لە کۆتایی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٩٩ وەک دیاریی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکیی، لەلایەن ڕێکخراوەی کولتووری و هونەریی مامۆستا زیرەک، سەدان پەرتووکی کوردی پێشکەشی بنەماڵەکانی چەند ناوچەی شارەکانی بۆکان و سەقز کرا.
لە ماوەی ئەم ١٠ ساڵەی دواییدا، چەندین گوندی کوردستان بە هیممەت و هەڵمەتی بەرپرسانی ڕێکخراوەی کولتووری و هونەریی مامۆستا زیرەک، خاوەن پەرتووکخانەی کوردین.
ئەم جارەش وەک هەڵمەتێکی خۆبەخشانە، لە چەند ناوچەی بۆکان و سەقز، پەرتووکی کوردی، بە دەستی مامۆستایانی زمانی کوردی: "هەژار حەسەنزادە، سوێسنە حەسەنزادە و سکاڵای ژیلەمۆ" پێشکەشی بنەماڵەکان کرا.
بابەتی پەرتووکەکان بەم چەشنە بوونە:
ـ پەرتووکی فێرکاریی کوردی بۆ منداڵانی ٣ تا ٦ی سەرەتایی: ۵٠ دانە
ـ پەرتووکی فێرکاریی کوردیی ئارامی بۆ هەموو تەمەنێک: ١٠٠ دانە
ـ پەرتووکی فێرکاریی کوردیی لاتینی: ١٠٠ دانە
ـ نامیلکەی فێرکاریی کوردی: : ٣٠٠ دانە
ـ پەرتووکی هۆنراوەی منداڵان: ٢٠٠ دانە
ـ ڕۆمانی سەمفۆنیای مردووان: ۵٠ دانە
بەرپرسانی بەڕێوەچوونی ئەو کارە باسیان لە گرینگیی کارکردن لەسەر وەرگێڕانی بەرهەمە بیانییەکان بە زمانی کوردی کردووە کە پێویستە هەر کوردێکی شارەزا و پسپۆڕ بەشێکی ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت.
هەروەها باس لە هەرچی زیاتر پەرەپێدان بە بەرهەمهێنانی بەرهەمە کوردییەکان لەوانە گۆڤار و مانگنامە و کتێبەکان کراوە.