کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕۆبیۆ: واشنگتۆن دەیەوێت دەنگی خەڵکی ئێران بگاتە جیهان

10:21 - 8 بانەمەڕ 2726

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر بە ئێران زیانگەیاندن بە خەڵک نییە، بەڵکوو پشتگیریکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکانیانە.

مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنیکدا لەگەڵ هەواڵدەریی "فاکس نیوز" جەختی لەوە کردەوە کە ئامانجی واشنگتۆن بیسترانی دەنگی ڕاستەقینەی خەڵکی ئێرانە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەمریکا نایەوێت ئەو توندوتیژییانە دووبارە ببنەوە کە پێشتر بوونە هۆی کوژرانی هەزاران هاووڵاتی و دەڵێت: "ئێمە نامانەوێت زیان بە خەڵک بگات."

ڕۆبیۆ لە درێژەی قسەکانیدا نیگەرانیی خۆی لە ئاستی سەرکوتکارییەکانی نێوخۆی ئێران دەربڕی و وتی: ''لەبری ئەوەی ۳۰ بۆ ۴۰ هەزار کەس لە شەقام و نەخۆشخانەکاندا بکوژرێن یان بە شێوەیەکی سیستماتیک و ڕێکخراو لەسێدارە بدرێن، ئاواتی ئێمە ئەوەیە دەنگی خەڵکی ئێران ببیسترێت".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا تیشکی خستە سەر هەڕەشە هەرێمییەکانی کۆماری ئیسلامی و پرسی ئەمنییەتی دەریاوانی.

ڕۆبیۆ گەرووی هۆرمۆزی وەک "چەکێکی ئابووری لە ئاستی چەکی ئەتۆمی" ناو برد و ڕایگەیاند کە تاران هەوڵ دەدات ئەم ڕێڕەوە نێودەوڵەتییە وەک ئامرازێکی گوشار بۆ تێکدانی ئابووریی جیهانی بەکار بهێنێت.