کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ڕۆژێکی تاڵی مێژووییدا

00:25 - 22 بانەمەڕ 2718

هێرۆ جەڵدیانی

تاڵ بەو مانایەی کە زۆر خۆشەویستم لە دەست دا، زۆر خۆشەویستانم لە پێش چاوی خۆم شەهید و بریندار بوون. بەڵام هیچیان بە ئەندازەی لە دەستدانی چەکۆ برینیان قورس نەبوو بۆ خۆم و بنەماڵەکەم، دەتوانم بڵێم کە کەلێنێکی گەورەی بە جێ هێشت بۆ حیزبە خۆشەویستەکەمان و بۆ خەڵکی کوردستان بە تایبەتی لە هەلومەرجێکی وەک ئێستادا. ڕۆژێک ئەو برینانە ساڕێژ دەبن کە بۆنی ئازادی بە سەر نەتەوەکەماندا بکشێت.

باس لە مێژوو دەکەم، نزیکەی چل ساڵ لە پێناوی ژیان و خەباتدا. ژیانێکی قورس لە پێناوی ژیانێکی ئاسودە و بەختەوەر بۆ نەتەوەکەمان، خەبات لە پێناوی ئازادی نەتەوەکەماندا. کاک دوکتور قاسملوو بەو شێوەیە وەسفی چەکۆی دەکرد، شەوێک لەو شەوە پاییزییانە بوو کاک دوکتور قاسملوو ماوەیەک بوو لە فێرگە کاروباری حیزبی ڕادەپەڕاند، کە بە میوانی هاتبوو بۆ ماڵە سادە و ساکارەکەی ئێمە. چەند هاوڕێشی لەگەڵ بوون، لە دەوری یەک کۆببوونەوە و باسی بارودۆخی کوردستان دەکرا، کە هەر کەسێک لەوان بە شێوەیەک باسیان دەکرد. لەو بەینەدا چەکۆ بێدەنگ دانیشتبوو و هیچی نەدەکوت، پرسیان کاک چەکۆ بۆ هیچ ناڵێی، کاک دکتۆر قاسملووش لە وەڵامدا ڕووی لە چەکۆ کرد و فەرمووی "لە ئاوی خوڕ مەترسێ، لە ئاوی مەند بترسێ". بە باوەڕی منیش چەکۆ دەریایەک بوو کە هەمیشە بیری لە داهاتوو دەکردەوە و دەیکوت دەبێ هەمیشە فکری تازەت پێ بێ و لە پێناوی ئەوەشدا هەرچی لە توانایدا بوو درێغی نەدەکرد. 
من بە کورتی باسی هەندێک لە کەسایەتییەکانی چەکۆ دەکەم، هەرچەندە کە کەسایەتی ئەو زۆر لەوە زیاتر هەڵدەگرێ.

ئێمە هەر لە زووەوە ڕێگایەکی پڕ بایەخمان هەڵبژارد، لەگەڵ ئەوەی کە دەمانزانی ڕێگایەکی زۆر دوور و درێژ و دژوار دەبێ بەڵام باوەڕمان پێی بوو، بە خۆشحاڵییەوە ئێستا هەزاران و ملیۆنان نەبەرد و خۆڕاگر هەن کە پێڕەوی ئەو ڕێگایەیان کردووە و لە هیچ شتێک درێغی ناکەن لە پێناو بە دەستهێنانی ئاواتی هەمیشەیی گشت شەهیدان و ئەویندارانی ڕێگای ئازادی گەلەکەمان. زۆر کەسایەتی گەورەمان لەو پێناوەدا لە دەست داوە، بەڵام هیچ شتێک نەیتوانیوە کە ڕەنگی نەبەردی کوردان بگۆڕێ و ئەتۆ یەکێک لەو کەسایەتییە گەورانەی کە ناوت لە مێژوودا تۆمارکراوە و دەمێنێتەوە. دەبێ ئۆستوورەیەک لە تۆ ساز بکرێ تا نەوەکانی داهاتوو بزانن و ئاگادار بن کە ئەو فێرگەیەی ئەوان لێی ئامادە دەکرێن بۆ خەبات، تۆ یەکێک لە دامەزرێنەرانی بووی و لەو شوێنەدا مامۆستایانی گەورەی وەک دوکتور قاسملوو، دوکتور شەرەفکەندی، سەرگورد عەلیار و سەدان مامۆستای تێکۆشەری دیکە توانیویانە پێشمەرگەی بەهێز و خاوەن باوەڕی پتەو پێبگەیەنن. 

ئەتۆ باوەڕێکی پتەوت بەوە هەبوو کە لاوانی گەلەکەت دەبێ پێبگەیەنرێن و ڕێنمایی بکرێن تا گەیشتن بە ئامانجێک کە هیوای هەموو تاکێکی کوردە، زۆر سوور بووی لەسەر ئەوەی کە هەمان ئەو لاوانە دەتوانن بمانگەیەنن بە ئامانجی هەمیشەییمان کە سەرکەوتنی کوردستانە. بەهێزی و پتەوی باوەڕەکەت هێندە گەورە بوو کە گەیشتبوو بە گوێی دوژمن و ئەوانی هێنابووە لەرزە، چونکە پشت ئەستوور و خۆڕاگر بووی و دوژمنانیش ئەو تواناییەی تۆیان بینیبوو، هەمیشە بە دڵەڕاوکێوە دەیانڕوانییە بۆچوونەکانت. 

