لەگەڵ تێپەڕبوونی سی ڕۆژ بەسەر شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، ڕاپۆرتەکان لە ئێرانەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە شەوی یەکشەممە و بەرەبەیانی دووشەممە، ٩ و ١٠ی خاکەلێوە شارەکانی تاران، کەرەج، شیراز، ئیسفەهان، تەورێز و ئەردەبێڵ ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی و تەقینەوەی بەهێز بوونەتەوە.
بەڕێوەبەری قەیرانەکانی پارێزگای تەورێز پشتڕاستی کردەوە کە یەکێک لە یەکەکانی پترۆشیمی ئەو پارێزگایە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە کراوەتە ئامانج، بەڵام ڕایگەیاند کە دۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە.
لە تاران، تەقینەوەی بەهێز ناوچەکانی باکوور، ڕۆژاوا و دەوروبەری فڕۆکەخانەی مێهرئابادی هەژاندووە و سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە چڕی چالاک بووە و وەزارەتی وزە پچڕانی کارەبای لە چەندین ناوچەی تاران و کەرەج پشتڕاست کردەوە.
لە پارێزگاکانی دیکەش، هێرش کراوەتە سەر دەکەلێکی پەیوەندییەکان لە نۆشەهر، لەنگەرگەی بەندەرپۆل لە هورمزگان و ناوەندێکی توێژینەوە لە زانکۆی پیشەسازیی ئیسفەهان.
ئەرتەشی ئیسرائیل بەرەبەیانی دووشەممە ڕایگەیاند کە زیاتر لە ١٤٠ هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ژێرخانە سەربازییەکان، کۆگا و سەکۆکانی هاویشتنی مووشەکی بالستیک ئەنجامداوە.