە و یووبیلی ئەڵماسییە لە هەموو ڕەهەندەکانی خەباتدا سەرکەوتنی گەورە و مێژوویی بۆ خۆی و گەلەکەی و بزووتنەوە ڕەواکەی تۆمار بکا و گەلی کورد شادمان کا و ئەو ئاواتەش تەنیا بە یەکیەتی و یەکڕیزیی هەموو ڕۆڵە خەباتگێڕەکانی کورد و دێموکرات دەستەبەر دەبێ.

 بەرز و بەڕێز بێ یووبیلی ئەڵماسیی حیزبە تێکۆشەرەکەمان

٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی