کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تەندروستیی کەبوودوەند بەهۆی لێدانی هێزە ئەمنیەتییەکانەوە لە زیندانی ئەوین نالەبارە

18:25 - 2 بانەمەڕ 2714

کوردستان میدیا: ژیانی محەممەد سەدیق کەبوودوەند سەرۆکی بەندکراوی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان، بەهۆی لێدان و هێرشی هێزەکانی رێژیم بۆسەر زیندانییە سیاسییەکان، لە مەترسی دایە.
رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٣ی هەتاوی، محەممەد سەدیق کەبوودوەند بەهۆی لێدان و کوتانی هێزە ئەمنیەتییەکان رێژیم لە بەندی سیاسیی زیندانی ئەوین، سێ پەراسووی لای راست و دوو قامکی شکاون و سەرەڕای خوێن‌ڕێژیی گورچیلەکانی ئەژنۆ و دەستەکانیشی شین هەڵگەڕاون و پشتە سەریشی هەڵماسیوە.
ئەو لێدانانەی هێزەکانی رێژیم بێ‌هۆشیی کەبوودوەندی بە دواوە بووە و پاش وە هۆش هاتنەوە رەوانەی نەخۆشخانە کراوە.
دەوترێ هێزەکانی رێژیم قژی سەری محەممەد سەدیق کەبوودوەندیان پاش گەڕانەوە بۆ نەخۆشخانە تاشیوە و بۆ ژووری تاکەکەسیش رایانگواستووە.
محەممەد سەدیق کەبوودوەند رێکەوتی ١٠ی خاکەلێوەی ١٣٨٦ی هەتاوی دەسبەسەر و بە تۆمەتی \'\'هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە رێگەی دامەزراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان\'\' حوکمی ١٠ ساڵی زیندانی بەسەردا سەپا و هەروەها بە تۆمەتی \'\'پڕوپاگەندە دژی نیزام\'\' لە رێگەی پێوەندی و قسەکردن لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و پیوەندی لەگەڵ کۆفی عەنان سکرتیری پێشووی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و وتووێژ لەگەڵ میدیاکان، یەک ساڵی دیکە زیندانی بۆ بڕایەوە.
حوکمی ١١ ساڵی زیندانی محەممەد سەدیق کەبوودوەند لە لقی ٦٥ دادگای پێداچوونەوە پارێزگای تاران، پژڕاست کرایەوە و هەنووکە لە زیندانی ئەوین ماوەی حوکمەکەی تێپەڕ دەکات.