کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات و شوێنی دین لە کۆمەڵدا

11:45 - 21 گەلاوێژ 2720

ئیبراهیم لاجانی

شوێن و ڕۆڵی دین لە کۆمەڵگادا، بەدرێژایی مێژوو هەمیشە مەسەلەیەکی گرنگ و جێگای باس بووە.

هەر لەو دەمەوە کە مرۆڤ لە سێزدەهەزارساڵ لەمەوبەرەوە دوای ئەوەیکە فێری ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بوو واتە توانی دێ و پاشانیش کاتێک پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەر توانی شار دروست بکا، بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ئینسانییەکان هەمیشە لە دەستی کەسانێکدا بووە کە دەسەڵاتیان هەبووە زۆری لە خەڵکەکە بکەن، یا لەوەش گرنگتر توانای ئەوەیان هەبووە بەسەر بیرو زەینی خەڵکدا زاڵ بن.

پاشان دەرکەوت کە دەسەڵات چونکە دەتوانرێ دەستاودەست بکرێ بە تەنیا بۆ بردنە پێشی ئەومەبەستە بەس نییە. ئەوەی دواتر بە ناوی بڕوا و دین ناسرا لەو بارەوە بایەخی زۆرتری پەیدا کرد و باشتر توانی ئەو ئەرکە بەڕێوە بەرێ. هەر بۆیە دەتوانین بڵێین کە لە پێنج هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە نۆڕمی دەسەڵاتداری لە هەموو کۆمەڵگا ئینسانییەکاندا بریتی بووە لەوەیکە شا کە دەسەڵاتدار بووە لە هەمان کاتدا ڕێبەری ئایینیش بووە؛ واتە دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی هەر یەک بوون.

دواتر لە پڕۆسەیەکی درێژخایەندا بەرەبەرە ئەوە کە دەسەڵاتی سیاسی و ئایینی هەر یەک بن بەرەو بنبەست و کۆتایی خۆی ڕۆیشت و ئەو تێئۆرییە هاتەکایەوە کە ئەو دوو دەسەڵاتە هاوزێی یەکتر بن.

کاتێک ئاریاییەکان لە سێ هەزارساڵ لەمەوبەرەوە لە باشووری ڕووسیە و ئوکڕاین کۆچیان کردە ئەو ناوچانەی کە ئێستا پێی دەوترێ فەلاتی ئێران، ئێمەی کورد سێ چوارهەزار ساڵ پێش لەوان لەوێ بووین و ئەوانمان لە نێو شارستانیەتی خۆماندا وەرگرتن. دواتر کە ئیمپڕاتۆڕی ماد و هەخامەنشی درووست بوو، ئەو دەسەڵاتە گەورە نەیدەتوانی لە فۆڕمی شا و کاهیندا درێژە بکێشێ. چونکە لەو ناوچە پان و بەرینەدا گەلێک مەزهەب و ئایینی جۆراوجۆر هەبوون و پاشاکان نەیاندەتوانی لە یەک کاتدا هەم پاشا و هەم ڕێبەری ئایینی ئەو هەموو دین و مەزهەبە جۆراوجۆرانەی خەڵکی ئەو ناوچانە بن کە لەژێر دەسەڵاتیاندا بوون. ئیتر دەسەڵاتداریەتیی یەکتای ئاسمانی و زەمینی بەرەبەرە بە ناچاری گۆڕدرا بۆ دەسەڵاتداریەتی دوانەیی ئایینی و حکومەتی بەڵام هاوتەراز و هاوبایەخ. بەو جۆرە بیرۆکەی جیایی دین لە دەوڵەت لە مێژوودا چەکەرەی کرد. لە ئیمپڕاتۆڕی ڕۆمیشدا کاتێک پێتەختی دەوڵەت لە ڕۆمەوە بۆ کۆنستانتینویل گوازرایەوە و پاپ لە ڕۆم مایەوە بەرەبەرە کلیسا لە دەوڵەت جیا بوویەوە بەڵام دواتر هەردووکیان لە دەسەڵاتی کلیسادا دیسان یەکیان گرتەوە.

