وتووێژ: ڕەحمان سەلیمی
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٩٩ی هەتاوی ٧٥ی ساڵەی تەمەنی خۆی تێپەڕ دەکا و یووبیلی ئەڵماسیی خۆی جێژن دەگرێت.
لەم وتووێژەدا لەگەڵ بەڕێز''حەسەن شەرەفی'' جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتی و بەرپرسی ناوەندیی سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چەند خاڵێکمان لە تەمەنی ٧٥ ساڵەی خەباتی حیزبی دێموکرات خستووەتە بەرباس کە سەرنجتانی بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشین.
-وەکوو یەکەم پرسیار هەلومەرجی ئەو کاتی کوردستان و ئێران چۆن بوو کە دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە زەرورەتێکی مێژوویی دەزانرێت؟
ئەو هەلومەرجانەی کە پێویستیی دامەزرانی حیزبێکی مۆدێڕن بە بەرنامەیەکی ڕوونی سیاسی و ڕێبەرایەتییەکی جەمعی هێنابوو ئاراوە دەکرێ بە دوو بەشی دەرەوەی کورستان و نێوخۆی کوردستان دابەش بکرێن.
یەکەم: لە دەرەوەی کوردستان لە ساڵانی شەری دووهەمی جیهانیدا وڵاتی ئێران لەلایەن هێزە بیانییەکان (ئینگلیس لە باشوور و سۆڤیەت لە باکوور)ەوە بە جۆرێک داگیر و لە نێوانیاندا، دابەش کرابوو. دەسەڵاتی ناوەندی بە گشتی لە کزی و لاوازی دابوو و تەنانەت لە هێندێک شوێن بە کردەوە بوونی نەمابوو، یەکێک لەو شوێنانە کە هێزە بیانییەکان بوونێکی پڕ ڕەنگیان نەبوو و حکوومەتی ناوەندیش دەسەڵاتێکی بەسەرەوە نەمابوو بەشی باکووری کوردستانی ئێران و ناوچەی موکریان بوو. بۆیە لەم ناوچەیە بۆشاییەکی زەقی دەسەڵات بەرچاو دەکەوت، ئەوەش دەرەتانێک بوو کە کورد لەو ناوچەیەی کوردستان خۆبەڕێوەبەرییەک لە نەبوونی دەسەڵاتی ناوەندیدا تاقی بکاتەوە.
دووهەم: لە نێوخۆی کوردستانیشدا بە دامەزرانی کۆمەڵەی ژێ.کاف لە ٢٥ی گەلاوێژی ١٣٢١ی هەتاوی بەهێزبوونێکی بەرچاوی هەستی نەتەوایەتی کورد پەرەی گرتبوو و بیری دامەزراندنی کیانێکی کوردی هاتبووە ئاراوە، بەڵام بەرنامە سیاسییەکەی ژێکاف وەڵامدەری هەلومەرجی جیهانی پاش فاشیزم و پەرەگرتنی دێموکراسی نەبوو. بۆیە دامەزراندنی حیزبێکی وەڵامدەر کە بتوانێ لەگەڵ ڕەوتە پێشکەوتنخوازەکان و هەلومەرجی ئەو کات یەک بگرێتەوە، وەک پێویستییەکی سەردەم و مێژویی خۆی دەرخست و حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر لەلایەن دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژێ.کاف و لە سەروویانەوە پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا.
