کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆ شاردنەوەی گەندەڵکارە گەورەکان حوکمی ئێعدامیان بۆ زەنجانی بڕییەوە

15:17 - 17 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: بە تۆمەتی مفسد فی الارض دادگای سەرەتایی، حوکمی لەسێدارەدانی بۆ بابەک زەنجانی و ٢ کەس لە هاوڕێکانی بڕییەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١٦ی ڕەشەممە، وتەبێژی هێزی بەناو دادوەریی ڕێژیم ڕایگەیاند: بە تۆمەتی فساد فی الارض، دروست کردنی بارگرژی لە سیستمی ئابووریی وڵات، کڵاوخستنەسەر کۆمپانیای نەوتی ئێران، ساختەکاری لە بەڵگە بانکییەکان و پارە سپی کردنەوە بە ڕێژەی ١٩٦٧ میلیۆن یۆرۆ و بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە، دادگای سەرەتایی حوکمی ئێعدامی بۆ بابەک زەنجانی بڕیوەتەوە.

بابەک زەنجانی کە بە یەکێک لە کەسانی نیزیک لە حکوومەت و بەتایبەت هاشمیی ڕەفسەنجانی و مەحموود ئەحمەدی‏نژاد و سەعید مۆرتەزەوی دەناسرێ و وەک خۆی لە ڕەوتی کاری دادگادا وتوویەتی لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەحمەدی‏نژاددا، یارمەتیدەری دەوڵەت بۆ دەوردانەوەی تەحریمەکان بووە، لەحاڵێکدا هەڕەشەی مەرگی لەسەرە کە باس لە دەست‏تێدابوونی هەندێک لە گەورەبەرپرسانی حکوومەت لەم گەندەڵکارییانە دەکرێت.

ئەمە یەکەمجار نیە کە لە ٣٧ ساڵی ڕابردوودا، کەسانێک بەم شێوەیە دەگیرێن و پاش بەڕێوەبردنی چەند دادگایەک بە تۆمەتی هاوشێوە لە دار دەدرێن. پێشتریش کەسانێکی وەک شەهرام جەزایری و غوڵامحسەین کەرباسچی بەهۆی گەندەڵیی ماڵی و دارایی، ناویان کەوتە سەر زاران و بەهۆیانەوە چالاکیی گەندەڵکارە سەرەکییەکان پەردەپۆش کران.

پرسی گەندەڵی لە هەموو بیاڤەکاندا و بەتایبەت لە بیاڤی ئابووریدا لایەنێکی جیانەکراوە لە سیستمی کۆماری ئیسلامییە، بە چەشنێک کە کارناسان دەڵین گەندەڵی لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا نەهادینە کراوە.