کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێكهەڵچوون لەنێوان هێزە نیزامییەكان و خەڵکی ناوچەی مەهاباد هاتە ئاراوە

17:39 - 21 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: چەند رۆژ لەمەوبەر تێكهەڵچوونێك لەنێوان هێزەكانی رێژیمی ئێران و دانیشتوانی ئاواییەكی ناوچەی مەنگوڕایەتیی سەر بەشاری مەهاباد هاتۆتە ئاراوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی كوردستان میدیا، چەند رۆژ لەمەوبەر ژمارەیەك لەهێزەكانی رێژیمی ئێران بەمەبەستی دەستبەسەر كردنی دانیشتوویەكی ئاوایی گاگەشی خوارێ‌ لە ناوچەی مەنگوڕایەتی چووبوونە ئاواییەکە.

بەوتەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە هێزە چەكدارەكانی رێژیم كاتێك كە چووبوونە ماڵی مام رەحمان و ویستبوویان كوڕەكەی دەستبەسەر بكەن، لەگەڵ دژكردەوەی خەڵكی بەرەوروو ببوونەوە و تێكهەڵچوون هاتبووە ئاراوە.

دانیشتوانی گوندی گاگەشی خوارێ‌ سەرەڕای تەقەی هێزەكانی رێژیم، نەیانهێشتبوو هێزە چەکدارەکان كوڕی مام رەحمان لەگەڵ خۆیان ببەن.

بەوتەی دانیشتوویەكی ئاوایی گاگەشێ‌ خوارێ‌، ئەو هێزانە بە مەبەستی كێشەی زەوی و زار كە پێشتر لەنێوان چەند ماڵێكدا رووی دابوو، ویستبوویان ئەو هاووڵاتییە دەستبەسەر بكەن.