کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترافیک، کێشەیەک کە بەرۆکی خەڵکی شاری سنەی گرتووە

23:58 - 13 گەلاوێژ 2713

کوردستان میدیا: یەکێک لە کێشەکانی شاری سنە، ترافیکی ئەو شارەیە و لایەنە پێوەندیدارەکانی رێژیم هیچ گەڵاڵە و بەرنامەیەکیان بۆ چارەسەریی ئەو کێشەیە نییە.

کێشەی ترافیکی شاری سنە لە کاتێکدا بەرۆکی خەڵکی ئەم شارەی گرتووە، کە لایەنە پێوەندیدارەکان هۆکارەکەی بۆ نەبوونی بەرنامەیەکی پێویست لە لە رابردوودا دەگێڕنەوە.

هەواڵدەریی \'\'فارس\'\' لە زاری \'\'وەلیوڵڵا میرزایی ئەسڵ\'\' فەرمانداری شاری سنە بڵاوی کردووەتەوە، پێشتر هیچ بەرنامەیەکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ترافیکی ئەو شارە نەبووە و ئەو هۆکارەش رێگری لە چارەسەر کردنی کێشەکان دەکات.

شاری سنە لەگەڵ کەمیی پارکینگی گشتی کە خۆی هۆکارێکە بۆ کەم کردنەوەی رێژەی ترافیک، بەرەوڕووە و هەتا ئێستاش هیچ هەنگاوێک لەمەڕ چارەسەریی ئەو کێشەیە نەگیراوەتە بەر.

هەرلەو پێوەندییەدا، پرۆژەیەک لەمەڕ چارەسەر کردنی کێشەی ترافیک و گەشەی ژێرخانی شاری سنە گەڵاڵە کراوە کە هەنووکە پاش چەند مانگ تەواو نەبووە و ناتەواوی پرۆژەکەش بەهۆی کەمیی بوودجە، خۆی هۆکاری سەرەکیی دروست بوونی ترافیک لەو شارە دایە.

پێشتر بەڕێوبەرانی پرۆژەکە بەڵێنیی تەواو کردنی پرۆژەکەیان هەتا کۆتایی ئەمساڵ دابوو، بەڵام بەرپرسان رایانگەیاندووە کە بەهۆی کەمیی بوودجە ئەو پرۆژەیە ئەمساڵ کۆتایی پێ نایەت.