کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نامەیەکی بۆ ئەحمەد شەهید بەڕێ کرد

17:17 - 1 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران نامەیەکی ئاراستەی ئەحمەد شەهید، نوێنەری تایبەتی کۆمیسیونی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات کرد.

دەقی نامەکە:

بەڕێز جەنابی ئەحمەد شەهید، نوێنەری تایبەتی کۆمیسیونی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ چاوەدێری بە سەر مافی مرۆڤ لە ئێراندا

لەگەڵ سڵاو !


لە ڕاپۆرتی ئەم دواییانەی بەڕێزتاندا بەرچاوتر لە پێشوو سرنج درابووە کوردستانی ڕۆژهەڵات و پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆیە لەو پێوەندییەدا بە پێویستمان زانی سپاسی کار و تێکۆشانی بەڕێزتان بکەین و سەرکەوتن لە کار و ئەرکە پێ ئەسپێردراوەکانتدا بە ئاوات بخوازین.

لە ڕاپۆرتەکەدا داوا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرا بوو کە خۆ لە کوشتنی خەڵکی سڤیل و تۆپ و خۆمپارەبارانی ناوچەکانی نیشتەجێ بوونی هاووڵاتیان ببوێرێ کە جێگای خۆشحالییە.

لەو بارەو پێویستە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەڕێزتان و هەموو لایەک ئاگادار بکەینەوە کە پێشمەرگەکانی حیزبی ئێمە دەستپێشخەری هیچ ئاڵۆزییەک نەبوون، بەڵکوو ئەوە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە خەڵکی سڤیلی ناوچەکان و ئازادیخوازانی کوردستان و هێزی پێشمەگە بە تاوانی حوزوور لە ناو خەڵکی خۆیدا دەکاتە ئامانج، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕاستییە کە لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا دەرەتانی هیچ جۆرە تێکۆشانێک لە هیچ جۆرە لە شێوەکانیدا نییە. نەک ئەوە، بەڵکوو ڕێگا بە هیچ رەخنەگر و مافخواز و ئازادیخوازێک نادرێ تاکوو ڕاوبۆچوونی خۆیان دەرببڕن و کەمترین رەخنە و داخوازی رەوا لەگەڵ توندترین سزا بەرەوروو دەبێتەوە و کەش و هەوایەکی بە تەواوی ئەمنیی و پۆلیسی بەسەر ژیانی خەڵکدا زاڵ کردووە و دەست لە ئیعدامی بێ محاکمەی ئازادیخوازان و کوشتنی کاسبکاران و کوڵبەران ناپارێزی.
لە وەزعێکی وەهادا خەڵکی ئێران بەگشتی و ڕۆڵەکانی کورد بە تایبەتی کە زۆرترین مافیان پێشیل دەکرێ و سەرکوتی چەند قاتیان بەرکەوتووە چاوەڕوانن کە کۆمیسیونی مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و خۆدی ئەم رێکخراوە جیهانیە زیاتر لە پێشوو رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران بخەنە ژێر گوشار بۆ ئەوەی لە کوشتاری خەڵک و وێرانکردنی شار و گوندەکانی کوردستان بپرینگێتەوە و دەرەتانی تێکۆشانی ئازاد بۆ حیزب و لایەنە سیاسی و NGOکان دەستەبەر بکا.

هەر ئەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران رێگا بە بەڕێزتان و بە کەسایەتییەکانی وەک بەڕێزتان نادا تا لە نزیکەوە بینەری ماف پێشێلکارییەکانی ئەو ڕێژیمە بن و زیاتر لە چوونە سەری رێژەی ئیعدامەکان و دەستبەسەرکراوەکان ئاگادار بن خۆی بەڵگەیەکە بۆ ڕاستی ئەم مەسەلانەی بە کورتی ئاماژەی پێکرا.

لە کۆتاییدا ڕادەگەیەنین خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، خەباتێکی ڕەوایە بۆ لەبەرچاوگرتنی مافی مرۆڤ، دابین بوونی دێموکراسی لە ئێران و مافی نەتەوایەتی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران و یەکسانی ژن و پیاو لە کۆمەڵ و خێزاندا بۆ عەداڵەت و یەکسانی، لە ڕەوتی ئەو خەباتەشدا هەمیشە پرەنسیپە پەسندکراوەکانی مافی مرۆڤی لەبەرچاو بووە و لەبەرچاو دەگرێ.

لەگەڵ داوای سەرکەوتنی زیاتر بۆ بەڕێزتان

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
دەفتەری سیاسی

٢٠ی ئۆکتوبری ٢٠١٦ی زایین
٢٩ ڕەزبەری ١٣٩٥ی هەتاوی