ئەمریکا لە نوێترین هەنگاویدا بۆ توندکردنەوەی گەمارۆکانی سەر کۆماری ئیسلامی، هۆشداریی دایە هەموو شیرەکەتەکانی کەشتیڕانی کە لە ئەگەری پێدانی هەر جۆرە باجێک بە ئێران بۆ تێپەڕبوون لە گەرووی هۆرمۆز، ڕووبەڕووی سزای نێودەوڵەتی دەبنەوە.
نووسینگەی کۆنترۆڵی داراییە بیانییەکانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە تاران خەریکی وەرگرتنی باجە لەو کەشتییانەی لە ڕێڕەوە ئاوییەکانی نزیک کەناراوەکانی ئێران تێدەپەڕن، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە دارایییانەی بەهۆی گەمارۆ دەریایییەکانی ئەمریکاوە بەری کەوتووە.
ئەونووسینگەیە ڕایگەیاندووە کە داواکارییەکانی ئێران بۆ وەرگرتنی پارە تەنیا گواستنەوەی نەختینەیی ناگرێتەوە، بەڵکوو "دارایییە دیجیتاڵییەکان، مامەڵە قەرەبووکەرەوەکان، ئاڵوگۆڕە نافەرمییەکان یان هەر جۆرە پارەدانێکی تری نانەختینەیی" دەگرێتەوە، لەوانە هاوکاری خێرخوازی و ئەو پارانەی کە لە باڵوێزخانەکانی ئێراندا دەدرێن.
ئەم بڕیارەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، نوێترین پێشنیاری ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێستا ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند کە سەرکردایەتیی تاران لە بارودۆخێکی زۆر شێواو و پەرشوبڵاودایە.
لە لایەکی تریشەوە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەرتەشی ئەمریکا (سێنتکام) ڕایگەیاندووە لە دەستپێکی گەمارۆ دەریایییەکانی ئەمریکا لە ٢٤ی خاکەلێوەوە، ڕێگرییان لە ٤٥ کەشتیی بازرگانی کردووە کە ویستوویانە بچنە ناو بەندەرەکانی ئێران یان نەوتی ئەو وڵاتە بگوازنەوە.