کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کوژرانی فەرماندەیەکی پلەبەرزی سپای پاسداران لە تاران

12:30 - 10 خاکەلێوه 2726

میدیا عەرەبییەکان بڵاویانکردەوە کە "حەسەن حەسەن‌زادە"، یەکێک لە فەرماندە پلەبەرزەکانی سپای پاسداران، ڕۆژی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوە لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی لە تاران کوژراوە.

ئەم هەواڵە کە دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی لە میدیاکانی ناوچەکەدا هەبووە، دواتر لەلایەن تۆڕی هەواڵی "N12"ـەوە پشتڕاستکرایەوە. حەسەن‌زادە فەرماندەیی "سپای محەممەد ڕەسووڵوڵڵا"ی تارانی گەورەی لە ئەستۆ بوو؛ ئەو یەکەیەی کە بەرپرسە لە پاراستنی ئەمنییەتی تاران و بەڕێوەبردنی هێزەکانی بەسیجە لە تاران.

کوژرانی ئەم بەرپرسە پلەبەرزە نیزامییە لە دڵی تاراندا، جارێکی تر دزەکردنی قووڵی ئۆپەراسیۆنیی ئیسرائیل و ئەمریکا لە ناو چینە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێران نیشان دەدات.

بەرپرسانی فەرمیی تاران تا ئێستا کاردانەوەیەکی یەکلاکەرەوەیان نیشان نەداوە، بەڵام شرۆڤەکاران پێیان وایە بە ئامانجگرتنی فەرماندەی سپای تاران، لێدانێکی ستراتیژیکە لە پێکهاتەی بەرگریی ڕێژیم.