کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشێک لە ئەندامانی مەجلیسی ڕێژیم لە پیاوکوژانی دەورانی شەڕی ٨ساڵەن

19:36 - 16 رەشەمه 2715

کوردستان میدیا: نادر قازی‏پوور بەناو نوێنەری خەڵکی ورمێ لە مەجلیسی ڕێژیم، پاش سووکایەتی کردنەکانی بە ژنان و نەتەوەکان، ئەمجارە دانی بە پیاوکوژ بوونی خۆیدا نا.

لە حاڵێکدا کە گەورەبەرپرسانی سەربازیی و سیاسی و ئەمنیەتیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەردەوام باس لە بێ‏تاوان بوونی خۆیان لە جینایەتەکانی شەڕی ٨ ساڵە دەکەن، نادر قازی‏پوور کەسایەتی جێگەی متمانەی وەزارەتی ئیتلاعات و بەرپرسە بناژۆخوازەکانی ڕێژیم، دانی بەوەدا نا کە سەدان بارمتەی بە دەستی خۆی سەربڕیوە.

ناوبراو کە لە کۆبوونەوەیەکدا قسە دەکات، وێڕای سووکایەتی کردن بە توێژی ژنان دەڵێ: مەجلیس شوێنی ڕێوی و جاشەکەر و ژن نیە. لەوانەیە بەشداریی ژنان لە مەجلیسدا ببێتە هۆی ئەوەیکە بەڵایەکیان بە سەردا بێت و حەیامان بچێت! ڕەنگە ئێوە لە ژیانتاندا مریشک یان کەڵەشێرتان سەر نەبڕیبێت، بەڵام من لە شەڕدا سەری لانیکەم ٢٠٠ دیلم بڕیوە!

قازی‏پوور لە ساڵەکانی سەرەتای دەیەی ٦٠دا، لە نووسینگەی ڕێکلام و پڕوپاگەندەی عەلی خامنەیی بووە، بۆ ماوەیەکیش لە وەڵامی خۆشخزمەتییەکانی‏دا، بووە فەرمانداری پیرانشار و سەردەشت. ناوبراو لە ساڵی ٨٢دا وەک فەرماندەی گۆردانی تۆپخانەی تیپی یەکەم، سەرقاڵی کاری سەربازی بوو و لە بەناو هەڵبژاردنەکانی خولی پێشووی مەجلیس و خولی دەیەمدا وەک نوێنەری خەڵکی ورمێ لە سندووقەکانی دەنگ هێنرایە دەرێ.