-دامەزرانی حیزبی دێموکرات وەکوو یەکەم حیزبی مۆدێرن لە کوردستان چ نوقتە گۆڕانێکی سیاسی لە نێو کۆمەڵگای کوردستان پێکهێنا؟
بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان، کورد و بزوتنەوەکەی بوون بە خاوەن حیزبێکی مۆدێرن بە بەرنامەیەکی سیاسی و سەردەمیانە کە لەوەبەدواوە کۆمەڵگای کوردستانی پتر لەوەی بیر لە کەسایەتییەک بۆ ڕێبەریی بزووتنەوە بکەنەوە بیر لە ڕێبەری حیزب و لە حیزبیش دا لە ڕێبەری جەمعی بکەنەوە، ئەوەش ئاڵوگۆرێکی بنەڕەتی و سەردەمیانە بوو کە لە کۆمەڵگای کوردەواریدا پێکهات. لەو پێوەندییەدا ناکرێ دەوری
پێشەوا قازی مەحەممەد وەک کەسایەتییەکی ئایینی بەڵام نەتەوەیی و نیشتمانی لەبەرچاو نەگیرێت کە ڕێکخراوێکی نەتەوەیی هەتا ڕادەیەک ئایینی گۆڕیی بۆ حیزبێکی سەردەمیانەی نەتەوەیی دێموکراتیک.
- ئایا حیزبی دێموکرات بەپێی سەردەم گۆڕانکاریی فیکری و سیاسی لە بەرنامەکانی خۆیدا پێکهێناوە و هەتا چەندە وڵامدەری خواستە سیاسییەکانی خۆی بووە؟
ئەگەر ئەو ڕاستیەمان لەبەرچاو بێ کە حیزبی دێموکراتی کوردستان لەسەر بناغەی ڕێکخستنەکانی کۆمەڵەی ژێ.کاف دامەزرا دەگەینە ئەو ئاکامەی کە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان هەر خۆی لە خۆیدا بەرهەمی ئاڵوگۆڕی فکری و سیاسی لە بەرنامەکانی بزووتنەوەی کورد دابووە. پاش دامەزرانی حیزب و بەتایبەت پاش نەمانی کۆماری کوردستان و ئەو گیروگرفتانەی بۆ ڕێبەرانی حیزب، کۆمار و ڕێکخراوەکانی حیزب هاتە پێش، جارێکی دیکە و ئەوجار بە ئیرادەی دوکتور قاسملوو لە کۆنگرەی سێهەمی حیزب لە ساڵی ١٣٥٣ی هەتاویدا، ئاڵوگۆڕێکی سیاسی، فکری و ڕێکخراوەیی لە حیزبدا پێكهات، ڕێبەرایەتیی جەمعی گرینگیی زیاتری پێدرا، بەرنامەی سیاسیی حیزب نێوەرۆکێکی پێشکەوتووانەتر و سەردەمیانەتری بەخۆیەوە دیت، سەربەخۆیی سیاسیی و بڕیاردان جێگایەکی بەرز و گرینگی لە هەڵسوکەوتی حیزبدا لەگەڵ هەر لایەنێک و لە پێوەندییەکانی حیزب لەگەڵ لایەنەکانی دیکەدا دەستەبەر کرد. دواتر لە دیاریکردنی ئامانجی دواڕۆژی حیزبدا سوسیالیزم وەک مەسەلەیەکی گرینگی حیزب ئاڵوگۆڕی بەسەرداهات و سوسیالیزمی دێموکراتیک بە دوو هەدەفی سیاسی بوو بە ئامانجی دواڕۆژی حیزب، جگە لەوانە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ئەرکی خۆی دەزانێ بەپێی گۆڕانکارییەکانی سەردەم گۆڕانکاری فکری و سیاسی لە هەر بڕگەیەکی زەمانی لە بەرنامەکانیدا پێکبێنێ و مادام ئەوەش ئامانجیەتیی بە شێوەیەکی سروشتی وەڵامدەری خواستە سیاسییەکانی دەبێ چوونکە ئەم ئاڵوگۆڕانە لەپێناو چۆنیەتی گەیشتن بە ئامانجەکانی هاتوون و دێنە ئاراوە.
