کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حكوومەتی ئەمریكا: ١٠ وڵات لەهێرشی نیزامیی بۆ سەر سووریە یارمەتیدەرمان دەبن

16:04 - 15 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، لەهێرشی نیزامی بۆ سەر سووریە ١٠ وڵات یارمەتیدەرمان دەبن.

جان كری لەناو هێنانی ئەو ١٠ وڵاتە خۆی بواردووە، بەڵام هەواڵدەریی روێتێرز بڵاوی كردۆتەوە، فەرانسە و توركیە لەو وڵاتانن كە یارمەتیدەری ئەمریكا دەبن.

پێشتر پاریس و ئانكارا هەڵوێستی خۆیان لەپێوەندیی سووریە یەكلایی كردبۆوە و رایانگەیاندبوو هەتا لابردنی ئێجگارەكی بەشار ئەسەد، هەوڵ دەدەن.

هەر لەو پێوەندییەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندووە، هێرشی نیزامی ئێمە بۆ سەر سووریە دژ كردەوەی وڵاتی رووسیەی لێ‌ناكەوێتەوە.

هەر دوو وڵاتی رووسیە و رێژیمی ئێران لەدوای هەڵوێستی ئەمریكا بەمەبەستی هێرش بۆ سەر سووریە، دژایەتیان راگەیاندووە.

جان كری ئەوەشی خستۆتە روو، حكوومەتی رووسیە رایگەیاندووە، سووریە لەو ئاستەدا نیە كە ئێمە خۆمانی پێوە سەرقاڵ بكەین.