هەواڵدەری فەرمیی کوەیت بڵاویکردەوە، هێزەکانی گاردی میللی ئەو وڵاتە بەیانی ئەمڕۆ سەرکەوتوو بوون لە تێکشکاندن و خستنەخوارەوەی پێنج دڕۆنی هێرشبەر لە ئاسمانی وڵاتەکەیدا.
وەزارەتی کارەبا و ئاوی کوەیت بە دەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند، ئەم هەنگاوە بەرگرییە دوای ئەوە دێت کە دوێنێ ڕێژیمی ئێران هێرشی کردە سەر وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا و دامەزراوەیەکی ئاو؛ هێرشێک کە بووە هۆی کوژرانی کرێکارێکی هیندی لەو ناوەندە گرنگەدا.
هاوکات، هێزە چەکدارەکانی کوەیت لە ڕاپۆرتێکی تەواوکاریدا جەختیان کردەوە کە بەهۆی هێرشە مووشەکی و دڕۆنییەکانی ٢٤ کاتژمێری ڕابردووی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئۆردوگا سەربازییەکان، لانیکەم ١٠ سەربازی ئەو وڵاتە بریندار بوون. هەروەها کۆگایەکی سەر بە کۆمپانیایەکی لۆجستیکی کەرتی تایبەت کراوەتە ئامانج و زیانی ماددی قورسی لێکەوتووەتەوە.