هەزاروچوارسەدساڵ لەمەوبەر ئیسلام هات و یەکیەتیی دین و دەوڵەتی لە پێغەمبەردا کۆکردنەوە. دواتریش تا کاتێک چوار خەلیفەی ڕاشدین دەسەڵاتدار بوون، دەسەڵاتی سیاسیی و ئایینی لە یەک جێگادا بوون و لە ڕاستیدا هەریەک بوون بەڵام کاتێک پاشایەتییە سەربەخۆکان لە ناوچەدا سەریان هەڵدا و بە تایبەتی دوای ڕووخانی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی و کەڵکوەرگرتنی دەوڵەتە ئیسلامییەکان لە قانوونە غەیرە شەرعییەکان، لە کردەوەدا دین و دەوڵەت تەنانەت لە وڵاتە ئیسلامییەکانیشدا لێک جیابوونەوە؛ واتە تەنانەت تێئوریزیەنە موسوڵمانەکانیش جیایی دین و دەوڵەتیان لە نەزەریەپەردازی ئیسلامدا تێئۆریزە کرد. ئەو نەزەریە تا چەرخی بیستەم و سەرهەڵدانی بزووتنەوەکانی سەلەفی و ئیخوانولموسلمین و وەهابیەت و دواتر سەرهەڵدانی ڕادیکالیزمی ئیسلامی کە هەرکامەیان بە جۆرێک بانگەشەی گێڕانەوە و زیندووکردنەوەی حکومەتی پێغەمبەر لە سەدری ئیسلامدا دەکەن، لە دەوڵەتە ئیسلامییەکاندا کاری پێدەکرا.

لە ئورووپاشدا دەزانین کە ئەوە کلیسای کاتۆلیک بوو کە سەرەنجام توانی جێگای ئیمپڕاتۆڕی ڕۆم بگرێتەوە. ئەو کلیسایە تا سەدەی نۆهەم بە کەڵکوەرگرتن لە لەت لەت بوونی ئیمپڕاتۆڕی فرانکەکان و شەڕوململانێ میللی و مەزهەبییەکان توانی بۆ ماوەی شەشسەد ساڵ دەسەڵاتی خۆی ڕابگرێ بەڵام دواتر شەڕە ئایینی و مەزهەبییەکان و بزووتنەوە ڕێفۆڕمخوازەکان و ڕێنسانس بوونە هۆی درووستبوونی دەوڵەتە مۆدێڕنەکان. ئەوەش کۆتایی بە دەستتێوەردانی دین لە کاروباری دەوڵەتدا هێنا.

ئەو کورتە مێژووە بۆمان دەردەخا کە فاکتۆر و هۆکارە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان لە سەر ڕەفتارو هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان و کۆمەڵگا ئینسانییەکان، شوێنەواری کاریگەر و بڕیاردەریان هەیە و زەمینەی جیایی دین لە دەوڵەت پێکدێنن واتە مێژوو ئەوەمان فێردەکا کە گۆڕانکارییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان زەمینەی سێکۆلاریزم پێک دێنن بۆیە سێکۆلاریزم یەکێک لە مەرجەکانی کۆمەڵگایەکی دێموکرات و مۆدێڕنە.

ئەوە ئیدی ئەمڕۆ بۆتە قانوونێکی دونیاپەسەند و بە پڕەنسیپێکی سەرەکی دەوڵەتداری و بەرێوەبەری لە دونیادا دەزانرێ. ئەگەر لێرەولەوێ لە هەندێ گۆشەوکەناری دونیادا، وەک کۆماری ئیسلامی، ئەوەمان بەرچاو دەکەوێ کە دەسەڵاتی دینی و سیاسی هێشتاش هەر یەکدەستن و دین و دەوڵەت تێکەڵاون بە کەچڕەوی و لادان لە قاعیدە بە حیساب دێ و هیچ داهاتوویەکی نییە و تەنیا وەک ئەزمونێکی تاڵ دەژمێردرێ و زۆر ناکێشێ کۆمەڵگای ئەو وڵاتانە لەگەڵ ڕەوتی دونیای هاوچەرخ دەکەوێتەوە.

دێموکراسییەکانی هاوچەرخ لە ڕۆژئاوادا و لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی دیکەی دونیادا، وەک مۆدێلێکی سەرکەوتووی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگا ئینسانییەکان، مۆدێلێکی سەرکەوتوویان وەک سەرمەشق بە هەموو مرۆڤایەتی بەدەستەوە داوە. ئێمەش وەک حیزبێکی دێموکرات و میللی کە دەمانهەوێ میللەتەکەمان بکەینە خاوەنی دەوڵەتێکی مۆدێڕن و هاوچەرخ و ئازاد و ڕزگار، چ لە بەرنامەی سیاسی و چ لە کردەوەدا لە سەرمەشقەکانی دێموکراسی ئیلهام وەردەگرین. وەک حیزبێکی دێموکرات و وەک ئەوە کە دەمانهەوێ بەتەنیا یا لەگەڵ هێزەسیاسییەکانی دیکەی کوردستاندا دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا بەدەستەوە بگرین، دەبێت هەر لە ئێستاوە پابەندبوونی خۆمان بە عورفیگەرایی و تێگەیشتنی خۆمان بۆ خۆمان و بۆ هەموو لایەک لەو چەمکە نیشان بدەین.

