کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەربوونەوە لە بەرزایی گیان لەدەستدانی کرێکارێکی کوردی لێ کەوتەوە/ مەرگی ٧٦ کرێکاری کورد لە ساڵی ٩٢

16:16 - 20 خاکەلێوه 2714

کوردستان میدیا: هاووڵاتییەکی کورد خەڵکی سەڵماس کە بە مەبەستی کرێکاری رووی لە هەرێمی کوردستان کردبوو، بەهۆی رووداوی کارەوە گیانی لە دەست دا.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، کرێکارێکی تەمەن ٣٠ ساڵەی خەڵکی گوندی \'\'سۆرێ\'\'ی سەربە ناوچەی شپیرانی سەڵماس بەناوی \'\'مەیسەم حەمید زادە\'\' کوڕی زوبەید، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی خاکەلێوە، بەهۆی بەربوونەوە لە باڵاخانەیەکی شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان گیانی لە دەست دا.
ئەو هاووڵاتییە کوردە کە بە مەبەستی کرێکاری و بە دەستهێنانی بژیویی ژیان رووی لە هەرێمی کوردستان کردبوو، بەهۆی بەربوونەوە لە بەرزایی بریندار بوو و پاش راگواستن بۆ نەخۆشخانە بەهۆی کاریگەربوونی برینەکەی گیانی لە دەست دا.
لەو پێوەندییەدا لە مانگی رەشەمەی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، کرێکارێکی کوردی تەمەن ٤٢ ساڵەی خەڵکی شارستانی مەریوان لە کاتی کارکردن لە پرۆژەیەکی ئاوەدانیی شاری هەڵەبجە لە هەرێمی کوردستان گیانی لە دەست دا.
لەلایەکی دیکەشەوە هەر لەو مانگەدا کرێکارێکی دیکە خەڵکی کرماشان بەناوی \'\'عەلی غوڵامشاهی\'\' کوڕی رەزا بەهۆی نەخۆشیی دڵ گیانی لە شاری سلێمانی لە دەست دا.
بەپێی ئاماری تۆمارکراو لە کوردستان میدیا، لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ٧٦ کرێکاری کورد بەهۆی رووداوی کارەوە گیانیان لە دەست داوە و ١٨ کرێکاری دیکەش بریندار بوون.