کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموكرات و ده‌سه‌ڵات سپێریی DEVOLUTION

17:44 - 8 گەلاوێژ 2720

ئیبراهیم لاجانی

بۆ دابین و دەستەبەرکردنی مافە سیاسی، مەدەنی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا، دامەزراندنی سیستمێکی دێموکراتیک لە ئێراندا مەرجێکی بنەڕەتییە.

چونکە دێموكراتیزەبوونی ئێران، ڕێگا بۆ گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران دەکاتەوە تا چالاکانەتر لە پڕۆسەی سیاسیدا بەشدار بن و تێکۆشن ماف و ئازادییەکانی خۆیان پڕاکتیزە بکەن بەڵام ئەوە بەتەنیا بەس نییە.

 حیزبی دێموكرات وێڕای پێداگرتنەوە لەسەر دێموکراتیزەکردنی ئێران، هەر لە ئێستاوە لەسەر ئەوەش پێدا دەگرێ کە لە قانوونی ئاساسی نوێی ئێراندا، هەموو ئەو ماف و ئازادییانە بە ڕەسمی بناسرێن کە کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بۆ کەمایەتییە میللی و مەزهەبی و فەرهەنگییەکانی پەسندی کردوون.

هەرچەند لە ئێرانی فرەگەلدا، دێموکراسی و دیسانتڕالیزەکردنی دەسەڵاتی مەرکەزی دەبێتە دەستەبەرێک بۆ تێکشکاندنی دیکتاتۆری، بەڵام ئەگەر ئەو ڕاستییە وەبەرچاوبگرین کە زۆرجار دێموکراسی لە کردەوەدا دەبێتە دیکتاتۆری و ئەودەم باشتر ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە دەستەبەرکردنی  مافە میللییەکانی گەلانی ئێران لە دەستوری ئەو وڵاتەدا، دەبێتە گەرەنتییەکی بەهێزتر بۆ پیادەبوونی ئەو مافانە.

لەوەش زیاتر دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان دەسەڵاتەکانی ئیجرائی و قەزایی و قانوونداناندا لەلایەک و پێکهێنانی باڵانس لە نێوانیاندا بەجۆرێک کە سەربەخۆیی یەکتر نەخەنە ژێر هەڕەشە لەلایەکی دیکەوە، مەرجێکی دیکەیە بۆ دەستەبەربوونی مافەکانی گەلانی ژێرچەپۆک بۆ شەریکایەتی عادڵانە لە مافی حاکمیەتدا .

 بەو حیسابە ئەوانە هەموو مەیدانی کاروتێکۆشانی حیزبن لە ئێستا و دواڕۆژدا تا بزووتنەوەی کورد بەهێزتر بێت و لە ئاستی سەرانسەریشدا بتوانێ پتر کاریگەر بێت، باشتر دەتوانێ لەو مەیدانانەدا مانۆڕ بدات.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێی وایە کە ئۆتۆنۆمی و فیدراڵیزمی مەنتیقەیی و دەسەڵات ئەسپێریی سیاسیی، واتە

( Regional auotonomy and political devolution)

دەتوانێ ماف و ئازادییە میللی و ئەساسییەکانی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران و باقی گەلانی دیکەی ئەو وڵاتە، دابین و دەستەبەر بکات.

 ئەزموونی سەدساڵەی ڕابردوو ئەوەی دەرخستووە کە ئەو مۆدێلە لە دەوڵەتداری و حاکمیەتکردن کە ئێستا لە ئێراندا هەیە و لەسەر ئەساسی حاشاکردن لە مافەکانی گەلانی ئێران دامەزراوە، ئیدی نەک هەر بە ئامانجەکانی نەگەییوە و نەیتوانیوە مەوجودیەتی فەرهەنگی و میللی و سیاسی گەلانی پێکهێنەری ئەو وڵاتە بە قازانجی دەستەوتاقمی فەرمانڕەوا لەنێوبەرێ، تەنانەت پێشکەوتنی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیشی بەدواوە نەبووە و ئێستا بۆتە هەڕەشە لەسەر یەکپارچەیی سیاسی ئەو وڵاتەش.

