کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسی بونیادی شەهیدی ڕێژیم: ١٢٣ پاسدار لە عێراق و سووریە کوژراون

15:14 - 29 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: بەرپرسی گشتیی دامەزراوەی بونیادی شەهید ڕایگەیاند: هەتاکوو ئێستا لە پارێزگای تاران، ١٢٣ پاسدار لە شەڕی سووریە و عێراقدا کوژراون.

ناسر نەسیری، ڕۆژی سێ‏شەممە ٢٧ی ڕێبەندان، لە وتوێژێکدا لەگەڵ ماڵپەڕی ناوچەی بەهارستان، ئاشکرای کرد کە، ١٢٣ کەسی سەر بە سپای پاسداران، لە شەڕەکانی سووریە و عێراقدا کوژراون.

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە لە درێژەدا گوتی؛ ئەو کوژراوانە بۆ پارێزگاری لە ئیسلام و پێشگرتن لە گەیشتنی شەڕ بۆ ناو گەڕەک و کۆڵانەکانی ئێران، شەڕدەکەن و ئێمەش لە نێوخۆ، ئەرکی خۆمان بەباشی بەڕێوە دەبەین، کە پێش بە گەیشتنی ئەو شەڕە بۆ نێوخۆی ئێران بگرین.

ئەو ١٢٣ پاسدارە کە بەرپرسی دامەزراوی بونیادی شەهید ڕایگەیاند، لەو کەسانەن کە لە عێراق و سووریەدا کوژراون لە چوارچێوەی گرووپگەلێکدا، بە ناوی پاراستنی حەرەم، نێردراون بۆ ئەو دوو وڵاتە.

ئەو گرووپگەڵە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سووریەوە لە لایەن قەرارگای ئیمام حوسێن، سەر بە سپای پاسداران دروست بوون، زۆرترین کوژراوەکانی پارێزەرانی حەرەم، لە شەڕی سووریە و عێراق لە شڕەخۆرەکانی سپای پاسداران و بەسیج بوون.

ئەفغانییەکان و پاکستانییەکانیش کە لە ئێران نێشتەجێن، بۆ پاراستنی حەرەم لە دوو گوردانی فاتمیوون و زەینەبیوون ڕێکخراون.

هەتاکوو ئێستا ئامارێکی فەرمی لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە سەبارەت بە کوژراوەکانی سپای پاسداران بڵاو نەکراوەتەوە، بەڵام ڕۆژانە، لە ڕاگەیاندنە نێوخۆییەکان، هەواڵی کوژرانی ئەندامانی سپای پاسداران بڵاو دەکەنەوە.