کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بە کارهێنانی ماددەی هۆشبەر گیان لەدەستدانی هاووڵاتییەکی لە مەهاباد لێکەوتەوە

17:42 - 5 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر هاووڵاتییەک لەلایەن چەند هاوڕێیەکییەوە کوژرا. هەندێ سەرچاوە باس لەوە دەکەن ئەو هاووڵاتییە خۆی بەهۆی بەکارهێنانی لە رادەبەدەر گیانی لە دەست داوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا و بە پشت بەستن بە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری مەهاباد، رێکەوتی ٣ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی، چوار هاووڵاتیی کورد بەهۆی بەکارهێنانی لە رادەبەدەری ماددەی هۆشبەر تووشی تاوانی قەتڵ بوون.

ئەو سەرچاوەیە بە هەواڵنێری \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: \'\'ئەو چوار هاووڵاتییە بە مەبەستی سەیران چوونەتە ناوچەی بەری مەیدانانی پیرانشار و لەو شوێنە بەهۆی بەکارهێنانی لە رادەبەدەری ماددەی هۆشبەر یەکێک لە هاوڕێکانیان سەر بڕیوە\'\'.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ: سێ کەسەکەی دیکە پاش ئەم رووداوە لەلایەن پۆلیسەوە دەسبەسەر کراون.

کوردستان میدیا تەنیا لە دروستیی گواستنەوەی هەواڵی کوژرانی هاووڵاتییەکی خەڵکی مەهاباد خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و چۆنیەتی و شێوازی تاوانەکە لە زاری هاووڵاتییانە دەگێڕیتەوە.

سەرچاوەیەکی دیکە وێڕای پژڕاستکردنەوەی هەواڵی کوژران یان گیان لە دەست دانی ئەو هاووڵاتییە، وتی: لە شار مەهاباددا دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئەو هاووڵاتییە بەهۆی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەری لە جۆری حەبی ئێکستازی گیانی لە دەست داوە\'\'.

نرخی هەرزان و زۆریی ماددەی هۆشبەر، نەبوونی یاسایەکی تۆکمەی پێشگیری لە بەرهەمهێنان و کڕین و فرۆشتن، نەبوونی خزمەتگوزاریی راوێژکاری و چارەسەرکردن، بێبەشبوون لە خزمەتگوزاریی کۆمەڵایەتی و ئابووری، بێکاری، نەخوێندەواری و نەبوونی ئاگاهی لە ئاسەوارە خراپەکانی بەکارهێنان و هەژاری، هۆکارگەلێکن کەلە زیادبوونی رێژەی بەکارهێنارەکانی ماددەی هۆشبەر لە ئێران و کوردستان کاریگەرییان هەیە.