کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەبەری پاراستنی ژینگەی ئورمیە: لە چەند رۆژی داهاتوودا گۆلی ئورمیە بە تەواوەتی وشک دەبێ

21:45 - 22 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ ساڵی رابردوو قووڵایی دەریاچەی ئورمیە نزیک بە ٥٠ سانتی میتری دیکە کەمی کردووە و تەنیا لەسەدا ٥ی ئاوەکانی ئەو دەریاچەیە ماونەتەوە.
هەواڵدەریی مێهر لە زاری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ئورمیەوە بڵاوی کردۆتەوە: لەسەدا ٩٥ی ئاوی گۆلی ئورمیە وشک بووە و هەنووکە بەشێکی کەمی ئەو ئاوە لە دەوروبەری پردی نێوقەدی ئەو دەریاچەیەدا ماوە کە ئەویش لە چەند رۆژی داهاتوودا بە تەواوەتی وشک دەبێ.
بە نزیک بوونەوەی رۆژانی هاوینی و وەرزی گەرما، باران بارین لەم ساڵی هەتاویدا لەهەمبەر ساڵی رابردوو ٥٠ میلیمیتر کەمی کردووە و بە سەرنجدان بە وشکبوونی گۆلی ئورمیە، کارناسان هەواڵی هاتنەئارای قەیرانی ئاو بڵاو دەکەنەوە و لەو پێوەندییەدا هوشدارییان داوە.
جێگری کاروباری ئاوەدانیی پارێزگاری ئورمیە وتوویەتی: لە ئەگەر بەردەوامیی رەوتی کەمیی ئاوی بەنداوەکان و وشکبوونی گۆلی ئورمیە، ئاو لەو پارێزگایەدا جیرەبەندی دەکرێت.
هەرچەندە هەنووکە کەمیی ئاو لە زۆربەی پارێزگای ئورمیە بوونی هەیە و بە تانکر ئاوی خواردنەوەیان دابین دەکرێ.
وشک‌بوونی زونگاو و گۆلەکانی پارێزگای ئورمیە کێشەیەکە کە بەرۆکی خەڵکی ئەو ناوچەیەی گرتۆتەوە و بڵاوبوونەوە و زیادبوونی گەردیلەکان و پیس‌بوونی لە رادەبەدەری هەوا، هەڕەشە لە ژینگە ئەو پارێزگایە و تەنانەت وڵاتانی دراوسێش دەکات.
٣٠ ساڵ پێش ئیستا تەنیا دوو ناوەندی بڵاوبوونەوە گەردیلە لە پارێزگای ئورمیەدا هەبوون، بەڵام هەنووکە لە سێبەری دەسەڵاتی رێژیمی ئیسلامیدا ئەو ناوەندانە بۆ ١٨٧ ناوەندی بڵاوبوونەوە گەردیلە زیادی کردووە.