ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٣٢هەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو" و هاوڕێکانی بە دەستی ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر مێزی وتووێژ ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:
ڕاگەیەندراوی ناوەندی سیاسیی حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٣٢هەمین ساڵڕۆژی تێرۆری دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێکانی
٣٢ ساڵ بەر لە ئێستا لە ڕۆژی ١٣ی جوولای ١٩٨٩ی زایینی بەرانبەر بە ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ی هەتاوی، دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" سکرتێری گشتیی ئەو کاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوڕێ لەگەڵ کاک "عهبدوڵڵا قادریئازهر" ئهندامی کۆمیتهی ناوهندی و کاک دوکتور "فازل ڕەسووڵ" کەسایەتیی کوردستانی باشوور و مامۆستای زانکۆ لە ڤییەنی پێتهختی وڵاتی ئۆتریش، بەدەست تیمێکی تێرۆری کۆماری ئیسلامی شههید کران.
لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا ڕۆژان و ڕووداوگەلی تاڵ و شێرین هەن کە لە بیر و شعووری تاکەکاندا جێ دەگرن و لەبیر ناچنەوە. ڕۆژی ٢٢ی پووشپەڕی ١٣٦٨ یەکێک لەو ڕۆژە تاڵانەیە بۆ نەتەوەی کورد.
بێجگە لە گەورەیی و زانایی و دەوری کاریگەریی دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" لە جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، شێوەی شەهیدبوونی ئەو ڕێبەرە ناودارە، بۆعدێکی تایبەتیی دیکە دەدا بەو جینایەتەی کۆماری ئیسلامی.
"عەبدولڕەحمان قاسملوو" وەک ڕێبەرێکی نەتەوەیی، بەو مەبەستە بەپیر داوای کۆماری ئیسلامی بۆ وتووێژکردن چوو و ڕیسکی دانیشتن لەگەڵ نوێنەرانی ئەو ڕێژیمەی وەخۆ گرت کە لە ڕێگای ئاشتیخوازانە و دیالۆگەوە پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چارەسەر بکرێ، شەڕ و کاولکاریی لە گەل و نیشتمان دوور بخاتەوە و ماف و ئازادی بۆ نەتەوەکەی دابین بکا.
یانی، دوکتور "قاسملوو" لەپێناو دابینکردنی ئاشتی و ئازادی و بەختەوەریی نەتەوەکەیدا سەری دانا و بەو جۆرە، تاوانەکە، نەک تەنیا بەدژی حیزبێک، بەڵکوو بە دژی میللەتی کورد بەڕێوە چوو.
بەڵام ڕێژیمی تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی کە بڕوای بە ماف و ئازادیی گەلان نەبوو، دژی دێموکراسی و مافی مرۆڤ بوو و بەپێی سروشتی، لەگەڵ بڕوا و بەهاکانی ئەو سەردەمە ناتەبا بوو، ئامادەیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ وتوێژی بە دەرفەت زانی و دوکتور" قاسملوو" و هاوڕێکانی لەسەر مێزی دانوستان شەهید کردن.
کوردستان لە هەموو بارێکەوە ببوو بە چقڵی چاوی دەسەڵاتدارانی تازەپێگەیشتوو. کۆماری ئیسلامیی دواکەوتوو و بیرتەسک کە بناخەی لەسەر جیاوازیدانان و سەرکوتی ئازادیخوازن داڕژرابوو، بیروبڕوای پێشکەوتنخوازانەی دوکتور قاسملوو، بەرنامەی مودێڕن و ئازادیخوازانەی حیزبەکەی ئەو و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازی کوردستانی پێ تەحەمول نەدەکرا.
ڕێژیم دەیزانی کە کەسایەتیی بەرز و کاریزماتیکی دوکتور "قاسملوو" نەک هەر لە دیاریکردنی سیاسەت و ڕێبازی پێشکەوتنخوازەنەی حیزبی دێموکرات، بەڵکوو لە دیاریکردنی ئامانج و لە دنیاڕوانین و ستراتێژیی جووڵانەوەی کوردستانیشدا دەوری یەکلاکەرەوەی دەگێڕا.
