کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٤ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە چیاکانی دەوروبەری پاوە رووی دا

14:27 - 28 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: لە چیاکانی\'\'کۆڵە، ویمیر و چیای شەمشی\'\'ی سەربە شارستانی پاوە، ٤ حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە رووی دا.


بەپێی هەواڵی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی هەینی رێکەوتی ٢٦ی رەزبەری ١٣٩٢ی هەتاوی، ئاگر لە چیای \'\'کۆڵە\'\'ی سەربە شارستانی پاوە بەردرا و لە ئەنجامدا زیانێکی زۆری بە ژینگەی ئەو ناوچەیە گەیاند.
پاش ئاگرگرتنی چیای \'\'کۆڵە\'\'، لاوان و هاووڵاتییانی شاری پاوە بە شێوەیەکی خۆڕسک، بە مەبەستی کوژاندنەوەی ئاگرەکە روویان لەو شاخە کرد، کە پاش دوو کاتژمێر ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کرد.
ئێوارەی هەمان رۆژ، ئەو شاخە بۆ جاری دووهەم ئاگری گرتەوە کە هەتا درەنگانی شەو بەردەوام بوو.
هەر لەو رۆژەدا شوێنێک بەناوی \'\'ویمیر\'\' لە بناری چیای \'\'شاهۆ\'\' سەربە شارستانی پاوە، ئاگرکەوتنەوە رووی دا کە بە هەوڵ و زەحمەتی ژمارەیەک شوان و هەوارنشین کۆنترۆڵ کرا.
شایەتحاڵێکی ئەو رووداوە بە ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'ی راگەیاند: ئەو ئاگرکەوتنەوانەی شاری پاوە دەسکردن و لەلایەن کەس، یان کەسانێکی نەناسراوەوە ئەنجام دەدرێن.
رۆژنامەنووسێکی شاری پاوە رایەکی جیاوازتری هەتە و لەو پێوەندییەدا وتی: \'\'ئەو ئاگر کەوتنەوانە بەهۆی زیادبوونی رێژەی تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان دێنە ئاراوە و بەکارهێنەران و تووشبوانی ماددە هۆشبەرەکان بە کەڵک وەرگرتن لە ئاگر، دەبنە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە چیا و لێرەوانەکانی شاری پاوە\'\'.

6767.jpg


ئەو رۆژنامەنووسە کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێ، وتی: سەرەڕای کاریگەریی تووشبوانی ماددە هۆشبەرەکان لە ئاگر کەوتنەوەکاندا، هێزە ئەمنیەتی و نیزامییەکانی رێژیمی ئیسلامیی ئێرانیش بە شێوەیەکی بەرنامداڕێزراو و گەڵاڵەکراو شاخەکانی کوردستان و بەتایبەت شاخەکان هەورامان ئاگر دەدەن و نەک هیچ هەوڵێک بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرکەوتنەوانە نادە، بەڵکوو رێگری لە خەڵکی ناوچەکەش لەمەڕ کۆنترۆڵ کردنیان دەکەن.
بە وتەی ئەو رۆژنامەنووسە، پێشتریش لە رێکەوتی ٢٥ی رەزبەر، هێزەکانی جێگیر لە پاسگای \'\'رلە\'\' هەڵکەوتوو لە بەخشی \'\'نەوسوود\'\'، ئاگریان لە شاخی \'\'شەمشی\'\' بەردا و دواتر کە خەڵکی شاری \'\'نۆدشە\'\' ویستبوویان بە مەبەستی کۆنترۆڵی ئاگرەکە بچنە شوێنەکە، بە بیانووی ئەمنیەتی پێشگیرییان لە خەڵکەکە کردبوو.