کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تێچووی مانگانەی بنەماڵەیەک لە ئێراندا ٢.٧میلیۆن تمەنە

14:43 - 24 رێبەندان 2715

کوردستان میدیا: نوێترین لێکۆڵینەوەکان لە بارودۆخی تێچووەکانی بنەماڵە، دەری خستووە تێچووی مانگانەی بنەماڵەیەکی ٣٣ کەسی لە ئێران بریتییە لە ٢ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن.

لە بەرەبەری نیزیک بوونەوە لە ساڵی نوێ و هاوکات لەگەڵ داواکاریی کرێکاران بۆ زیادکردنی مووچەکانیان دانیشتنێکی تایبەت لە کۆمیتەی شووڕای بەرزی کار، بە بەشداری نوێنەری کرێکاران، دەوڵەت و خاوەن کارەکان بەڕێوەچوو تاکوو ڕەوشی ژیانی ئەم چینەی کۆمەڵگا بخرێتە بەر لێکۆڵینەوە.

بەپێی دوادەرەنجامی ئەم دانیشتنە، تێچووی هەر بنەماڵەیەکی ئێرانی ٢ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەن لە مانگدایە و تێچووی ٢٣ جۆر ماددەی خۆراکی سەرەکی لە مانگدا بریتییە لە ٦٧٥ هەزار تمەن.

ئەم دەرەنجامانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕۆژنامەی سیاست روز لە ژمارە ٤١٢٠ی خۆیدا ڕاپۆرتێکی لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی ژیانی کرێکاران و چینی کەم داهاتی ئێران بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتبوو بەپێی ئامارەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەکانی مەجلیس هێڵی هەژاری لە ئێران ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەنە، بەڵام لانی زۆری داهات بۆ کرێکاران بریتییە لە ١ میلیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن کە بەم شێوەیە ٥٠% کەمتر لە هێڵی هەژارین؛ ئەمەش وای کردووە کە توانای دابین کردنی بژێوییەکانی ژیان بگاتە کەمترین ئاستی خۆی.

بەپێی هەندێک ئاماری حکومەتی حەشیمەتی کرێکارانی ئێران بریتییە لە ١٣ میلیۆن کەس کە بە لەبەرچاوگرتنی ڕێژەی بنەماڵەکانیان دەتوانین بلێین نیزیک بە ٤٤ میلیۆن کەس واتە ٥٢%ی خەڵکی ئێران بە نانی کرێکاری بژێوی ژیانیان دابین دەکەن.

سەبارەت بە زیادکردنی موچەی کرێکاران کە ئێستا بووەتە بەشێک لە مشت و مڕی نێو کۆڕە کرێکارییەکان، نوێنەری کرێکاران لە شووڕای بەرزی کاری ئێران، فەرامەرز تەوفیقی، بەم ڕۆژنامەی گووتووە ئەگەر تەنانەت مووچەی کرێکارەکانیش زیاد بکرێن هیچ گۆڕانێک بەسەر ئێمەدا نایەت لەبەر ئەوەیکە نرخی هەڵاوسان ١٥%ە و ئەگەر وەها گریمانە بکەین کە تێچووی بنەماڵەیەک لە مانگدا ٣ میلیۆن تمەن بێت، هەڵاوسانی ١٥%ی بەواتای زیادبوونی ٤٥٠ هەزار تمەن بەسەر تێچووە مانگانەکانە؛ کەواتە زیادکردنی ١٥٠ هەزار بە موچەی مانگانەی ئێمە نە تەنیا چارەسەری کێشەکانمان ناکات بەڵکوو گرفتەکانیشمان زیاتر دەکات.