کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئینتێرنێتی پڕۆ؛ هەوڵی نوێی کۆماری ئیسلامی بۆ تاڵانی خەڵک و هەڵاواردن

12:50 - 7 بانەمەڕ 2726

لە کاتێکدا کە پچڕانی ئینتێرنێت لە ئێران چووەتە ٥٩یەمین ڕۆژی خۆی، جێبەجێکردنی پڕۆژەی ''ئینتێرنێتی پڕۆ'' شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتیی لێ کەوتووەتەوە.

 ئەم پڕۆژەیە کە ڕێژیم وەک ڕێگەیەک بۆ دەستڕاگەیشتن بە ئینتێرنێتی بێ‌فیلتەر ناساندبووی، ئێستا وەک ئامرازێکی نوێ بۆ جیاکاریی چینایەتی و تاڵانکردنی گیرفانی خەڵک دەردەکەوێت؛ بە شێوەیەک کە بەکارهێنەران نەک هەر دەبێت پارەیەکی زۆر بدەن، بەڵکوو هێشتا بۆ کردنەوەی زۆربەی پلاتفۆرمەکان ناچارن پەنا بۆ فیلتێرشکێن بەرن.

لە ڕووی داراییەوە، ڕێژیم بازرگانییەکی گەورە بە مافە سەرەتاییەکانی شارۆمەندانەوە دەکات. نرخی هەر گیگابایتێک لەم خزمەتگوزارییە گەیشتووەتە ٤٠ هەزار تمەن، کە ئەمەش سێ هێندەی نرخە ئاساییەکانە. بەم پێیە، هەر بەکارهێنەرێکی پیشەیی یان خاوەن کارێکی ئانلاین، دەبێت مانگانە نزیکەی ٦ میلیۆن تمەن تەنیا بۆ ئینتێرنێت خەرج بکات.

 ئەم تێچووە قورسە لە کاتێکدایە کە سنووری بەکارهێنانی ڕۆژانە تەنیا ٥ گیگابایتە، کە ئەمەش ئاستەنگێکی گەورەی بۆ ڕۆژنامەنووسان، خوێندکاران و بزنێسە دیجیتاڵییەکان دروست کردووە.

ئەم سیاسەتە بووەتە هۆی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی لە ناوەندە جیاوازەکاندا. ڕێکخراوی پەرستارانی ئێران و خوێندکارانی زانکۆی شەریف، بە فەرمی دژی ئەم جیاکارییە وەستاونەتەوە و ڕایانگەیاندووە کە ئینتێرنێتی ئازاد مافێکی گشتییە و نابێت بەپێی پلە و شوێنی کار یان توانای دارایی دابەش بکرێت.

هاوکات دامەزراوەی نێودەوڵەتیی ''نێت بلاکس'' پشتڕاستی کردووەتەوە کە ئەم تاریکییە دیجیتاڵییەی ڕێژیم دروستی کردووە، ئامانجەکەی تەنیا سەرکوتکردنی ئازادییەکان و شاردنەوەی ڕاستییەکانە لە چاوی جیهان.