ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ئێوارەی یەکشەممە ٩ی خاکەلێوە ڕایگەیاند کە دامەزراوەی بەرهەمهێنانی ئاوی قورسی "خەنداب" لە ئێران، بەهۆی بەرکەوتنی زیانی توندەوە چیتر شیاوی بەکارهێنان نییە.
ئەم دامەزراوەیە کە ژێرخانێکی گرنگی پڕۆژەی ئەتۆمی ئێران بوو، بەپێی شیکارییە سەربەخۆکانی وێنە ماهوارەکان، لەکارکەوتنی تەواوەتی پشتڕاستکراوەتەوە.
ئەرتەشی ئیسرائیل لە دەستپێکی پێنجەمین حەفتەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە نێوخۆی ئێران، هێرشێکی بەرفراوانی بە بەشداری زیاتر لە ٥٠ فڕۆکەی شەڕکەر ئەنجامدا.
ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە ئامانجی هێرشەکان بنکە سەربازییەکان و ژێرخانە ئەتۆمی و مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامی بووە، لە نێویاندا دامەزراوەی ئاوی قورسی ئەراک کە ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە بەرهەمهێنانی پلوتۆنیۆم بۆ چەکی ئەتۆمی.
ئاژانس ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێران لە ٧ی خاکەلێوەدا هێرشەکەی سەر خەندابی پشتراست کردووەتەوە، بەڵام جەختی کردەوە کە هیچ ماددەیەکی ئەتۆمی لەو شوێنەدا نەبووە.
هاوکات لەگەڵ ئەراک، دامەزراوەیەکی بەرهەمهێنانی ماددەی تەقەمەنی بۆ پیتاندنی ئۆرانیۆم لە یەزدییش کراوەتە ئامانج. ساڵی ڕابردووش ئەم ڕاکتۆرە لە لایەن ئیسرائیلەوە هێرشی کرابووە سەر، بەڵام ئەمجارە زیانەکان بە هەمیشەیی و کۆتایی هەژمار دەکرێن.