کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

حەفتەنامەی پرۆفیل: پۆلیس پێی خۆش بوو سەحراڕوودی دەسبەسەر بکرێت

20:33 - 21 رەزبەر 2713

کوردستان میدیا: حەوتوونامەی سیاسیی بەناوبانگی ئوتریشی بابەتێکی لەژێر ناوی، \'\'تاوانباری سەرەکیی تێرۆری کوردەکان له ڤییەن بێ کێشە رزگاری دەبێت\'\'، بڵاو کردەوه.


ژمارەیەک هەواڵدەریی و رۆژنامەی ئورووپایی، سەبارەت بە سەردانی محەممەد جەعفەری سەحراڕوودی، بکوژی دوکتور عەبدولڕەحمان قاسملوو و هاوڕێیانی، بابەتیان نووسیوە و بڵاویان کردووتەوە.
دەقی بابەتی هەفتەنامەی سیاسیی ئوتریش کە لەلایەن ماڵپەڕی \'\'کوردستان میدیا\'\'وە بۆ سەر زمانی کوردی وەگێڕدراوە، بەم چەشنەیە:


موحەمەد جەعفەری سەحراڕوودی به تاوانی تیرۆری د. عەبدولڕەحمان قاسملوو، عەبدوڵڵا قادری ئازەر و د. فازڵ رەسووڵ، ٢٤ ساڵ پێش ئێستا له ڤییەن، حوکمی دەستبەسەرکرانی نێونەتەوەیی بۆ دەرچووه.
ناوبرا چەند رۆژ پێش ئێستا لەگەڵ شاندێکی پارلمانی ئێران هاتبووه وڵاتی سویس، بەڵام بۆ پاراستی بەرژەوەندیی وڵات، توانیی به بێ هێچ کێشەیەک ئەو وڵاته بەجێ بێڵێت.
له راستیدا رێکخراوێکی بەناوبانگی وەک یەکیەتیی نێونەتەوەیی پارلمانتاران بو ئەوه نابێت که له پێوەندی لەگەڵ کوشتنی مرۆڤەکاندا ناوی بهێنرێت، بەڵام ئەم جاره یەکێک له نێونەرانی بەشداری کۆنفڕانسی ئەو رێکخراوه، تاوانبارێکه که ٢٤ ساڵه بەهۆی کوشتنی ٣ کورد له ڤییەن، حوکمی گیرانی نێونەتەوەیی بۆ دەرچووه. ئەو کەسەش نێوی \'\'محەممەد جەعفەری سەحراڕوودی\'\'یه.
جەعفەری تەنیا لە بواری پارلماندا شارەزا نییه، بەڵکوو له بواری میلیشیایشدا پسپۆڕه. ناوبراو ژەنڕاڵی سوپای پاسدارانی رێژیمی ئێرانه و پلەی ژەنڕاڵی وەک دەستخۆشانەی وەڕێ خستنی حەمامی خوێن له ڤییەندا وەرگرت!
کاتێک ساڵی ١٩٨٩ جەعفەری به سەرۆکایەتی شاندیک و وەک نوێنەرایەتی کۆماری ئێسلامی ئێران لەگەڵ سەرۆکی حێزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وتوووێژیان دەکرد، وێڕای هاوڕێکانی دەستڕێژیان کرده سەر قاسملوو و ٢ هاوڕێی دیکەی و دەستبەجێ کوشتنیان.
وێڕای هەبوونی بەڵگەی پێویست، دەوڵەتی ئوتریش لەژێر گوشاری رێژیمی ئێراندا تاوانبارەکانیان ئازاد کرد و رەوانەی ئێران کرانەوه. بەڵام پاش ئازادکردنیان حوکمی دەستبەسەرکردنیان بۆ دەرچوو و ناویان لەسەر ئەو لیستەیەیه که پۆلیسی ئوتریش بەدوایاندا دەگەڕێت. دیاره بێجگه له پۆلیسی ئوتریش، لایەنی دیکەش پێیان خوش دەبوو سەحراڕوودی دەستبەسەر بکەن.