بۆیە دێموکراسی و سیکۆلاریزم، دابەشکردنی حاکمییەتی میللی، دەسەڵات ئەسپێری سیاسی و ئۆتۆنۆمی ناوچەیی لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە وەک ئەڵترناتیو بۆ وەزعی ئێستا کراون بە بەرنامەی کارو خابات و تێکۆشان.  بەرەیەکی دێموکراتیکی سەرانسەری دەتوانێ هەموو گەلانی ئێران بەرەو ئەو ئامانجە سیاسییانە مۆبیلیزە بکا. بێزاریی کۆمەڵانی خەڵک لە کۆماری ئیسلامی و ئەو هەژاریی و مەینەتبەشیەش کە ڕێژیم بە درێژایی دەسەڵاتی جەهەننەمی خۆی بەسەر خەڵکیدا سەپاندووە، فاکتۆرێکی دیکەی عەینییە کە کۆمەک بە چوونە پێشی ئەو سیاسەتە دروستەی حیزبی دێموكرات دەکات. ئەوە کە تێكڕایی خەڵکی کوردستان بەپیر بانگەوازیی حیزبی ئێمە و باقی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانەوە دێن و مانگرتنی سەرتاسەری بەڕێوە دەبەن، نیشانەی ڕاستی و دروستی ئەو سیاسەتەیە کە بزووتنەوەی کورد لە کوردستانی ئێراندا گرتویەتیە پێش.

لەبەر ئەوەی تا ئێستا دێموكراسی لە ئێراندا نەبووە و تاقی نەکراوەتەوە، هیچ بەڵگەیەکی مەحکەمەپەسندمان نییە کە نیشان بدات گەلی کورد نەتوانێ لە چوارچێوەی ئێرانێکی دێموكراتیدا، کە مافەکانی لە قانوونی ئەساسی ئەو وڵاتەدا دەستەبەرکرابن، شان بەشانی گەلانی دیکەی نیشتەجێی ئێران لە ئاشتی و ئەمنیەت و ئاسایشدا بژی.

هێنانە گۆڕی داخوازی جیابوونەوە تەنیا کاتێک ڕەوایە و بە گوێرەی عورف و یاسای نێونەتەوەیی دەکرێ بەرگری لێبکرێ، کە بەڵگە و سەنەدی ئەوەمان بەدەستەوە بێت کە ئێمە بەهۆی ئەو ئەزموونە تاڵەی لە مێژوودا لەگەڵ گەلانی دیکەی نیشتەجێی ئێران هەمانە، ئیدی پێکەوەبوونمان مەحاڵە و ناتوانین لە ئاشتی و ئارامیدا پێکەوە هەڵکەین. ڕاستە ئەزموونی تاڵمان لە دەوڵەتی ناوندیی هەیە و بێوچان لەژێر سەرکوت و زەبروزەنگدا بووین بەڵام هیچ دەلیلێک نییە کە ئەگەر ئەو سەرکوت و زەبروزەنگە نەمێنێ و دێموکراسی دابین بکرێ، ئێمەی کورد نەتوانین پێکەوە بە ئاشتی و تەبایی لەگەڵ گەلانی دیکەی ئێران بژین.

  دیارە ئەگەر ڕۆژێک کوردستانی ئێران لە ئاکامی ئاڵوگۆڕە سیاسییەکانی ناوچە و قوڵبوونەوەی دێموکراسی لە ناوچەکەدا لە داهاتوودا، ئەو شانسەی بۆ هەڵکەوێت لە چوارچێوەی کوردستانێکی یەکگرتووی گەورەدا لەگەڵ بەشەکانی دیکەی کوردستان یەکبگرێتەوە، ئەوە ئەودەم بە جیابوونەوە بە حیساب نایەت و لەڕاستیدا وەک وەسەریەک کەوتنەوەی نیشتمانی پارچەپارچەکراوی کوردان لەقەڵەم دەدرێ.

دەبێت بگوترێ کە مافی دیاریکردنی چارەنوس مانا و لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ دەکرێت بەڵام هیچ کات بەتەنیا بەمانای جیابوونەوە نایەت. لەگەڵ ئەوەشدا هەموو پەیماننامە نێونەتەوەییەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە نەتەوە و کەمایەتییە بێ دەوڵەتەکان مافی دیاریکردنی چارەنوسی خۆیان لە نێوخۆی ئەو وڵاتانەدا هەیە کە ئەوان لەنێویدا دەژین. لە عورف و حقوقی نێونەتەوەییدا زۆرتر باس لە جیابوونەوە وەک دواچارە و ئاخرین ڕێگاچارە دەکرێ؛ واتە وەک ڕێگایەک بۆ دیفاع و بەرگری لە مان و مەوجودیەتی فیزیکی و فەرهەنگی و نەتەوەیی. (self-defense).

 بۆیە ئەو ڕێگایە تەنیا کاتێک بەجێ و ڕەوایە کە بۆ خۆپاراستن لە بەرانبەر توندوتیژیی دەوڵەتی و ژینۆسایددا هەڵبژێردرێ. دەبێ بگوترێ کە هەزینە و تێچووەکەشی زۆرە و ڕێگاکەی بە نێو دەریای خوێن و فرمێسکی خەڵکدا تێدەپەڕێ.

