وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا هۆشداری دەدا کە بەهۆی گەمارۆ دەریاییەکان و پەککەوتنی پیشەسازیی نەوت، ئێران بەم زووانە تووشی قەیرانی سەختی کەمیی بەنزین دەبێت.
سکۆت بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاوی کردەوە، کە پیشەسازیی نەوتی ئێران بەهۆی گەمارۆکان و زیانە بەرکەوتووەکان لە لێواری پەککەوتنی تەواودایە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە پڕۆسەی دەرهێنان و پۆمپاژکردنی نەوت بەم زووانە دەوەستێت.
بێسێنت بە زمانێکی توند هێرشی کردە سەر سەرکردەکانی سپای پاسداران و ڕایگەیاند کە ئەوان لە دۆخێکی ناهەمواردا گیریان خواردووە. وەزیری خەزێنەداری ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی گەمارۆ دەریایییەکانی ئەمریکا، ژێرخانی نەوتی ئێران بەرەو لەکارکەوتن دەچێت و توانای بەرهەمهێنانی نەوتیان نەماوە.
ناوبراو لە کۆتایی پەیامەکەیدا، هاوشێوەی شێوازی نووسینی دۆناڵد ترامپ و بە پیتە گەورەکان، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کردووە و نووسیویەتی: ''قۆناغی داهاتوو، کەمیی بەنزینە لە ئێراندا! ''؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەکە بۆ پەککەوتنی دابینکردنی سووتەمەنی لە نێوخۆی وڵاتدا.