ساڵی ٢٠٠٧، هێزێکی تایبەتی ئەمریکا به مەبەستی دەستبەسەرکردنی سەحراڕوودی هەڵی کوتایه سەر کونسووڵگەریی ئێران له \'\'هەولێر\'\' پایتەختی کوردستانی عێراق. سەحراڕوودی ئەو دەم خەریکی سازدانی توڕێکی سیخۆڕی گەوره بوو له عێراقدا. هەرچەند له هەمان کاتدا کرابووه جیگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران و چەند حەوتوو پاش ئەو‌ەی له دەستی ئامریکایی‌یەکان رزگاری بوو، وەک ئەندامی شاندی ئێران له کۆبوونەوەیەک سەبارەت به پرسی عێراق، له بەرانبەر کۆندولیزا رایس، وەزیری دەرەوەی ئەو کاتی ئەمریکا دانیشتبوو.
ئێستا جەعفەری بەرپرسی دەفتەری \'\'لاریجانی\'\'یه. هەر بەو هۆکارەش لەگەڵ لاریجانی هاتبووه سویس. دیاره ئەمە یەکەم سەفەری ئورووپایی سەحراڕوودی نەبوو. ناوبراو ساڵی ٢٠١١ جاریكی‌تر هاتبووه سویس. هەروەها ساڵی ٢٠٠٦ لەگەڵ شاندێکی ئێرانی له ئیتالیا بووه. هەردوو جارەکه کەس خوی له سەحراڕوودی نەگەیاندبوو! بەڵام ئەم جارەیان جیاواز بوو. بەپێی سەرچاوەی ئێمه، پۆلیسی سویس پێوەندی به پۆلیسی ئوتریشەوه کردبوو و سەبارەت به حوکمی گیرانی نێودەوڵەتی سەحراروودی داوای زانیاریان کردبوو. پۆلیسی ئوتریش له وڵامدا موعتەبەت بوونی حوکمەکەی تەیید کردبوو. پاش ٢٤ ساڵ لەوە دەچوو کاتی دەستبەسەر کردنی سەحراڕوودی هاتبێت. پۆلیس ئەمەی پێ خوش بوو، بەڵام لایەنی سیاسی نەیدەویست ئەمه روو بدات.
لە وڵامی لێکۆڵینەوەی ئێمەدا وەزارەتی ناوخۆی ئوتریش پێی رایگەیاندین کەله بارەی ئەم پرسەوه هیچیان نەبیستووه. وەزارەتی داد وتیان ئەمە دەنگۆیه و ئێمه هیچ لەمبارەوه نازانین. وەزارەتی دەرەوه هەر وڵامی نەداینەوه!!!
ئەمه دەری دەخات که بەژەوەندیی دەوڵەت پێش هەموو شتێکه. بەتایبەتی ئەگەر سەرنج بدەینه ئەوەی که رێژیمی ئێران به هاتنی رووحانی ورده ورده له وڵاتانی رۆژاوا نزیک دەبێتەوه و رۆژوایی‌یەکانیش نایانەویت به دەستبەسەرکردنی کەسێکی باڵادەستی رێژیمی ئێران که ٢٤ ساڵ پێش، حەمامێکی خوێنی له ڤییەن وەڕێخستبوو، کێشەیەک بو ئەم لێک نزیک بوونەوەیه ساز بکرێت و دیسان لەگەڵ رێژیمی ئێران تووشی کێشە ببنەوه.
هەوڵنەدان بۆ دەستبەسەر کردنی سەحراڕوودی لەلایەن پۆلیسی سویسەوه بەم چەشنه وڵام درایەوه: ناوبراو وەک ئەندامی وەفدێکی کۆماری ئێسلامی ئێران مەسوونیەتی دیپلۆماتیکی هەیه و بویه نەماندەتوانی دەستبەسەری بکەین.
هیوا بەهرامی نوێنەری حدکا له ئوتریش دەڵێ: ئەوان هەر له بەرنامەیاندا نەبوو دەستبەسەری کەن.
ئێرانییەکان رۆژی چوارشەممه سویسیان بەرەو کرواسی بەجێ هێشت. لەو وێنانەی که بڵاوبوونەوه، دەرکەوت که جەعفەری و شاندەکەی ئێران سەردانێکی موفتیی گەورەی کرواسیان کردبوو و دواتریش بۆ خوانی نیوەڕۆ بانگهێشتی ئیڤو یوسیپۆڤیچ سەرۆک کۆماری کرواسی بوون. هەرچەند پۆلیسی ئوتریش پۆلیسی کرواسی ئاگادار کردبووەوه که سەحراروودی دەستبەسەر بکەن. بەڵام پۆلیسی کرواسی تەنانەت وڵامیشیان نەدانەوه.
بەمه دەڵێن رێئال پۆلیتیک ...