کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەتاڵان بردنی ئاسەوارە مێژوویی‌یەکانی ناوچەی مەریوان لەلایەن سپای پاسدارانەوە بەردەوامە

12:39 - 3 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: سپای پاسدارانی رێژیمی ئێران هەموو ئاسەوارە مێژوویی‌یەکانی ناوچەی مەریوانی بە شێوەیەکی سازماندراو بە تاڵان بردووە.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، پاش دۆزرانەوەی ئاسەواری مێژویی \'\'کچە گاور\'\' لە ئەشکەوتێکی چیای سوورێن لە نزیک گوندی \'\'پیرانە کۆن\'\' لەسەر سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، لەلایەن سپای پاسدارانی رێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە هاوکاریی ژمارەیەک دەست و پێوەندیی خۆی لە ناوچەی مەریوان و دەوروبەری دەستی بەسەردا گیرا.
ئاسەواری مێژوویی \'\'کچە گاور\'\' لە شکڵی پەیکەرێکی کۆن و مێژووییدا بووە و لەنێو \'\'سارووج\'\' کە جۆرێک سیمانی کۆنە، دەریانهێناوە و بە کۆپتەر بۆ شاری تاران رایانگواستووە.
پێشتریش لە ساڵەکانی ٩٠ و ٩١ی هەتاوی، قەڵای مێژوویی مەریوان بە بیانووی دروست کردنی زاغەی چەک و تەقەمەنی و ئاوەدان کردنەوەی \'\'مزگەوتی سوور\'\' ــ کە پێشتر ئایرگای زەردەشتییەکان بووە ــ لەلایەن سپای پاسدارانەوە تاڵان کرابوو.
مزگەوتی گەڕەکی \'\'چوارباخ\'\'یش لە شاری مەریوان لە تاڵانکارییەکانی سپای پاسداران نەپارێزرا و سپای پاسدارانی رێژیم بە بیانووی نۆژەنکردنەوەی ئەو مزگەوتە تێکڕای ئاسەوارە کۆن و مێژوویی‌یەکانی بە تاڵان برد.
پێشرتر لەوەش شاری مێژوویی \'\'ئەجندانە\'\' لە بنای چیای شاهۆ و لە نزیک گوندی \'\'ئەسپەرێز\'\' سەربە شارستانی سەوڵاوا، هێزەکانی سپای پاسداران بەبیانووی دروست کردنی رێگاوبان به سەرپەرستیی تیمێکی کرماشانی، ئاسەواری مێژوویی \'\'ئەجندانە\'\' راگواست و بە تاڵانیان برد.