کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەبات لە پێناوی ئازادی و عەداڵەتدا!

17:06 - 15 گەلاوێژ 2720

ئیبراهیم لاجانی

سیستمی دەوڵەتی رەفا‌ه، واتە ئەو لیبراڵ دێموکراسییەی لە ئورووپای ڕۆژئاوا و ئەمریکای باکوور و ژاپۆندا هەیە، بە هەڵسەنگاندن لەگەڵ هەموو سیستەمە سیاسی و ئابوورییەکانی دیکەی دونیا، مۆدێلێکی سەرکەوتووترە. ئێستا با بزانین ئەو سەرکەوتنە بۆچی دەگەڕێتەوە؟

لیبراڵ دێموکراسی بالانسێکی مەعقول لە نێوان ئەو پڕەنسیپە بنەڕەتییانەدا پێک دێنێ کە لەگەڵ یەکتر لە ململانێدان و لە هەمان کاتیشدا هەرکامیان بە نۆرەی خۆیان بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو، یەک لە یەکی پێویستترن. ئەو پڕەنسیپە بنەڕەتییانە بریتین لە بەشداری ئازادانە و دێموکراتیکی خەڵک لە پڕۆسەی سیاسیدا، کارابوونی بازاڕ، هەروەها دابین و دەستەبەرکردنی مافە نێونەتەوەییەکانی مرۆڤ بۆ هەموو کەسەکان و دەستە و تاقم و گروپە جۆراوجۆرەکانی نێو کۆمەڵگا.

ئەزموونی ئەو چەند دەیەی دوایی لە زۆر شوێنی دونیادا نیشانی داوە، کە دێموکراسی و گەشەسەندنی ئابووری، ئەگەر هاوتەریب لەگەڵ بردنە پێشی مافەکانی مرۆڤ و دەروەستبوونی دەوڵەت بۆ دابین و دەستەبەرکردنی ئەو ماف و ئازادییانەدا نەڕۆنە پێش، نەک هەر تا ڕادەیەکی زۆر ئەترەکتیڤ بوونی خۆیان لە دەست دەدەن، بەڵکوو لەگەڵ کۆسپ و تەگەرەی گەورەش بەرەوڕوو دەبن.

چەرخی بیستەم ئەو دەرسانەی فێرکردووین کە دێموکراسی هەمیشە لە حکومەتێکی دیکتاتۆری باشترە. لیبڕاڵ دێموكراسیش هەمیشە لە دێموكراسییەک کە لە سەر بناخەی هەڵبژارنێکی میکانیکی و کێبەركێی نێوان زۆرایەتی و کەمایەتی دامەزرابێ، باشترە. لەوەش زیاتر ئێکۆنۆمییەک کە لەسەر بناخەی بازاڕی ئازاد دامەزرابێ، لەو ئێکۆنۆمییانەی کە بەپێی بەرنامەیەکی لەپێشداداڕێژراو دەڕۆنە پێش، سەرکەوتووترە. هەروەها دەوڵەتی ڕەفاه باشتر و سەرکەوتووترە لە ئێکۆنۆمییەک کە تەنیا بە پێی پڕەنسیپەکانی بازاڕی ئازاد هەڵدەسووڕێ.

لێرەدا گرنگ ئەوەیە کە سیستمەکە بتوانێ زۆرترین بەختەوەری و خێر و خۆشی و ڕەفاه بۆ ژمارەیەکی هەرچی زۆرتر لە خەڵك دەستەبەر بکات. بە واتایەکی دیکە ئەو سیستمە ئابووری و کۆمەڵایەتییە سەرکەوتووە کە بتوانێ ئازادی و کامەرانی و بەختەوەری و ڕەفاه بۆ هەمووان دابین بکات. ئەوەش وەختێک ئیمکانی هەیە کە دەوڵەت بتوانێ هەموو ئەو ماف و ئازادییانە کە لە کۆنڤانسێونە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤدا هەیە دەستەبەر بکات.

