کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

فۆن دێر لاین: گەمارۆکان دەمێننەوە مەگەر گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە ئێراندا ڕوو بدات

16:10 - 7 بانەمەڕ 2726

ئۆرزۆلا فۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا، لە کاردانەوەیەکدا بەرامبەر بە لێدوانەکانی ئەم دواییەی ڕاوێژکاری ئاڵمان جەختی کردەوە کە بۆ کەمکردنەوەی سزاکان دژی کۆماری ئیسلامی "هێشتا زووە".

 فریدریش مێرتس هەینی ڕابردوو پرسی ئامادەیی ئورووپای بۆ کەمکردنەوەی سزاکان لەسەر ئێران خستبوو بەر باس، بەو مەرجەی تاران ئامادەیی بۆ ڕێککەوتن نیشان بدات.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی یەکیەتیی ئورووپا بەیانی ڕۆژی دووشەممە ٧ی بانەمەڕ، لە بەرلین ڕایگەیاند، کە پێش کەمکردنەوە یان لابردنی گەمارۆکان دەبێت سەرەتا بینەری "گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی" لە ئێران بین.

ناوبراو وتیی: ''ئێمە پێمان وایە هێشتا بۆ بردنی گەمارۆکان زووە، چونکە سەپاندنی ئەم سزایانە بەسەر کۆماری ئیسلامی هۆکاری هەبووە. هۆکارەکەشی هەڵسوکەوتی ڕێژیم بەرامبەر بە خەڵکی ئێرانە.''

فۆن دێر لاین ئاماژەی بەوەش کرد کە تەنیا لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەی ئێراندا ١٧ هەزار گەنج کوژراون و مافەکانی مرۆڤ بەتایبەت مافی ژنان پێشێل دەکرێن. ئەو وتیشی: ''ئەم بابەتانە هۆکاری سەپاندنی گەمارۆکان بوون. دەبێت سەرەتا بینەری گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی بین، پێش ئەوەی هەنگاو بۆ لابردنی گەمارۆکان بنێین.''