وتنی ئەو شتانە و باوەڕپێکردنی بۆ من ئاسانترە، چونکە ئێمە ٣٠ ساڵی ژیانمان پێکەوە بەڕێکردووە. لە ژیانتدا هەرچی کە بۆ خۆت هەتبوو بۆ دەوروبەریشت دەتهەویست و ئەو کارە دژوارانەی کە دەتکرد لە دڵەوە بوو، بۆیە ماندووبوونت نەدەزانی و لە دوای چەند سەعات کار کردن هەڵدەستای و بە چایەکی سارد ماندووبوونی خۆت بەدەر دەکرد و دەستت بەکار دەکردەوە. فکرم دەکردەوە کە ئایا ئەو پیاوە ماندوو نابێ؟ بەڵام لە هەمان کاتدا ماندوویەتیم لە چاوانتدا دەبینی کە نەتدەویست نیشانی بدەی، من وادەڵێم چونکە لەو باوەڕەدام بەوجۆرە بیرت دەکردەوە کە ئەگەر ئەتۆ ئەوە نیشان بدەی، تەئسیری نەرێنی لەسەر دەوروبەرت دەبێ. تەنانەت دەتوانم بڵێم کە هەندێک جار ١٦ سەعات لە ڕۆژێکدا کارت دەکرد و شەو و ڕۆژت تەرخان دەکرد بۆ هەر مەئموریەتێک کە پێت دەسپێردرا بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باشی لێوەربگری. خۆشەویستی ژینگە و سروشت بووی و لەهەر شوێنێک کە جێگای حەسانەوەی ئێمە بوو دار و گوڵت دەچاند بۆ ئەوەی کە ژینگەکە بکەیە شوێنێکی خۆش بۆ دەوروبەر، تەنانەت لەگەڵ باڵندەکانیش دۆستایەتیت هەبوو و هەموو دەوروبەریشت هەستیان بەو ڕەفتار و کردارەت دەکرد. هەوڵت دەدا کە دڵی کەس نەشکێنی و هاوڕێیانە لەگەڵیان رەفتار بکەی، گەرم و گوڕیت و خۆش ڕەفتاریت وەهای کردبوو کە هاوڕێ و دۆستێکی زۆرت هەبێ. زۆرجار ئەو هاوڕێیانەت کە باس لەتۆ دەکەن چاویان پڕ دەبێ لە ئاو کە باسی دڵسۆزی و وەفادارییەکانت دەکەن بۆ خەڵک و وڵاتەکەت، دەڵێن ئەوە کاتی ڕۆیشتنت نەبوو، هێشتا پێویستیمان پێتە.

ساڵی ٩٦ ساڵێکی پڕ لە ئاڵوگۆڕی ناوچە بوو کە بریتی بوون لە ڕیفراندۆم، هاتنە سەر شەقامی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵات بە دژی حکومەت، گرتنی کۆنگرەی ١٦ی حیزبی دێموکرات بە سەرکەوتوویی و پێکهاتنی کۆمیتەی هاوکاری حیزبەکانی ڕۆژهەڵات. بەڵام بەداخەوە گرتنەوەی کەرکوک و بوومەلەرزەی کرماشان و گرتنی عەفرین بە دەستی تورکیە زامێکی نوێی خستە سەر هەر چوار پارچەی کوردستان. ٢٢ی گوڵان کە ڕۆژی شەهید بوونی چەکۆیە، ئیالەتی موتەحیدەی ئامریکا بڕیاری دابوو کە لەو ڕۆژەدا مانەوە یا نەمانەوەی خۆی لە بەرجام ڕابگەیەنێ، بەڵام بڕیاری کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام سێ ڕۆژ پێش لە کاتی دیاریکراودا درا. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە پێش کە بۆ بەرجام لە وڵاتانی دەرەوە ئەوەندە گرینگی پێ دەدرێ بەڵام هەر لە لایەکی دیکەوە کە کاک دوکتور قاسملوو باوەڕی بە دێموکراسی هەبوو و پارێزگاری لە حەقی نەتەوەکەی خۆی دەکرد، لەسەر مێزی موزاکرە لەگەڵ هاوڕێکانی شەهید کران و دنیای دەرەوەش لە بەرابەریدا بێدەنگ بوو؟ هەروەک کە دەڵێن خودا لە جێیەکی حەق دانیشتووە، هیوادارم ئەو بڕیارەی ئامریکا وەرچەرخانێک بێ بۆ خەڵکی ئێران و بە تایبەتی کوردانی ڕۆژهەڵات. هیوادارم ئەوە ببێتە هۆی ڕووخانی ئەو حکومەتە دیکتاتۆرە. 

دیسان دوپاتی دەکەمەوە کە چەکۆ دەیکوت "ئەو حکومەتە کۆڵەکەکانی لەرزۆک بوونە" و لەو باوەڕەدا بوو کە دەبێ لە گشت شارو شارۆچکەکانی کوردستاندا سەدان و هەزاران هەڵۆمان هەبێ بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئازادی و دادپەروەری و دەبێ لە گشت چین و توێژێک بۆ شۆڕش کەڵک وەربگیرێ و بۆ یەکگرتوویی نەتەوەکەمان ئەوەی کە لە تواناماندا هەیە درێغی نەکەین تەنانەت لە نەیارانی گەلەکەمانیش کەڵک وەربگیرێ. 

ڕوحی شەهیدانمان شاد بێت و ڕێگایان بەردەوام بێت 

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.