ڕاستە کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی موسوڵمانە بەڵام زەمینەی جیایی دین لە دەوڵەت و حکومەت لە کوردستاندا ئامادەیە. ئەزموونی نەک هەر شکستخواردوو بەڵکوو کارەساتخوڵقێنی کۆماری ئیسلامی، هیچ ئیعتیبارێکی بۆ حکومەتی دینی لە هیچ کوێ نەهێشتۆتەوە.

لە لایەکی دیکەشەوە پایە فکری و تێئۆریکییەکانی زەروورەتی جیایی دین لە دەوڵەت لەلایەن فەیلەسوفە ئورووپایی و شەرقی و تەنانەت موسوڵمانەکانیشەوە لەمێژە گەڵاڵە کراون و لەوبارەوە ئەدەبیاتێکی زۆر و دەوڵەمەندمان لە بەردەستدایە کە دەبێت لە پەروەردە و فێرکردندا کەڵکی لێوەرگرین.

کوردستان هەرگیز جوغڕافیای سەرهەڵدانی ڕادیکاڵیزمی ئایینی و مەزهەبی نەبووە. کوردستان و کۆمەڵگای کوردستان بۆ بە عورفی بوون ئامادەن و حیزبی ئێمە لە پێش هەمووان و باقی هێزە سیاسییەکانی کوردستان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی دەبێ لەو بارەوە دەست وێکدەن و کاری جیددی و بەرپرسانە بکەن. لەو نێوەدا چەند مەسەلەی گرنگ هەن کە دەبێ وەبەرچاوبگیرێن:

یەکەم ئەوە ئێمە نابێت تێکۆشین دین و مەزهەب بکەینە وەسیلەی بردنەپێشی مەبەستە سیاسییەکانی خۆمان. ئەوە لە لایەک لەگەڵ بەرپرسایەتی و گەورەیی و میللی بوونی حیزبی دێموکرات نایەتەوە و لە لایەکی دیکەش ئەزموونەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەوانەی دەیانهەوێ لە سیاسەتدا لە دین کەڵکی خۆیان وەرگرن، ئەوە سەرەنجام دینە کە ئەوان دەخاتە خزمەتی خۆی و کەڵکی خۆیانی لێوەردەگرێت.

لە لایەکی دیکەشەوە لە کوردستاندا گەلێک دین و مەزهەب و تەریقەت و فیرقەی جۆراوجۆر هەن و هەمووشیان پەیڕەوانی خۆیانیان هەیە و حیزبی ئێمە وەک ڕێبەری بزووتنەوەی میللی دێموکراتی کوردستان، دەبێ ئەو دین و مەزهەبانە و پێڕەوەکانیان بە یەک چاو تەماشا کات و بایەخی وەک یەکیان پێ بدا.

عورفیگەرایی لە تێگەیشتنی حیزبی ئێمەدا، بەمانای سێکۆلاریزمە. ئێمە دژی هیچ دین و مەزهەبێک نین و لە هەمان کاتیشدا حیزبێکی ئایینی و مەزهەبیش نین. پەیڕەوانی هەموو دین و مەزهەبەکان ئەگەر بەرنامەی سیاسی حیزبیان قبووڵ بێ دەتوانن لە حیزبی ئێمەدا تێکۆشانی سیاسییان هەبێ و لە تەشکیلاتی حیزبدا بڕۆنە پێش. جا ئەوە چ موسوڵمان بن یا مەسیحی، بودایی ، کەلیمی ، شیعە، سووننی، یارسان یا پەیڕەوی هەر دین و مەزهەبێکی دیکە لە مەسەلەکە ناگۆڕێ. جگە لەوە بەجێهێنانی فەرائیزی دینی و مەزهەبیش لە ڕیزەکانی حیزب و بزووتنەوەدا پێویستە وەک شتێکی ئاسایی تەماشای بکرێ و وەربگیرێ و وەک شتێکی فەرهەنگی و کولتوری سەیری بکەین.

