کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تاوان و تەکلیف

02:10 - 9 بانەمەڕ 2722

سندووس

شەڕی دووهەمی جیهانی لە ئورووپاوە دەستی‌ پێکرد، ئەویش بە هۆی زێدەخوازییەکانی هیتلێر کە گەرەکی بوو ئاڵمان و لە نێو ئاڵمانییەکانیشدا نیژادی ژێرمەن هەستێنێتەوە و بیکاتە ئاغا و کوێخای سەر گۆی زەوی. لەم پێناوەدا دەیان و بگرە سەدان و میلیۆن مرۆڤ کرانە قوربانی و لە کورەکانی مرۆڤ سووتاندن و ئۆردووگاکانی کاری زۆرەملیدا لە ناو چوون. ئەو قەڵاچۆیانە بەدەستی مرۆڤ و کەرەستەگەلێک ئەنجام دەدران کە دەستکردی مرۆڤ بوون. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە مرۆڤ چۆن دەیتوانی تا ئەو ڕادەیە بێڕەحم و بەزەیی بێت و تاوانی لەم شێوەیە ئەنجام بدات؟

وەکوو شاهیدحاڵ و مێژووی زارەکی و بە نووسراوەش دەگێڕنەوە: سەرەتا دیلەکانی لەهێستانیان ڕەوانەی ئۆردووگاکانی کاری زۆرەملی دەکرد و دواتر جوولەکەکانیان بۆ ئەم شوێنانە دەگواستەوە، ژنان و پیاوان لەم ئۆردووگایانەدا کاری تاقەت پڕووکێنیان پێدەکرا و کەمترین خواردەمەنیشیان پێدەدرا. کاتێکیش بەهۆی کاری دژوارەوە نەخۆش و بێ‌توانا دەبوون دەنێردرانە "حەمام" و لەو "حەمامانە"دا، دەبوو گازی سەممی هەڵمژن و لە چەند خولەکێکدا بە بێ ئەوەی تەنانەت فیشەکێکیان بۆ تەرخان بکرێت، دەمردن، دواتر تەرمەکانیان لە ناو کورەکانی لەش‌سووتێندا دەسووتێندران، ئەمە ناوی "خاوێن‌ترین شێوەی لەناوبردن"ی لە سەر داندرابوو!

کێ و چ کەسانێک ئەم سیستمە "خاوێن"ەیان بەڕێوەدەبرد؟ "ئادۆڵف ئایشمەن"، ئەندازیار و بەرپرسی ئەم گەڵاڵە و سیستمە دژە مرۆڤییە بوو!

 

کاتێک لە ساڵی ١٩٤٥ی زایینی هاوپەیمانان گەیشتنە دەروازەکانی "بێرلین" و گەمارۆیان دا، هیتلێر کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، بەڵام لەبیرمان بێت کە هیتلێر بە تەنیا ئەو تاوانانەی رێکنەدەخست، بەڵکوو کۆمەڵێک زانای پیشەیی ئاڵمانی وەکوو "گۆبلێز"، "گورینگ"، "هێملێر" و "ئایشمەن"ی لەگەڵ بوو.

دوای کوتاییهاتنی شەڕ و شکستی نازییەکان، بەشێکیان لە دادگای تاوانەکانی شەڕی "نۆرنبێرگ"، دادگایی کران، بەشێکیشیان بۆ شوێنە دوورەدەستەکانی وەک ئامریکای باشوور هەڵاتن و ساڵانێک بە شێوەی شاراوە لەوێ مانەوە. "ئایشمەن"، یەکێک لەوانە بوو بەڵام چەند ساڵێک دواتر گیرا و هێنایانەوە بۆ "ئورشەلیم"، لێکۆڵەرێکی زۆر کەوتنە خوێندنەوەی پەروەندەی "ئایشمەن". ئەوان کونجکۆڵ بوون تا بزانن دۆخی ڕەوانی مرۆڤێک کە کارڕاپەڕێنەری مەرگی هەزاران مرۆڤی بێ‌تاوان بووە بە چ شێوەیەکە.

یەکێک لە ناسراوترینی ئەو کەسانەی بەدواداچوونی بۆ کەیسی "ئایشمەن" کرد، هانا ئارێنت ( ١٩٧٥ - ١٩٠٦ ) بوو. ئارێنت دوکتورای فەلسەفەی لە ساڵی ١٩٢٩ و لە ژێر چاوەدێری "کاڕڵ یاسپێرس"ی ڕەوانپزیشک و فیلسووفی ئاڵمانی لە زانستگای "هایدلبێرگ" وەرگرت و دوای بە دەسەڵات گەیشتنی نازییەکان بۆ ماوەیەک لە لایەن "گیشتاپۆ"وە گیرا و دوای ماوەیەک ڕایکرد و لە ئامریکا گیرسایەوە. هانا ئارێنت لە کاتی دادگایی کردنی ئایشمەن وتارگەلێکی بۆ بڵاڤۆکەکان نووسی کە دواتر لە کتێبی "ئایشمەن لە ئورشەلیم"دا بڵاوکرانەوە.

