دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە کۆبوونەوە تایبەتەکانیدا باسی لە ئەگەری درێژکردنەوەی گەمارۆ دەریایییەکانی باشووری ئێران بۆ چەند مانگی داهاتوو کردووە، تاکوو هەناردەی نەوتی کۆماری ئیسلامی زیاتر سنووردار بکات و تاران ناچاری ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی نوێ بکات.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ئەم گەمارۆیانە تا ئێستا بوونەتە هۆی ئەوەی تاران لە ٤.٨ میلیارد دۆلار داهاتی نەوت بێبەش بێت، ئەمەش گوشارێکی کەموێنەی خستووەتە سەر ڕێژیم کە ئێستا لە هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەی جێگرەوەدایە بۆ گواستنەوەی سووتەمەنی.
هاوکات لەگەڵ ئەم گوشارانە، هەواڵدەریی "بلۆمبێرگ" ئاماژەی بە جووڵەی نەوتهەڵگرێکی گەورەی هیندی لە گەرووی هۆرمۆز کردووە، کە وەک یەکەم تاقیکردنەوەی تێپەڕبوون لە دوای دەستپێکی گەمارۆکان دەبینرێت.
وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکاش هۆشداریی داوە کە هەر کۆمپانیایەک بۆ تێپەڕبوون لە گەرووەکە پارە بە ڕێژیمی ئێران بدات، ڕووبەڕووی سزای قورس دەبێتەوە.
دۆناڵد ترامپ لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاندووە کە ئێستا ڕێژیمی ئێران لە بارودۆخێکی شێواودایە و تووشی قەیرانی سەرکردایەتی بووە، بەڵام جەختی کردووەتەوە کە بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن تاران دەستی بە چەکی ئەتۆمی ڕابگات.