بۆیە، ڕێبەرانی ئازادیکوژ و دژیگەلیی کۆماری ئیسلامی کەوتنە بیری لەنێوبردنی دوکتور "عەبدولڕەحمان قاسملوو" بەو مەبەستە کە دوای ئەو حیزبی دێموکرات بێ سەر دەمێنێتەوە و توانای جووڵەی لێدەبڕێ و لەگەڵ ئەو، جووڵانەی ڕزگاریخوازیی کوردستانیش بەچۆک دادێ و پرسی کورد کۆتایی پێدێنێ. خەیاڵی خاو!
ماوەی ٣٢ ساڵ دوای جینایەتی ڤییەن و لەدەستچوونی ڕێبەری هەڵکەوتوو، خەونی ئاڵۆزی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی نەک هەر وەدی نەهاتووە، بەپێچەوانە، جووڵانەوەی کوردستان لە گەشەسەندن و بووژانەوەی بەردەوام دایە و حیزبی قاسملوو هەروا سەربەرزانە لەسەر پێیە و لە سەرتاسەری کوردستان درێژە بە خەبات دەدا.
ڕێژیمی ئیدئۆلۆژیک و بیرتەسکی کۆماری ئیسلامی تێناگا کە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران و جووڵانەوەی کوردستان بەگشتی، ڕیشەیان لەنێو خەڵکی کوردستان داکوتاوە و ویست و داخوازیان لەلایەن کۆمەڵانی خەڵکی نیشتمانپەروەرەوە پشتیوانیی لێدەکرێ.
ڕێژیمی مەزهەبی- ناسیۆنالیستی کۆماری ئیسلامی توانای تێگەیشتن لەو ڕاستییەی نییە کە حیزبەکانی کوردستانی ئێران پشتگەرم بە پشتگیریی خەڵکی، لێبڕاون هەتا سەرکەوتن و دابینکردنی مافە ڕەواکانیان، درێژە بە خەبات بدەن.
ڕۆڵەکانی "قاسملوو"، کچان و کوڕانی بەجەرگی پێشمەرگە، هەتا وەدیهێنانی ئاوات و ئامانجەکانی شەهیدان لە خەبات و تێکۆشان ناوەستن و ئازایانە بەگژ دوژمنی دیکتاتۆردا دەچنەوە.
کۆماری ئیسلامی وەک هەموو ڕێژیمە دژیگەلی و سەرەڕۆکان بە هەڵە چووە و گەلی کوردی نەناسیوە.
نەتەوەیەکی ژێر ستەم کە خەباتی خۆی بە ڕەوا و دێموکراتیک دەزانێ و بڕیاری داوە سەر بکەوێ و تێچووی گەیشتن بە ئازادی و سەربەستی وەخۆبگرێ، هیچ هێزێک ناتوانێ شکستی پێ بێنێ و پاشەکشەی پێ بکا، و درەنگ یا زوو دیکتاتۆر بەچۆک دا دێنێ و خۆی لە چنگ چەوسانەوە و زۆردار ڕزگار دەکا و ماف و ئازادیی بۆخۆی دەستەبەر دەکا.
هاووڵاتییانی بەڕێز!
ئەمڕۆ لەکاتێکدا یادی ٣٢مین ساڵوەگەڕی تێرۆری ڕێبەری نەمر دوکتور "قاسملوو" دەکەینەوە کە قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامی لەنێوخۆ و لە ئاستی دەرەوەدا لە پەرەسەندن و قووڵتربوونەوە دان، بەتایبەتی دوای ڕووداوەکانی پێوەندیدار بە شانۆی هەڵبژاردنی سەرکۆماری لە ٢٨ی جۆزەردانی ١٤٠٠دا، زیاتر لە ڕابردوو قەیرانی ڕەوایی بەرۆکی پێ گرتووە.
بایکۆتی بەربەرین و بێوێنەی هەڵبژرادن لەلایە زۆربەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان و چالاکانی سینفی و مەدەنی لە ژوورەوە و دەرەوەی وڵات، بەڕوونی دەری دەخا حکوومەت زیاتر لە هەمیشە لە خەڵکی وڵات دابڕاوە و کۆمەڵانی خەڵک بڕوا و متمانەیان بە کۆماری ئیسلامی نەماوە.