دەلیلێکی دیکەشمان هەیە بۆ لایەنگریی چارەسەری کێشەی کورد لە چوارچێوەی ئێراندا. هەموو هەوڵی ئێمە تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی کوردستان ئەوەیە میللەتەکەمان بەو ماف و ئازادییانە بگات کە لە کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکاندا بۆ هەموو ئینسانەکان بە ڕەسمی ناسراون. ئەگەر هەموو پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ لە دەستوری ئێراندا دەستەبەر بکرێن و لەهەمان کاتدا لە قانوونی ناوچە فیدڕاڵی و ئۆتۆنۆمییەکانیشدا دەستەبەر بکرێن، بێگومان ئەوە گەرەنتییەکی زیاتر درووست دەبێت بۆ پیادەبوونی ئەو ماف و ئازادییانە. ئەوەش بەقازانجی خەڵکی کوردستان بەگشتی و بەتایبەتی چین و توێژە زەحمەتکێشەکانە. حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە بەرنامەی خۆیدا دەڵێ: هەموو پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی پێوەندیدار بە مافی مرۆڤ لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی حکومەتی فیدڕاڵ یا خودموختاری کوردستاندا دابین دەکرێن.

بۆیە دەستەبەرکردنی مافە میللی و فەرهەنگی و سیاسی و مەدەنییەکانی  کەمایەتییە نەتەوەییەکان لە قانوونی ئەساسی نوێی ئێراندا، واتە لە دەستووردا، ئەو ئیمکانە پێک دێنێ کە گەلی کورد تەزمینێکی دیکەشی هەبێت کە باشتر دەستی بە مافەکانی خۆی ڕابگا. هەروەها بەشداری کورد لە دامەزراوە سیاسی و قەزایی و قانوونییەکانی ناوەنددا، دەرفەتی ئەوە پێک دێنێ کە لە ئاستی دەوڵەتی مەرکەزی و حکومەتی فیدڕاڵیشدا، گەلی کورد بتوانێ بە قازانجی خۆی شوێن لەسەر بڕیارەکان و پڕۆسەی سیاسەتگوزاری کەڵان دانێ.

یەک مەسەلەی دیکەش زۆر گرنگە ئەویش لەگۆڕێدابوونی کۆمەڵگایەکی مەدەنی چالاک و کاریگەرە. بەبێ هەبوونی جامعەیەکی مەدەنی ئازا و بوێر وچالاک هەمیشە مەترسی ئەوە هەیە کە دەسەڵات و بازاڕ و هەیئەتی سیاسی، بێ گوێدانە ماف و ئازادییەکانی خەڵک ئەسپی خۆیان لینگدەن.

 حیزبی دێموكرات بۆ بردنە پێشی ئەو سیاسەتە پێی وایە کار لە مەیدانێکی دیکەشدا پێویستە  واتە کارکردن لەسەر ناوەندەکانی بڕیار لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا کە فشار بخەنە سەر دەوڵەتەکانی ناوچە تا لە پێوەندیی لەگەڵ چارەسەری کێشەی نەتەوەکان و کەمایەتییەکاندا لە چوارچێوەی دەوڵەتەکاندا، نەرمتر بجوڵێنەوە و هەنگاوی کارا هەڵگرن. لە غەیری ئەوەدا ئەو ناوچەیە ئەمنیەت و ئاسایش و پەرەسەندن و هەڵدانی ئابووری بەخۆوە نابینێ. لەو پێوەندییەشدا دیپلۆماسی کورد پێویستە کارا و جیددی و یەکدەنگ بێت. نەبوونی گەروویەکی هاوبەش و زمانێکی کاریگەری دیپلۆماسی کە قازانج و بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد و کەمایەتییەکانی دیکەی ناوچەکە بەرێتە پێشێ، زیان  بە مەسەلەکە دەگەیەنێ و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی توشی سەرلێشێواوی دەکات. پێکهێنانی هەندێک دامەزراوەی ناوچەیی کە بتوانن مافی کەمایەتییەکان  و گەلانی بندەست لە ناوچەکەدا و لە ئاستی دەوڵەتەکاندا بەرنە پێشێ، دەتوانێ بە هەنگاوێکی کاریگەر لەو ڕێگایەدا بە حیساب بێت. هەر بۆیە ئەو مەسەلەیە جێگای تایبەتی لە کار و تیکۆشانی ئێستا و داهاتووی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێراندا هەیە.