کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حكوومەتی ئەمریكا: كۆنگرە لەگەڵ گەڵاڵەی رێكاری نیزامی بەدژی سووریە رەزامەندی دەردەبڕێت

15:19 - 10 خەرمانان 2713

كوردستان میدیا: بەرپرسانی كۆشكی سپی لە ئەمریكا رایانگەیاندووە، كۆنگرەی ئەو وڵاتە لەگەڵ هێرشی نیزامی بۆ سەر سووریە دژایەتی ناكات.

دوای ئەوەی كە باراك ئۆباما سەركۆماری ویلایەتە یەكگرتووەكان رایگەیاند، كە دوایین بڕیاری هێرشی نیزامی بۆ سەر سووریە بە دەستی كۆنگرەی ئەمریكایە، لێپرسراوانی كۆشكی سپی لەو باوەڕەدا بوون كە كۆنگرە دژایەتیی ئەو گەڵاڵەیە ناكات.

باراك ئۆباما رۆژی شەممە رێكەوتی 9‌ی خەرمانان رایگەیاند، حكوومەتی ئەمریكا بڕیاری ئەوەی داوە كە هێرشی نیزامی بكاتە سەر رێژیمی سووریە و وتوویەتی چاوەڕوانی بڕیاری كۆنگرەی ئەمریكان.

لە گەڵاڵەی نیزامیی ئەمریكا هیچ كات و زەمەنێك بە مەبەستی هێرش بۆ سەر سووریە دیاری نەكراوە، بەڵام سەركۆماری ئەمریكا و كۆشكی سپی بە تەواوەتی رەزامەندیی خۆیان بۆ ئەو هێرشە دەربڕیوە.

هەر لەو پێوەندییەدا دەیوید كامێرون سەرۆك وەزیری بریتانیا، ویلیام هیگ وەزیری دەروەی بریتانیا و فرانسوا ئۆلاند سەركۆماری فەڕانسە، قسەكانی \'\'باراك ئۆباما\'\'یان تەئید كردووە.

لەلایەكی دیكەوە هەواڵدەریی \'\'رویتێرز\'\' بڵاوی كردۆتەوە، ماوەی دوو رۆژە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا لە نزیك سنووری ئاسمانیی سووریە خەریکی سووڕانەوەن.