 ئێمە کە دەڵێین عورفیگەرایین مەبەستمان ئەوە نییە کە دین و مەزهەب لە نێو میللەتەکەمان و لە نێوکۆمەڵگای کوردستان لە ڕیشە هەڵکێشین. ڕاست بە پێچەوانەوە دەمانهەوێت دین و مەزهەب شوێنی شایستەی خۆی بدرێتێ و ئەو کار و ئەرکە بەڕێوەبەرێ کە ڕیسالەتی خۆیەتی. دین لە ئەساسدا سەروکاری لەگەڵ ئەخلاقیات و ویژدانیات هەیە هەر بۆیە کارکردەکەشی پێویستە لەو بوارەدا بمێنێتەوە و ئالودەی کاروباری دەوڵەتی و ئیدارەکردنی کاروباری عموومی نەکرێت کەواتە ئێمە نامانهەوێ دین و مەزهەب لە ویژدانی کۆمەڵگای کوردستان و میللەتەکەمان بەرینە دەر. دەمانهەوێ تەقەدوس لە ئیدارەکردنی کۆمەڵ و دەوڵەتداریدا بەرینە دەرێ. نەک دەوڵەت، بەڵکوو هیچ کەس و حیزب و لایەنێک مافی دەستێوەردان لە ویژدان و ئیعتیقاداتی خەڵکیدا نییە.

لە بەرنامەی حیزبی ئێمەدا هاتووە کە هەموو کۆنڤانسیۆنەکانی پێوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ لە کوردستان بەڕێوە دەچن واتە ئازادی دین و مەزهەب لە بەرنامەی سیاسی  حیزبی ئێمەدا دەستەبەرکراوە. ئێمە بە مەسئولیەتەوە ئەوەمان لە بەرنامەی سیاسی خۆماندا گونجاندووە. جەوهەری عورفیگەرایی لە تێگەیشتنی حیزبی ئێمەدا ڕەواداریی لیبڕاڵ و تۆڵێڕانسە کە پایەیەکی دێموکراسییە و بۆ ئێمە وەک حیزبێکی دێموکرات پڕەنسیپە. لیبڕالیزمی سیاسی، دین وەک سیستمێکی ئەخلاقی و ئەو بایەخە گرنگانە تەماشا دەکا کە بۆ دەوڵەمەندکردنی ئینسانییەتی ئینسانەکان پێویستن.

هەموو دینەکان و تەنانەت ئیسلامیش هەمیشە خۆیان لەگەڵ وەزعی سیاسی و کۆمەڵایەتی کۆمەڵگاکان گونجاندووە. ئەمڕۆ تەنانەت لە مەککە و مەدینەشدا ئاسان نییە وەک ڕابردوو دەستی خەڵک بپەڕێنی یا قەساس بکەی. مامۆستاکانی زانکۆی ئەستەمبوڵ دەڵێن کاتی خۆی کە ئیسلام مەنعی کردووە ژن بەتەنیا سەفەر بکا لە بەر ئەوە بووە کە ڕێگاکان نائەمن بوون. ئێستا کە ڕێگا و وەسیلەکانی سەفەر ئەمینن ئەو مەنعە ئیدی دەبێ هەڵگیرێ. مەبەست ئەوەیە بڵێین مۆدێرنیتە و دێموکراسی و عورفیگەرایی مەیدان بۆ دین و مەزهەب خۆش دەکەن تا بایەخە ئەخلاقی و ویژدانییەکان پەرە پێبدەن و ئەرکی مەعنەوی و ڕیسالەتی خۆیان بەجێ بێنن. مەبەست ئەوەیە بڵێین ئێمە دەبێ لە سیاسەت و کردەوەدا بە خەڵکی خۆمان ڕابگەیەنین کە مەبەستی ئێمە لە سێکۆلاریزم ئەوە نییە دین لە کۆمەڵدا ڕیشەکێش کەین بەڵکوو دەمانهەوەی تەقەدووس لە کاروباری دەوڵەتی و ئیدارەکردنی کۆمەڵگادا دوورخەینەوە. ئەزموونی چاخەکانی نێوەڕاستی ئورووپا و مێژووی ئیسلام و تاقیکردنەوەی کۆماری ئیسلامی لەوبارەوە قەڵایەکی پتەون کە ئەو سیاسەتە درووستەی حیزبی دێموکرات پاڵی وێداون.