- گرینگترین دەستکەوتەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ۷۵ ساڵ تێکۆشانی خۆیدا کامانەن؟ و لەماوەی تەمەنی خوێدا ئەو خەسارانەی کە تووشی بووە بۆی قەرەبوو کراوەتەوە؟
وەڵامی ئەو پرسیارەتان دوو بەشە یەکەم: ئەگەر مەبەست لە دەستکەوتی گرینگ بە ئاکامگەیشتنی خەباتی حیزب و دەستەبەربوونی یەکجارەکی هەموو ماف و ئازادییەکانی کورد بێ، بەداخەوە هەتا ئێستا ئەم ئامانجە نەهاتۆتە دی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خەباتی ٧٥ ساڵەی حیزب کۆمەڵێک دەسکەوتی گرینگی هەبووە کە لە لاپەڕەکانی مێژوودا جێیان گرتووە.
دامەزرانی کۆماری کوردستان نەتەنیا دەسکەوت بەڵکوو شانازییەکی مێژوویی حیزبی دێموکراتە. سەرەرای ئەو هەمووە گرفتە، پێوانی ڕێگەی پڕ لە هەوراز و نشێوی خەبات، خوێندان و قوربانیدان و تێکۆشەر فیدابوونە درێژە و بەردەوامی لە خەبات وخۆڕاگری و سووربوون لەسەر ماف و ئازادیەکانی کورد، خۆی دەسکەوتێکی بەرچاو بۆ حیزبێکی سیاسیە، کە بە هاسانی بۆ هەموو حیزبێک دەست نادا، کە حیزبی دێموکرات خاوەنی ئەو شانازیەیە. لە مەیداندا مانەوە، بە شوێندانەری مانەوە لە ڕادەی نێونەتەوەیی، ناوچەیی و کوردستانیدا بە ناسراوی و بە خاوەن پڕەنسیپ دەرکەوتن و خۆناساندن بە جۆرێک کە بۆ زۆربەی لایەنەکان جێگەی ڕێز بی، دەسکەوتێکی کەم نین بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
دووهەم: ئەو خەسارانەی کە بەرەوڕووی حیزب بوونەوە لە ڕاستیدا دووبەشن، بەشێکیان بەدەر لە ئیرادەی حیزب بوون و بە پیلانی دوژمنان کراون، وەک لە سێدارەدانی پێشەوای نەمر، تێرۆری دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی، دەیان و بگرە سەدان تێکۆشەری تێرۆرکراوی دیکە، یان شەهیدبوون و لەدەستچوونی هاوڕێ و هاوسەنگەرانمان کە خەسارێکن قەرەبوو ناکرێنەوە، ڕەنگە جێگەیان بگیرێتەوە بەڵام پڕنابێتەوە .
بەشێکیش دەکرێ بڵێین هەڵەبوون کە لە ڕەوتی خەباتی ئەو ٧٥ ساڵەدا کرابن. لەوبارەوە دووپاتی دەکەمەوە هەروەک لە شوێنی دیکەش کوتوومە: حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران هەرگیز ئیدعای نەکردووە کە بێ هەڵە بووە بەڵام گرینگ ئەوەیە هەڵەیەکی وا گەورەی نەکردووە کە خۆی نەتوانێ قەرەبووی بکاتەوە، قەرەبووشيی کردۆتەوە .
-وەکوو دوایین پرسیار، بەڕێزتان وەکوو جێگری یەکەمی لێپرسراوی گشتیی حیزب لە یادی ٧٥ ساڵ دامەزارانی حیزبی دێموکرات چ پەیامێکتان بۆ خەڵک هەیە؟
من خۆم پەیام لە خەڵکی کوردستان وەردەگرم، بەڵام وەک پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران داوام لە خۆشک و براکانم لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئەوەیە کە ئەو خەباتە بە هی خۆیان بزانن چونکە لەپێناو ماف و ئازادی و داخوازەکانی هەمواندایە. بۆیە پێویستە هەر تاکێکی کورد لە هەر شوێنێک کە هەیە بەپێی توانا، ئیمکانات و شوێنی کار و ژیانی خۆی بە هەرجۆرێک بۆی دەگونجێ بەشداری بزووتنەوە بێ با خەباتەکەمان تێکڕایی بێ و ئامانجی لێکگرێدانی خەباتی شار و شاخ زیاتر و بەرچاوتر بێتەدی.