ئەوە ڕوونە کە لیبراڵ دێموکراسییەکان و ئەو دەوڵەتانەش کە بە دەوڵەتی رەفاه ناسراون، نەیانتوانیوە بە تەواوی ئەو ماف و ئازادییانە بۆ هەموو هاووڵاتیان دەستەبەر بکەن کە لە پەیماننامە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤدا هاتوون. بەو حاڵەش لە نێو هەموو دەوڵەت و حکومەتەکانی دیکەی دونیادا، ئەوە تەنیا ئەو دەوڵەتانەن کە بردنە پێش و پیادەکردنی ئەو ماف و ئازادییانە بە ئەرکی سەرشانی خۆیان دەزانن و هەوڵ دەدەن لە سیاسەت و بەرنامەکانیاندا گرنگیی و بایەخیان پێبدەن. تەنیا لە لیبڕاڵ دێموکراسییەکاندایە کە بازاڕی ئازاد و دێموکراسی بە پڕەنسیپە جۆراوجۆرەکانی مافەکانی مرۆڤەوە بەستراونەتەوە و هەوسارکراون. واتە کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ بوونەتە چوارچێوە بۆ دێموکراسی و ئێکۆنۆمی بازاڕی ئازاد. هەر ئەوەشە کە ئەو سیستمە ئابووری و کۆمەڵایەتییەی لە چاو ئەوانی دیکە بەنرختر و سەرکەوتووتر کردووە.

ئاخر دێموکراسی ئیدی تەنیا هەر بریتی نییە لە هەندێک پڕەنسیپ و ڕێسا و یاسای تایبەت بە قانوونی ئەساسی و چۆنیەتی بەکارهێنانی دەسەڵاتی سیاسی. دێموکراسی لە پێناسەیەکی هاوچەرخدا، بریتییە لەو سیستمە ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە بە باشترین شێوە تێدەکۆشێ عیززەت و کەڕامەتی مرۆڤ بپارێزێ و هەلومەرجی گەشەسەندنی شەخسیەتی ئینسانی مرۆڤەکان، بخوڵقێنێ. ئەگەر لە بیۆلۆژی و فیزیک و شیمیدا، ئامانجی تەکامول و هەڵدان بریتییە لە تەکاموکی زۆرتر، لە زانستە کۆمەڵایەتییەکانیشدا، ئامانجی دێموکراسی بریتییە لە دێموکراسییەکی هەرچی زۆرتر، قوڵتر و بەرینتر و دەوڵەمەندتر. واتە سیستمێک کە ئازادی لە ترس و ئازادی لە نەبوونی و ئیحتیاج، بۆ هەموو ئینسانەکان دەستەبەر دەکات. واتە ئازادی دەداتە تاکەکانی نێوکۆمەڵ و بەوجۆرە دوکتور قاسملوو وتەنی شەخسییەت بە ئینسانەکان دەدا.

بۆیە دەتوانین بڵێین کە لیبراڵ دێموکراسی ئەو سیستمەیە کە مافەکانی مرۆڤ دەپارێزێ و دەستەبەریان دەکات؛ سیستمێک کە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ دابین بکات، ئەوە ئەو سیستمەیە کە ئینسانەکان بەهێز دەکات و کەسایەتی و شەخسییەتیان پێدەبەخشێ و بەوجۆرە باشترین میکانیزم و هەلومەرجیان بۆ پێکدێنێ تا بتوانن ئازادانە و بەشێوەیەکی وشیار و کاریگەر، بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیدا بکەن؛ ئەوە لە باری سیاسییەوە.

هەر ئەو سیستمە زۆر بە جیدیش تێدەکۆشێ پەرەسەندنی ئابووری دەستەبەر بکات و دەرفەت و شانسی وەک یەک بۆ کەڵکوەرگرتن لە دەسکەوتەکانی پەرەسەندنی ئابووری بۆ هاووڵاتیان پێک بێنێ؛ بەڵام ئەو دەستە و تاقم و کەس و گرووپانەی کە بە هۆکاری جۆراوجۆری مەوزوعی و مەحکەمەپەسند، ناتوانن لەگەڵ ئەوانی دیکە لە بازاڕدا کێبەڕکێ بکەن و لەو دەرفەت و شانسانە کەڵک وەرگرن کە لەئارادان، ئەوە کۆمەڵ بەرپرسایەتی دابین و دەستەبەرکردنی ژیانێکی پڕ لە کامەرانی و خێروخۆشی بۆ ئەوان وەئەستۆی خۆی دەگرێ. بەو جۆرە لەو سیستمەدا ئینسانەکان لەلایەک ئازادن لە سەرکوت و زەبروزەنگ و هەڵاواردن و ئیستبداد و سەرەڕۆیی سیاسی و لەلایەکی دیکەشەوە ئازادن لە ئیحتیاج و نەبوونی و فەقر و دەست تەنگی.