ئاکامی لێکۆڵینەوەی خاوەن‌بیرە هەڵکەوتەکانی وەکوو ئارێنت ئەمە بوو:

ئا) ئایشمەن، هیچ جۆرە نەخۆشێکی دەروونی نەبووە، ناوبراو سەبارەت بە جەماوەری لەهێستان و جوولەکەکان هیچ بیرەوەرییەکی تاڵی نەبوو.

ب) ئایشمەن، تەواوی ئەو ساڵانەی لە قوتابخانە و زانستگا بووە تاکێکی یاسامەند، ئەرکناس، نموونە و بەدسیپلین بووە.

پ) ئایشمەن، ڕابردوویەکی شەڕانگێزانە و پڕ لە تووندوتیژی نەبووە و لە لای بنەماڵە و لە لای دۆست و خزمان وەک تاکێکی دلۆڤان، خاوەن هەڵسوکەوتی ئەرێنی و خوێنگەرم ناسرابوو.

ج) ئایشمەن، لە سەر ئەم باوەڕە بووە کە وەک تاکێکی تێکنۆکڕات، ئەرکەکانی ڕاپەڕاندووە و ئەو سیستمەی کاری تێدا کردووە ئەرکی پێ‌سپاردووە و ئەویش بە باشترین شێوە شانی داوەتە بەر ئەرکەکانی.

کەوابوو نابێ لە ناو تاوانە گەورەکاندا بە شوێن کەسایەتی دژەکۆمەڵایەتیدا بگەڕێین. تاوانە گەورەکان، کاتێ ڕوودەدەن کە "تاوان" بکرێتە "ئەرک"، بەرنامە قێزەونەکانی ڕێبەرانی تۆتالیتێری وەکوو هیتلێر، ئیستالین، مائۆ، خومەینی و خامنەیی ئەوەیە کە "تاوان" بۆ ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان دەکەنە "تەکلیف". بۆ وێنە ئەوانە "محارب لەگەڵ خودان"، "مفسدالافی‌الارض"ن، شەڕی نایبی ئیمامی زەمان دەکەن، یان جوولەکەن و وڵات پیس دەکەن و تەواوی کێشە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە بن سەری ئەواندایە و ...

خەڵخاڵی مۆرەیەکی بنپێبۆشی بێ ئیرادە بوو کە تەنیا دەستوور و فەرمانەکانی سەرووتری خۆی کە خومەینی بوو بەڕێوە دەبرد؛ یان حوسێنعەلی نەییەری و ئیبراهیم رەییسی و مستەفا پوورمحەممەدی و مورتزا ئیشڕاقی لە ساڵی ١٣٦٧ی هەتاویدا کە زیندانیانی سیاسی حوکمەکەیان بەرەو کۆتایی و تەواوبوون بوو ئیعدامیان کردن، تەنیا بە ئەمری خومەینی وەک ڕێبەری نیزام ئەم کارەیان کرد.

یان ئەو بەسیج و پاسدارانەی لە ڕاپەڕینی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٨ی هەتاویدا بە هەزاران مرۆڤی ماف پێشێلکراویان لە قامیشەڵانەکانی ماهشەهردا دایە بەر گوللە و شەهیدیان کردن، تەنیا دەستووری سەرووی خۆیان ئەنجام دابوو. لە گشت جینایەتەکانی سەروودا تاوان بۆ کاربەڕێوەبەران کرابووە تەکلیف، ئەوان لەڕاستیدا تەکلیفی خۆیان ئەنجام دابوو و کەسێک بوون وەکوو ئایشمەن و ئەوانی‌تر.

ئەوەی باسکرا بۆ شەهیدانی سەرکردەشمان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی و هاواڵانیشیان وەڕاست دەگەڕێت، چوونکە تێرۆریستان هەر کە لە تاران و لوبنان وەڕێکەوتبوون بە مەبەستی جێبەجێکردنی دەستووراتی ئاغاکانیان هاتبوونە شوێنی دیاریکراو بۆ شەهیدکردنیان و شەهیدکردنی ئەو کەڵەپیاوانەی خەباتی ڕەوای گەلەکەمانیان بۆ کرابوو بە تەکلیف و دەبوو ئەنجامی بدەن! یانی ئەم تاوانە گەورانە بۆ تاقمێک تێرۆریستی بەڕەڵڵا کرابوونە ئەرک و تەکلیف!! بۆیە بە باوەڕی ئێمە تا ئەم سیستمە پاشڤەخواز و بەڕەڵڵایە هەڵنەوەشێتەوە و ئەو کۆنە کتێبانەی جیهانیان پڕ کردووە لە بۆگەنیوێکی تاقەتپڕووکێن، نەخرێنەوە زیندانی حەوزەکانیان، ئەم کۆمەڵگایە ڕووی خۆشی بەخۆیەوە نابینێ. چوونکە سەرچاوەی تەواوی ئەو تاوان و تەکلیفانە هەر ئەم کۆنە کتێبانەن کە بۆ ئەوان بوونەتە سەرچاوەی بڕیارە کۆنەپەرستانەکانیان.