کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان رووی دا

17:24 - 6 جۆزەردان 2714

کوردستان میدیا: ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی لەنجاوا، تەپەی مووسک، مڕانە وهانە شێخان لەناوچوونی زیاتر لە ١٠ هێکتار لە دارستانەکانی شاری مەریوان لێکەوتەوە.
بەپێی راپۆرتی کوردستان میدیا، رۆژی دووشەممە رێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی، بە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە چەند گوندی دەوروبەری شاری مەریوان، چەندین هێکتار لە دارستانەکانی ئەو شارە لە ناوچوون.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە بەهۆی چەندین حاڵەت ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی لەنجاوا، تەپەی مووسک، مڕانە و هانە شێخان بووە هۆی ئەوە کە زیاتر لە ١٠ هێکتار لە دارستانەکانی کوردستان لە ناو بچێت.

ئەندامانی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان و بە هاریکاری دانیشتوانی ئەو ناوچەیە پاش چەند کاتژمێر توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن.

لەو پێوەندییەدا چەند رۆژ لەوە پێش لە رێکەوتی ١ی جۆزەردانی ١٣٩٣ی هەتاوی بەشێک لە دارستانەکانی نەوسوود و روانسەر لە ئاگردا سووتان.

سەرەتای ئەمساڵیش ٦ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی مەریوان رووی دابوو و بە هەژمارکردنی ئەم حاڵەتانه، ئەمە دەیەمین حاڵەتی ئاگر کەوتنەوەی شاری مەریوانە.

ساڵانە کەس یان کەسانێکی نەناسراو کە دەوترێ لە دەست و پێوەندییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانن، به بیانووگەڵی ئەمنیەتی ئاگر لە دارستانەکانی کوردستان بە تایبەت دارستانی کێوەکانی شاهۆ و کۆسالان بەردەدەن.