کاتێک شەهیدی نەمر دوکتور قاسملوو مەسەلەی سۆسیالیزمی دێموكراتیکی هێنایە نێو تەشکیلاتی حیزب، پاش پەسندکرانی لە کۆنگرەی شەشەمی حیزب، چوومە خزمەتی و پێم گوت ئێستا کە سۆسیالیزمی دێموکراتیکمان لە کۆنگرەدا پەسند کردووە، واباشە تیئۆریزەشی بکەین بۆ ئەوەی ئێمە کادرەکانی حیزب بتوانین باشتر بیبەینە نێو خەڵک. لە بیرم دێ پێی گوتم تیئوریزەکردنی ناوێ. مەسەلەکە زۆر سادەیە. عەداڵەتت دەوێ یان نا؟ ئازادیت دەوێ یان نا؟ سۆسیالیزمی دێموکراتیک تێکەڵاوێکە لەو دووانە. سیستمێکە کە بتوانێ هەردووکی ئەو دوو ئامانجانە وەدی بێنێ.

لە سەرتاسەری مێژوودا ئازادی و عەداڵەت ئەو دوو ئامانجە گەورەن کە هەمیشە ئینسان لە پێناویاندا خەباتی کردووە. بە سەدان هەزار تێکۆشەر و بگرە بە میلیۆنان کەس لە پێناوی ئازادی و عەداڵەتدا، گیانی خۆیان بەخت کردووە. ئیدی ئەمڕۆ ئازادی و عەداڵەت تەنیا هەر وەک ئامانج بە حیساب نایەن، بەڵکوو وەسیلەی دابینکردنی ژیانێکی پڕ لە عیززەت و کەڕامەتن بۆ ئینسانەکان و کۆمەڵگا ئینسانییەکان.

لە هەلومەرجی ئێستادا کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و یاسای نێونەتەوەیی مافەکانی مرۆڤ، دابین و دەستەبەرکردنی ژیانێکی پڕ لە عیززەت و کەڕامەت و ئازاد لە ترس و ئازاد لە فەقر لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا پێناسە دەکەن. بۆیە کۆنڤانسیۆنە نێونەتەوەییەکانی مافی مرۆڤ باشترین زمانی سیاسی و خاباتگێڕانەی هاوبەشمان دەدەنێ بۆ تێکۆشان لە پێناو ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی خەڵکی کوردستاندا.

لە بەیاننامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤدا هاتووە، کە هەموو گەلان و هەموو ئینسانەکان مافی ئەوەیان هەیە کە چ لە ئاستی میللی و نیشتیمانیدا و چ لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا، تێبکۆشن سیستمێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەوتۆ دامەزرێنن، کە لەوێدا هەموو ئەو ماف و ئازادییانە کە لەو بەیاننامەدا هاتوون، پیادە کرابن بۆیە خەبات لە پێناوی دێموکراسیدا ئەرکی سەرەکی و بنەڕەتی تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادی کوردستانە.

لە سیستمێکی دێموكراتیکدا کورد هەم ستەم و سەرکوت و زەبروزەنگی سیاسی و میللی لەسەر لادەچێ و هەم دەرفەتی لەباریشی بۆ پێکدێ تا بەكەڵکوەرگرتنی ئازادانە لە سامانە سروشتی و ئینسانییەکانی کوردستان و ناوچە، ڕێگای پەرەسەندنی ئابووری خۆی بدۆزێتەوە و بەوجۆرە کوردستان ببێتە ئێکۆنۆمییەکی گەورە و بازاڕێكی بەرین بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا و هێزی کار و خێروبێرەکانی پەرەسەندن و پێشکەوتنی ئابووری و تێکنۆلۆژی. لەخۆڕا نییە خەبات لە رێگای ئازادی و دێموكراسی و عەداڵەتی کۆمەڵایەتیدا سەرلەوحەی کارو تێکۆشانی سیاسی و فەرهەنگی خەباتگێڕانی حیزب و جەوهەری بەرنامەی سیاسی حیزبی دێموكراتی کوردستانی ئێرانە.