کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

توێژەرانی کورد خەڵاتی فستیڤاڵی داهێنانی ژنێڤیان مسۆگەر کرد

21:06 - 23 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: توێژەرانی داهێنەری کورد لە زانستگای ئازادی مەهاباد، خەڵاتی برۆنزی فستیڤاڵی داهێنانەکانی ژنێڤی سوسیان بە دەست هێنا.

بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، \'\'کامران ئەبووبەکری\'\' ئەندامی هەیئەتی زانستیی زانینگەی ئازادی مەهاباد، \'\'سینا سەلیمی\'\' و \'\'فەرزاد جەلیل‌زادە\'\' لە خوێندکارانی رشتەی ئەندازیاریی زانینگەی ئازادی مەهاباد، لەم خولە لە کێبڕکێ جیهانییەکانی داهێنەران لە ژنێڤ بەشدارییان کرد و لە بواری داهێنانی \'\'پمپ بتن هوشمند\'\' توانییان پلەی سێیەم مسۆگەر بکەن.

داهێنانی ئەم سێ داهێنەرە کوردە، لە نێو ٣٣ داهێنەری جیهاندا بەشی ئاوەدانکردنەوە، پلەی سێیەمیان بە دەست هێنا.

لەم کێبڕکێ‌یانەدا زیاتر لە ٤٠ وڵاتی وەکوو فەڕانسە، ئاڵمان، رۆمانی، رووسیە، کرواسی، مالیزی، مەجارستان، پورتەقاڵ، هوڵەند، ئیسپانیان، کورەی باشوور و یوونان بەشدار بوون.

پێشتریش \'\'ئامانج مەزهەرپوور\'\' خوێندکاری کارناسیی میکانیک لە شاری سنە بە بەشداری لە بەشی تایبەتیی فستیڤاڵی داهێنەرانی ژنێڤ توانیبووی میداڵی زێڕی چل و سێیەمین خوڵی ئەو فستیڤاڵە بە دەست بێنێت.

ناوبراو داهێنەری هەستەوەرێکی ڤیژڤاڵیی پارێزەری کارەبا بوو.