کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەسەن شەرفی: ئێمە پایبەند و بەرپرسیار لە بەرانبەر هیچ ڕێککەوتنێکی نێوان ڕێژیمی ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان نین

20:53 - 13 خەزەڵوەر 2716

کوردستان میدیا: حەسەن شەرفی جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی BBCدا ڕایگەیاند کە ئێمە پایبەند و بەرپرسیار لە بەرانبەر هیچ ڕێککەوتنێکی نێوان ڕێژیمی ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان نین.

لە دوای سەفەری هەیئەتێکی یەکیەتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ تاران، ناظم دەباغ باسی لەوە کردووە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەل حیزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لە باشووری کوردستان نیشتەجێن دانیشتنیان هەبووە و ئەوەش لێدوان و باسێکی زۆر لە ڕۆژەڤی سیاسیدا لێکەوتەوە.

لەو پێوەندییەدا کاناڵی BBC لەگەل حەسەن شەرەفی وتووێژیکی پێک هێنا و شەرەفی لەو پێوەندییەدا باسی لەوە کرد، ئێمە پایبەند و بەرپرسیار لە بەرانبەر هیچ ڕێککەوتنێکی نێوان ڕێژیمی ئێران و حکوومەتی هەرێمی کوردستان نین و هەروەها ئەو گوشار و هەڕەشانەی کە ڕێژیمی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان دێنێت ئێمە دیسان لە بەرانبەریدا بەرپرسیار نین.

شەرەفی هەروەها لە وڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئەگەر حیزبەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات پایبەند بەو ڕێککەوتنه نەبن دەبێ چاوەڕوانی هەڵوێست و دژکردەوە بن گوتی: یەکەم ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران ئیدعا دەکات شەڕ و پێکدادنەکان لە ناوچە سنوورییەکان بووە بە تەواوەتی دووره لە هەر ڕاستییەک، چۆن ئەو شەڕ و پێکدادانانە لە نێو قوڵایی خاکی ئێران بووە. هەروەها ڕێژیمی ئێران پێشتریش بە بیانووی جۆراجۆر هەڕەشەی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکرد و گوشاری بۆ دێنا و لە نوێترین حاڵەتەدا سەردا حوسێن سەلامی جێگری گشتیی فەرماندەی سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران هەڕەشەی تێرۆری لە ئەندامانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان کردووە.

جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە پێوەندی لەگەل دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران باسی ئەوەی کرد کە لە ڕوانگەی ئیدئۆلۆژییەوە ئەسلەن ڕێژیمی ئێران باوەڕی بە هیچ یەک لە ماف و داواکارییەکانی ئێمە نیە، بۆیە شتێک بە ناوی دانوستان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران بێ مانایە و پاشان ئێمە وەک حیزبی دێموکرات ئەزموونی تاڵمان لە وتووێژ لەگەڵ ئەو ڕێژیمەدا هەیە و لە ڕابردوودا بە بیانووی وتووێژ دکتور قاسملوویان لە سەر میژی وتووێژ لە ڤیەن شەهید کرد بۆیه هیچ دانوستانێک لەگەڵ ئەو ڕێژیمە ئەنجامی نیه.