کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قووڵبوونەوەی ناكۆکییەکانی دەوڵەتی لوبنان لەگەڵ حیزبوڵڵا

16:42 - 7 بانەمەڕ 2726

لە دوای توندبوونی ململانێ سیاسییەکان لە لوبنان، لێدوانە دژبەیەکەکانی نێوان بەرپرسانی دەوڵەت و سەرکردایەتی حیزبوڵڵای سەر بە ڕێژیمی ئێران جارێکی دیکە ڕۆڵی ئەم گرووپەی لە ناسەقامگیری ئەو وڵاتەدا زەق کردەوە.

نەعیم قاسم، سکرتێری گشتی حیزبوڵڵا، لە وتارێکدا دانوستانی ڕاستەوخۆی دەوڵەتی لوبنانی لەگەڵ ئیسرائیل بە "تاوانێکی گەورە" وەسف کرد و وتی ئەم جۆرە نزیکبوونەوەیە وڵات بەرەو ناسەقامگیری دەبات.

ناوبراو هەروەها بە ڕەخنەگرتن لە هەوڵەکان بۆ داماڵینی چەکی حیزبوڵڵا، جەختی کردەوە کە گرووپەکەی چەکەکانیان ڕادەست ناکەن و ڕۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە بەدیهێنانی ئاگربەستدا بە یەکلاکەرەوە زانی؛ هەڵوێستێک کە بە بڕوای ڕەخنەگران، نیشانەی پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی تارانە بەسەر سەروەری نیشتمانیی لوبناندا.

لە بەرامبەردا، جۆزێف عەون، سەرۆککۆماری لوبنان، بە ڕەتکردنەوەی ئەم قسانە وتی: "خیانەت ئەو کەسانە دەیکەن کە وڵاتەکەیان بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییە بیانییەکان (ئێران) دەبەنە نێو شەڕەوە."

ئەو بە ناڕاستەوخۆ حیزبوڵڵای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بێ بوونی کۆدەنگی نیشتمانی، لوبنانی خستووەتە نێو ململانێیانێکەوە کە باجەکەی هاووڵاتییان، بەتایبەتی دانیشتوانی ناوچەکانی باشوور، دەیدەن.

عەون هەروەها جەختی کردەوە کە دانوستان بۆ ڕێگریکردن لە شەڕ و گەیشتن بە سەقامگیری، نەک هەر خیانەت نییە، بەڵکوو پێویستییەکی نیشتمانییە.

ئەمە لە کاتێکدایە کە حیزبوڵڵا هێشتا سوورە لەسەر پاراستنی پێکهاتە سەربازییەکەی و بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتە ناوچەییەکانی هاوتەریب لەگەڵ ئێران؛ ئەمەش وەک ڕێگرێکی جیددی لەبەردەم سەقامگیری، سەروەری و ئاوەدانکردنەوەی لوبنان دادەنرێت.