کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکرات: پشتیوانی لە خۆپیشاندانی خەڵک دەکەین

12:14 - 26 خەزەڵوەر 2719

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا وێڕای مەحکوومکردنی سیاسەتی ڕێژیم لە گوشارهێنانی زیاتر بۆ سەر خەڵک، پشتیوانی و پشتگریی خۆی لەو حەڕەکەتە ناڕەزایەتییانەی خەڵک لە هەر شێوەیەکی مومکیندا، دەردەبڕێ.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەبارەت بە ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵک لەپێوەندی لەگەڵ زیادکردنی نرخی بێنزین

هاونیشتمانانی بەڕێز،

کۆمەڵانی خەڵکی ستەملێکراوی ئێران

کۆمەڵانی خۆڕاگری خەڵکی کوردستان

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە ژێر باری ئابوری داتەپیوی خۆیدا پەلەقاژە دەکا و هیچ ڕێگا چارەیەکی بێجگەلە فشار هێنانی زیاتر بۆ خەڵک بۆ دەرباز بوون لەو وەزعە پێ شک نایە. لەو پێوەندییەدا و لە چوارچێوەی فشار هێنانی زیاتر بۆ خەڵک لە نەکاو و بێ هیچ پاساو هێنانەوەیەکی پێش وەخت ڕایگەیاند کە لە  ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاویدا نرخی بێنزین هەم سەهمییە بەندی دەکرێ و هەم٥٠ لە سەدی نرخی بێنزینی سەهمییەیی یانی لە ١٠٠٠ تمەن بۆ ١٥٠٠ تمەن زیاد دەکا و نرخی بێنزینی ئازادیش تا ٣ هێندە یانی لە ١٠٠٠ تمەنەوە بۆ ٣٠٠٠ تمەن زیاد دەکا. ئەو بڕیارە لەنەکاوە لە کاتێکدا راگەیاندرا کە چەند ڕۆژ پێشتر دام و دەزگا پێوەندی دارەکانی ڕێژیم سەهمییە بەندی و زیاد کردنی نرخی بێنزینیان بە دەنگۆ و دور لە ڕاستی ڕاگەیاندبوو و بە تەواوی ڕەدیان دەکردەوە.

ئەو بڕیارەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕادەیەک نادروست و نا تەبا لەگەڵ ژیان و گوزەرانی خەڵک بوو کە دەزگا ئەمنییەتییەکانی  ڕێژیم هەستیان بە دەربڕینی دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک کردبوو و هەر بۆیەش لە ئێوارەی ڕۆژی جومعەدا ڕایانگەیاند کە بڕیارەکە بێ هیچ کێشەیەک جێ بەجێ کراوە. ڕاگەیاندنی ئەو بڕیارە لەنەکاوە زیاتر بۆ غافڵگیرکردنی خەڵک و  دانانیان لە بەرامبەر کردەوەیەکی جێبەجێکراودا بوو. بەڵام بەو حاڵەش دەنگی ناڕەزایەتی خەڵک بەرز بۆوە و لە زۆربەی هەرە زۆری  شارەکان خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین هاتە ئاراوە و پێش بینی دەکرێ  بۆ هەموو شارەکانی دیکەی ئێران تەشەنە بکات. هێزەکانی ڕێژیم کە لە زۆربەی شوێنی شارەکان بڵاویان پێکرابوو کەوتنە تەقەکردن لەخەڵک و تا ئێستا ژومارەیەکی زۆر لەخەڵکی شارەکانی ئێران و کوردستان گیانیان لێئەستێندراوە و بە دەیانی دیکە بریندار کراون کە ئەو ڕەوتە لە سەرکوتکردن هەروا درێژەی هەیە.

ڕوحانی سەرۆک کۆماری ئێران وەک هەمیشە بۆ فریودانی خەڵک و پێشگرتن بە حەرەکەتە ئێعتڕازییەکان ڕایگەیاند کە داهاتی زیاد کردنی نرخی بێنزین بە سەر ٧٥ لە سەدی خەڵکی کەم داهاتی ئێراندا دابەش دەکرێ و ئەو بڕیارە پێوەندی بە  قەرەبوو کردنەوەی کورت هێنانی بودجەی دەوڵەتەوە نییە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بەڕێوەبەرانی ڕێژیم پێشتر ڕایانگەیاند بوو کە بۆ قەرەبوو کردنەوەی کورت هێنانی بودجە لە جیاتی پشت بەستن بە داهات  فرۆشی نەوت پشت بە داهاتی نێوخۆی دەبەستن و ئەوەش لە کردەوەدا بە مانای فشار هێنانی زیاتر بۆ خەڵکە کە زیادکردنی نرخی بێنزین یەکێک لەو سیاسەتانەیە.

زیادکردنی نرخی بێنزین تەنیا فشارێکی تەک لایەن و تەک کاڵایی بۆ سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک نییە بەڵکوو هەڵگری کۆمەڵێک لایەنی دیکەیە کە شوێندانەری خەراپیان لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک دەبێ و زیاد کردنی نرخی کۆمەڵێک پێداویستی خەڵک لەوەش زیاتر بە دوایخۆیدادێنێ. وەک نرخی کەرەسەکانی هاتووچۆ، و ئەو کاڵایانەی کە بەرهەم هێنانیان لە ڕێگای بەکارهێنانی بنزینەوە دێتە ئاراوە. خەڵکی وەزاڵە هاتوو و ئازار چێشتووی دەستی بێکاری و کەم داهاتی، زۆر باش لە ئاکامی ئەو بڕیارە ناڕەوایەی ڕێژیم ئاگادارن و ناڕەزایەتی دەربڕینیان هەڵوێستێکی بەجێیە چوونکە دەزانن بێدەنگی لە بەرامبەر ئەو فشارە تازەیەی، ڕێژیم لە درێژەدان و چەند لایەنە کردنی بردنە سەری نرخی شتوومەک جدی تر و پێ دا گرتووتر دەکا. وەڕێخستنی کردەوەی ئیعتڕازی و هەڵبڕینی دەنگی ناڕەزایەتی تێکڕایی تەنیا ڕێگای پێش گرتن بە ڕێژیم لە هێنانی فشاری زیاتر بۆ سەر خەڵکە.

بە لەبەر چاوگرتنی ئەو ڕاستییە حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکووم کردنی سیاسەتی ڕێژیم لە فشار هێنانی زیاتر بۆ سەر خەڵک، پشتیوانی و پشتگری خۆی لەو حەڕەکەتە ناڕەزایەتیانەی خەڵک لە هەر شێوەیەکی مومکین دا دەردەبڕێ و هیوادارە ئەم حەرەکەتانە سەرەتایەک بێ بۆ سەرکەوتنی ئیرادەی خەڵک بە سەر ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێراندا. هەر لەو کاتەدا هاودەردی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییەکانی ئەو حەڕەکەتانە دەردەبڕێ و چاکبوونەوەی بریندارەکان بەئاوات دەخوازێ.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی سیاسی

٢٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٨ی هەتاوی

١٧ی نوامبری ٢٠١٩ی زایینی