کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەپێشینەترین تەمبوورژەنی کوردستان کۆچی دوایی کرد

18:25 - 8 پووشپەڕ 2714

کوردستان میدیا: سەید قەدەمیار حوسێنی، مامۆستای بە ئەزموون و ژەنیاری مۆسیقای تەمبوور، بەهۆی پیری و بەساڵاچوویی، ماڵاوایی لە ژیان کرد

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، سەید قەدەمیار حوسێنی ژەنیاری بە پێشینە و تەمبوورژەنی کورد لە تەمەنی ١٢٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەو تەمبوورژەنە کوردە، رۆژی هەینی رێکەوتی ٦ی پووشپەڕی ١٣٩٣ی هەتاوی بەهۆی پیری لە گوندی بێکتەری خواروو زێدی لە دایکبوونی سەربە ناوچەی سەحنە، کۆچی دوایی کرد.

قەدەمیار حوسێنی بە پێشینەترین ژەنیاری مۆسیقای تەمبوور لە تەمەنی ١٠ ساڵیدا، ئامێری تەمبوور لەلای باوکی فێر بوو و دواتر بوو بە شاگردی مامۆستا سەید نەسرەدین خامووشی.

رێوڕەسمی پرسە و سەرخۆشیی ئەو هونەرمەندە ناودارەی کورد، دوانیوەڕۆی رۆژی شەممە لە شاری سەحنە بەڕێوە چوو.