کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حدکا: پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستانی باشوور، ئەرکی نەتەوەییە

17:39 - 25 خەرمانان 2717

کوردستان میدیا: دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستانی باشوور ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

نەتەوەی مافویستی کورد!


بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێفراندۆم لە ٢٥ی سێپتامبردا، بڕیارێکی نەتەوەیی و پێداگری لە سەر مافێکی ئینسانی و داوایەکی ڕەوای کوردە کە دەیان ساڵە لە بەشە جیاوازەکانی کوردستاندا خەباتی بۆ دەکا و دەیەوێ خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدا.

هاوکات لەگەڵ دێموکراتیک بوون و نەتەوەیی بوون و ڕەوایی ئەو مافە، شێوازی دەستەبەرکردنەکەشی کە لە ڕێگەی گشتپرسی لە کوردستاندا وەدی دێ، شێوازێکی دێموکراتیک و سەردەمیانە و ئاشتیخوازانەیە کە نیشان لە گەشەکردن و وشیاریی سیاسیی نەتەوەی کورد و خەڵکی کوردستان دەدا کە لە ناوچەیەکی لێوانلێو لە تێرۆر و ڕەشەکوژی و بیری دواکەوتوو و چەقبەستوودا، بیری سەردەمیانە و دێموکراتیکی هەیە و بە مێکانیزمی دێموکراتیک و پێشکەوتوانە دەیەوێ مافەکانی خۆی وەدی بێنێ و ئیرادەی نەتەوەیی و دێموکراتیکی بسەلمێنێ.

ئێمە لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا هەم پێشتریش بە ڕەسمی ڕامانگەیاندووە کە ئەو مافە بە مافێکی ڕەوای کورد لە کوردستانی باشووور دەزانین و هەم بە شێوەی جیددی پشتیوانی لە ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانی باشوور دەکەین. لێرەدا وێڕای دووپاتکردنەوەی ئەو پشتیوانیە، ڕوو لە گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و وەکوو بەشێکی ژێر ستەم بەڵام وشیار و لەسەرهەست وخاوەن بڕیاری کوردستان دەکەین کە:

یەکەم: لەم ڕۆژانەدا تاکوو ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕێفراندۆم بە هەرشێوەیەکی تەبلیغی کە بۆتان دەکرێ پشتیوانیی خۆتان لە ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستانی باشوور دەرببڕن و لە ڕۆژی ئەنجامدانی ڕێفراندۆمیشدا بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و پۆشینی جلوبەرگی کوردی و ئامادەبوون لە شوێنە گشتییەکان بەو جلوبەرگ و ئاڵاوە، نیشان بدەین کە نەتەوەی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستاندا پشتیوان و هاوسۆزی یەکن.

دووهەم: هەموو ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە دەرەوەی وڵات و لە کوردستانی باشوور بە هەرشێوەیەک کە بۆیان دەکرێ لە ئاهەنگ و هاندانەکان بۆ پشتیوانی لە رێفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانی باشووردا حوزووری بەرچاویان هەبێ و بە هەڵگرتنی دروشمی پێوەندیدار یارمەتیدەر بۆ گەشەکردنی پشتیوانییەکان بن.

سێهەم: بە وەرێخستنی کەمپەینی تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا و پڕوپاگەندەی تایبەت بەو بوارە، واژۆی پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی کوردستانی باشوور کۆ بکەنەوە و لەو بوارەشدا دەوری خۆتان بۆ هاندان بگێڕن و یارمەتیدەربن بۆ گەیشتنی نەتەوەی کورد لە بەشێکی نیشتماندا بە مافە رەواکانیان.

سیاسەت و باوەڕی حیزبی دێموکرات لە سەرەتای دامەزارنیەوە و لە بونیاتنانی کۆماری کوردستانەوە تاکوو ئێستا ئەوە بووە و هەیە کە کورد وەکوو یەک نەتەوە دەبینێ کە بە بێ ویستی خۆی خاکەکەی بە سەر چوار وڵاتدا دابەش کراوە و گەشەکردنی خەباتی کورد لە هەر بەشێکدا، بە سەرکەوتن و دەسکەوتی هەموو کورد دەزانێ . خەباتی کورد لە باشوور و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەتوانن و دەبێ پشتیوانی یەک بن بۆ هەرچی زیاتر گەشەکردن و نزیکبوونەوەیان لە ئاواتە نەتەوەیی و دێموکراتیکەکان.

ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی لە کوردستانی باشوور بووژاندنەوەی کۆماری کوردستانە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٥ی خەرمانی ١٣٩٦ی هەتاوی
١٦ی سێپتابری ٢٠١٧ی زایینی