بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری، یەکیەتیی ئورووپا لە بەیاننامەیەکدا لەسەر زیادبوونی گوشارەکان بۆ سەر میدیاکاران هۆشداریی دا و بە توندی سەرکوت و توندوتیژییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی دژی ڕۆژنامەنووسان مەحکووم کرد.
لەم بەیاننامەیەدا کە لەلایەن "کایا کالاس"ەوە بڵاو کراوەتەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەڕەشە فیزیکی و ئانلاینەکان و بەکارهێنانی دۆسییەی دادوەری بۆ بێدەنگکردنی دەنگە ڕەخنەگرەکان، بووەتە هۆی پەرەسەندنی "خۆسانسۆری" لەنێو چالاکانی میدیاییدا.
یەکیەتیی ئورووپا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕێژیمە دیکتاتۆرەکانی وەک ئێران، نەک تەنیا تەندروستیی ڕۆژنامەنووسان دەخەنە مەترسییەوە، بەڵکوو مافی دەستڕاگەیشتنی هاووڵاتییان بە زانیارییە سەربەخۆکانیش سنووردار دەکەن.
هەروەها هۆشداری دراوە کە تێکدانی تۆڕی ڕۆژنامەنووسە بیانییەکان و جێگرتنەوەیان بە دەزگای پڕوپاگەندەی حکوومەتی، دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی هەواڵی چەواشەکارانە.
ئەم هەڵوێستەی ئورووپا لە کاتێکدایە کە ناوەندە مافی مرۆییەکان بەردەوام باس لە خراپیی دۆخی ئازادیی ڕادەربڕین و دەستبەسەرکردنی میدیاکاران لە ئێران دەکەن.