کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەقینەوەیەک زیندانی ناوەندیی ئیلامی هەژاند/ ٣١ کەس بریندار بوون

19:15 - 22 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: تەقینەوەیەک کەلە زیندانی ناوەندیی شاری ئیلام رووی دا برینداربوونی ٣١ کەسی لێکەوتەوە.


سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە رێکەوتی ٢٢ی رەزبەر، بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆک لەبەر درگای چوونە ژوورەوەی زیندانی ناوەندیی ئیلام، لە کاتێکدا کە بەرپرسانی ئەو زیندانە سەرقاڵی ئیعدام کردنی هاووڵاتییەک بوون، ٣١ کەس لە هێزەکانی رێژیم و ئامادەبوان، بریندار بوون.
ئەو هەواڵە لە ماڵپەڕەکانی رێژیمی ئێران بە خێرایی، بەڵام بە شێوەیەکی لێک جیاواز بڵاو بووەوە. هەواڵدەریی ئیسنا لە دوو هەواڵی جیاجیا و بە دوای یەکدا، باسی لە بەکار هێنانی نارنجۆکی کردووە، بە چەشنێک کەلە هەواڵێکدا نووسیویەتی، لەو تەقینەوەیەدا نارنجۆکی ساچمەیی بەکار هاتووە، بەڵام لە هەواڵەکەی دیکە هیچ باسێکی لە نارنجۆکی ساچمەیی نەکردووە و تەنیا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی هاویشتنی نارنجۆکی دەنگی، ٢٨ کەس بریندار بوون.
لەلایەکی دیکەوەی ماڵپەڕی حکوومەتیی \'\'ایلام فردا\'\' هۆکاری ئەو تەقینەوەی بە هاویشتنی نارنجۆکی جەنگی یان ساچمەیی ناو بردووە و هەروەها ژمارەی بریندارەکانی ٣١ کەس راگەیاندووە.
ئەو تەقینەوەیە لە کاتێکدا رووی داوە کە زیندانی ناوەندی ئیلام لە حاڵی جێبەجێ کردنی حوکمی قەساسی زیندانییەکدا بووە و ئەنجامدەرانی ئەو تەقینەوەیە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەتییەکانی رێژیمەوە، خزم و کەس و کاری زیندانییەکە راگەیەنراوە.
ژمارەیەکی دیکە لە هەواڵدەرییە ناوخۆیی‌یەکانی رێژیم، بڵاویان کردووەتەوە کە ٣ کەس لە ئەنجامدەرانی ئەو تەقینەوەیان دەسبەسەر کردووە.
پێشتریش لە ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویدا، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێک کەلە نێو ماشینێک لە جۆری پراید لە تەنیشت دیواری زیندانی ناوەندیی ئیلام جێگیر کرابوو، ٢٢ کەس بریندار بوون و ٨ زیندانش توانییان لە زینداندا هەڵبێن.