کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی نوقم بوون لەنێو ئاودا ٦٨ هاووڵاتی لە کوردستانی ئێران گیانیان لە دەست داوە

22:53 - 5 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، ٥٧ پیاو و ١١ ژن لە چوار پارێزگای کوردستانی ئێران، بەهۆی نوقم بوون لە نێو ئاودا گیانیان لە دەست داوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، مەرگی ناسروشتیی هاووڵاتییان لە چوار پارێزگای کوردستانی ئێران بە هۆکارگەلی جۆراوجۆری وەکوو رووداوی هاتوچۆ، گازگرتوویی، خنکان، سووتان و بەرق گرتوویی، ساڵ بە ساڵ لە زیادبوون دایە.

خنکان و نوقم بوون لە نێو ئاودا یەکێک لە هۆکارەکانی مەرگی ناسروشتیی هاووڵاتییانی کورد لە کوردستانی ئێران دایە و کەمتەرخەمیی بەرپرسانی پێوەندیداری رێژیمی ئیسلامیی ئێران دیار و بەرچاوە.

نەبوونی هێمای ئاگادارکەرەوە لە شوێنە مەترسیدارەکان و بەتایبەت بەنداوەکان، نەبوونی لەمپەری تایبەت لە شوێنە قەرەباڵغ و چۆمە قووڵەکان و هەروەها نەبوونی مەلەوان لە گۆم و شوێنە مەترسیدارەکان، لە هۆکارەکانی زیادبوونی ئامارەکانی خنکان لە کوردستانی ئێران دان.

هەروەها لە هەندێ حاڵەتدا هاووڵاتییان بەهۆی نەبوونی مەلەوانگەی تایبەت بە مەلەکردن، بە ناچاری روو لە چۆم و گۆم و بەنداوەکان دەکەن و ئەمەش زیادبوونی ئامارەکانی مەرگی هاووڵاتییانی بەو جۆرە ناسروشتییەی لێ کەوتووەتەوە.

بەپێی ئامارێک لە پزیشکیی یاسایی رێژیمی ئیسلامیی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵێکدا واتە لە ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی، لە پارێزگای ئورمیە ٢٠ کەس، پارێزگای سنە ١٩ کەس، پارێزگای کرماشان ١٨ کەس و لە پارێزگای ئیلام ١١ کەس بەهۆی نوقم بوون خنکاون و لە ئەنجامدا گیانیان لە دەست داوە.

بەپێی ئەم ئامارە بە گشتی ٦٨ هاووڵاتیی بەهۆی نوقم بوون لە هەرچوار پارێزگای کوردستانی ئێران گیانیان لە دەست داوە کە ٥٧ کەسیان پیاو و ١١ کەسی دیکەش لە رەگەزی ژن بوون.

لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاویدا ١٣ هاووڵاتی بەهۆی نوقم بوون لە نێو ئاودا خنکاون، کە زیاترین ئامار لەو مانگەدا تۆمار کراوە.