کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆماری ئیسلامی "سێدارە" وەک ئامرازێکی سیاسی بۆ ترساندنی خەڵک بەکار دەبا

11:47 - 12 بانەمەڕ 2726

لە کاتێکدا کە کۆماری ئیسلامی لەژێر گوشاری سەربازیی دەرەکیدایە، دەزگای بەناو دادوەریی ئەم ڕێژیمە سزای لەسێدارەدانی "ناسر بەکرزادە"ی بە شێوەیەکی گوماناوی، نهێنی  و بەپەلە جێبەجێ کرد کە نیشانەی بەکارهێنانی "سێدارە" وەک ئامرازی سیاسی بۆ ترساندنی خەڵکی نێوخۆیە.

ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری دۆسییەی ناسر بەکرزادە ڕایگەیاند ئەم حوکمە لە کاتێکدا جێبەجێ کراوە کە دیوانی باڵا پێشتر دوو جار بەهۆی کەموکوڕی و ناڕوونیی دۆسییەکە حوکمەکەی هەڵوەشاندبووەوە.

جێبەجێکردنی ئەم سزایە لە کاتێکدا کە پارێزەرەی ئەو بەندکراوە کوردە خەریکی تۆمارکردنی داواکاریی یاسایی بۆ ڕاگرتنی حوکمەکە بوو، پەردە لەسەر نادادپەروەریی سیستماتیک لە ئێران لادەبات کە تێیدا تەنانەت ڕێکارە یاساییەکانی نێوخۆی ڕێژیمیش ڕەچاو ناکرێن.

دەزگای بەناو دادوەری ڕێژیم بە هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی فەرمانی ڕاگرتنی حوکمەکە و سنووردارکردنی دەستڕاگەیشتنی پارێزەران بە دۆسییەکە، سەلماندی کە لە کەشی شەڕدا "یاسا" بوونی نییە و "تۆڵەسەندنەوەی ئەمنییەتی" جێگەی دادپەروەریی گرتووەتەوە.

ئەم هەنگاوە نیشان دەدات کە تاران بۆ داپۆشینی شکستە سیاسی و سەربازییەکانی، پەنا بۆ کوشتنی خێرای بەندکراوانی سیاسی دەبات کە پێشتر لەژێر ئەشکەنجەدا دانپێدانانی زۆرەملێیان لێ وەرگیراوە.