عەلی خامنەیی، ڕێبەری ڕێژیم، بەر لە هەڵبژاردن داوای هاتنەسەرکاری "دەوڵەتێکی ئینقلابیـ"ـی کردوە. لە ڕوانگەی خامنەییەوە دەوڵەتی ئینقلابی یانی دەوڵەتێک کە بۆ وەدیهێنانی سیاسەت و بیروبۆچوونەکانی ئەو هەوڵ بدا و ئەوەش بەو مانایەیە کە بێ ئەملاوئەملا گوێلەمستی "ڕێبەر" بێ، لەسەر هەناردەکردنی شۆڕش و دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆی وڵاتانی ناوچە بە مەبەستی شێواندن و ناسەقامگیرکردنیان بەردەوام بی، پەرە بدا بە تێرۆریزمی دەوڵەتی، بەردەوام بێ لە بەرەوپێشبردنی بەرنامەی ناوکی و مووشەکی بالستیکی، تاقمە چەکدارە نیابەتییەکانی ڕیژیم لە ناوچە دا بەخێو بکا و پشتیان بگرێ. دژایەتیکردن لەگەڵ ڕۆژاوا بەشێکی دیکە لە سیاسەتی "دەوڵەتی ئینقلابی" دەبێ و ... .
کۆماری ئیسلامی بەپێی عادەتی ڕێژیمە داخراو و ئیدئۆلۆژیکەکان، بەهۆی ئەوەیکە توانا و ئیرادەی چارەسەرکردنی قەیرانەکانی نییە، پەنای بردوە بۆ یەکدەستکردنی حکوومەت و سەرکوتکردنی هەر چەشنە دەنگێکی ئازادیخوازنە. بەڵام بە دڵنیاییەوە، بەپێی ئەزموون، ئەوە یەکدەستییە زۆری پێناچی درزی تێدەکەوێ و ڕێژیم بەرەو لاوازیی و داماویی زیاتر پاڵ پێوەدەنێ. سروشت و ساختاری ڕێژیمە سەرەڕۆ و گەندەڵەکان لە خۆیاندا بەرهەمهێنەرەوەی ناتەبایی و دووبەرەکین.
بەو حاڵەش، ڕێژیمی دیکتاتۆری بەوەندە پاشەکشە ناکا و ناڕووخێ. بۆ ئەو مەبەستە یەکگرتوویی و خۆڕێکخستنی ئۆپۆزیسیۆن لە بەدیلێکی دێموکراتیک و گشتگیردا پێویستە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هاوڕێ لەگەڵ حیزب و ڕێکخراوەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە لێکدانەوەی دروست لە باروودۆخی ئەمڕۆی کوردستان و ئێران، بڕیاریان داوە بە یەکەوە و بە پشتیوانیی لێبڕاوانەی گەلەکەیان، بە هێزی یەکگرتوویان کوردستانی ڕۆژهەڵات بکەن بە هێزی شوێندانەر، بەرەنگاری زۆڵم و زۆری کۆماری ئیسلامی ببنەوە و هەتا گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکانیان دەست لە خەبات و فیداکاریی هەڵنەگرن و مزگێنیی ئازادی و سەربەستی بۆ قاسملووی نەمر و هەموو شەهیدانی سەربەرزی ڕێگای ڕزگاریی کوردستان بنێرن.
لە مانگی پووشپەڕدا جێی خۆیەتی کە جارێکی دیکە خەسارێکی گەورەی دیکە وەبیر بێنینەوە. ڕۆژی ٢٤ی پووشپەڕی ١٣٧٨ کاک سەید سەلام عەزیزی، ئەندامی دەفتەری سیاسیی ئەو کاتی حیزب، بەهۆی نەخۆشی ماڵاوایی لێکردین. بە کۆچی دوایی کاک سەید سەلام عەزیزی وەک ڕێبەرێکی شێلگیر و خەباتگێڕ، خەسارێکی گەورە لە حیزبی دێموکرات و خەباتە ڕەواکەمان کەوت. یادی هاوڕێ کاک سەید سەلام عەزیزی بەرز و بەڕیز و ڕۆحی شاد بێ.
بەرز و بەڕێز بێ یادی ڕێبهری ناودار دوکتور "عهبدولڕهحمان قاسملوو، کاک عەبدوڵڵا قادری ئازەر و دوکتور فازڵ ڕەسووڵ"
مەرگ و نەمان بۆ ڕێژیمی تێرۆریستیی کوماری ئیسلامی
سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لەپێناو وەدیهێنانی ئامانجه بهرزهکانی قاسملووی ههمیشه زیندوودا.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ناوەندی سیاسی
٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٠ی هەتاوی
١٢ی جوولای ٢٠٢١ی زایینی