کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتاڵان بردنی ئاسەوارە مێژوویی‌یەکانی مەریوان لەلایەن سپای پاسدارانەوە بەردەوامە

16:37 - 28 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: باندی کڕین و فرۆشی عەتیقە سەربە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران لە مەریوان، ئاسەوارە مێژوویی‌یەکانی ئەو شارەیان تاڵان کرد.


بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەم چەند ساڵەی دواییدا باندی قاچاخی عەتیقە، سەربە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران، دەستییان داوەتە تێکڕووخان و بە تاڵان بردنی ئاسەوارە مێژوویی‌یەکانی کوردستان.
ئەو کردەوەی سپای پاسداران لە شارەکانی مەریوان، پاوە و سەوڵاوا ئەنجام دراوە و لە هاوینی رابردوودا بە توندی رووی لە زیاد بوون کردووە.
لەو پێوەندییەدا ئاسەواری کەونارایی گوندی \'\'دەرزیان\'\' لە چەند مانگی رابردوودا لەلایەن باندێکی قاچاخی عەتیقە، سەربە سپای پاسداران بە تەواوەتی بە تاڵان بردرا.
ماوەیەکی زۆرە ئەو باندەی سپای پاسدارن بە هاوکاریی دەست و پێوەندییەکی رێژیم بەناوی \'\'کەریم ئەمینی\'\' لە ناوچەی هەورامان، سەرقاڵی بە تاڵان بردنی ئاسەوارە مێژوویی‌و کاونارایی‌یەکانی کوردستانن.
لە چەند ساڵی رابردوودا پاش دەسبەسەر کردنی \'\'هیوا تاب\'\'، جینایەتکاری سەربە سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران و \'\'حاجی فەرهاد\'\'، ئەو باندە چوونەتە گوندەکانی ناوچەی هەورامان و سەرقاڵی دەرهێنانی ئاسەوارە کەونارایی‌یەکانی کوردستان بوون و قاچاخییان پێکردوون.
بە وتەی دانیشتوانی گوندی \'\'دەرزیان\'\' سەربە شاری مەریوان، ئەو باندە تەیار بە چەکی گەرم و بە کەڵک وەرگرتن لە ئامێرە پێشکەوتووەکانی دۆزینەوەی عەتیقە مێژوویی‌یەکان، شوێنەکانی \'\'قەڵا، هان ئەلیاس، گۆڕستانی مێژوویی پیر جەلال و ئاسەوارەکانی قەراخ چۆمی کانی دینار\'\'یان بە تاڵان بردووە.
بەپێی راپۆرتەکان، ئیدارەی میراتی فەرهەنگیی رێژیمی ئێران بە رادەست کردنی بەڵگە مێژوویی‌یەکان بەو باندە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بە تاڵان برانی ئاسەوارە کەونارایی‌یەکانی مەریوان و کوردستانە.