کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خالید دەرویژە: کۆمەڵێک داتا باس لەوە دەکەن کە ئابووریی ئێران بەتایبەت لەم سێ ساڵەی دواییدا بچووکتر بووەتەوە و گەشەی ئابووری "مەنفی" بووە

12:07 - 9 گەلاوێژ 2720

وتووێژ: بێهزاد قادری

ڕۆژ بە ڕۆژ لە ئێران نرخی هەڵاوسان بەرزتر دەبێتەوە و لە ئێستادا ئێران لە لیستی چوار وڵاتی یەکەمە کە نرخی هەڵاوسانیان لە بەرزترین ئاستی جیهاندایە. لەلایەکی دیکەوە، بێکاری، بێ بایەخیی پارەی ئێران و گەمارۆکان، ئابووریی ئێرانی بەرەو داڕمانی هەرچی زیاتر بردووە.

لەمبارەوە وتووێژێکمان لەگەڵ کاک "خالید دەرویژە" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پێک هێناوە کە سەرنجتانی بۆ ڕادەکێشین:

- نێونجی گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی ٩١ـەوە تا ساڵی ٩٨، سفر لەسەد بووە، هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێتەوە؟

دیارە سەرەتا پێویستە جەخت لەسەر ئەو واقعییەتە بکرێتەوە کە هیچ کام لە ئاماری ڕاگەیەندراوی ناوەندە جۆراوجۆرەکانی ڕێژیم، بۆ ئەوە نابن وەک فاکت و بەڵگە متمانەیان پێ بکرێت. بانکی جیهانی و سندووقی نێونەتەوەیی دراویش بە پشت بەستن بە ئاماری ڕێژیم، کۆمەڵێک داتا بڵاو دەکەنەوە کە باس لە بچووکتربوونەوەی ئابووریی ئێران بەتایبەت لەم سێ ساڵەی دوایی دەکەن کە لە هەر سێ ساڵدا ڕێژەی گەشەی ئابووری، مەنفی، واتە لەژێر سیفردا بووە.

لەڕاستیدا هۆکاری ئەم قەیرانە، واتە گەشەی مەنفی و هاوکات هەڵاوسان کە لە زانستی ئابووریدا inflationary stagnation  واتە "رکود تورمی" پێ دەوترێت و چارەسەری هەردووکی ئەم بگۆڕانە یەکجار دژوارە، لەسەر یەک و بە شێوەی گشتی بۆ  گۆشەنیگا و پێکهاتەی سیاسی و ئابووریی وڵات دەگەڕێتەوە.

کاتێک دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی، ئابووری نە وەک زانست بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی کۆمەڵگا پێناسە ناکات و بەڵکوو دەڵێت: "اقتصاد مال خر است"، کاتێک هەر ئەم عەللامەیە! کە بووە بە ژێدەر بۆ بەدواکەوتووەکانی، زانکۆ وەک بیاڤی گۆڕانخوازی ڕوو بە گەشەی کۆمەڵگا بە ناوەندی فەساد و... ناودێر دەکات و بە دیاریی بێ نرخی ڕۆژئاوای دەزانێت، کاتێک کە سیاسەت دەبێ وەک ئەسپی ئابووری بۆ هەر شوێنێک بەرژەوەندیی گشتیی وڵات بخوازێت، بچێت و بەستێنی لەبار بۆ گەشەی ئابووری بڕەخسێنێت، ڕاست بەپێچەوانە، دەبێ بە وەزنەیەکی قورس لەپێی ئابووری و لە گرێژنەی دەردەخات، کاتێک یاسای بنەڕەتیی وڵات وەک دەقێکی یاسایی بە تەواوی دەچێتە ژێر ڕکێڤی ئیدئۆلۆژیی دواکەوتووانە و سەدە نێونجییەکانی تاقمێکی قاڵبوو لە بیردۆزیی وەلی فەقیھ، کاتێک دەستێوەردان لە کاروباری وڵاتان و پشتیوانی لە گرووپە پراکسییەکان و ئاژاوەنانەوە و تێرۆر و تۆقاندن، جێگە بە سیاسەتی حەکیمانە و  تەعامولی ڕاستەقینە و ڕێزگرتنی هەڤدوو لێژ دەکات و دەیان هۆکاری تر... بە شێوەیەکی سروشتی لە هەناوی وەها پێکهاتە و بیرکردنەوەیەکدا ئەم قەیرانگەلە لەدایک بن کە ئەمڕۆ وڵاتی بەڵالێدراوی ئێمە بینەریەتی.

- لە ئەمساڵدا، واتە ساڵی ٩٩، ئابووریی ئێران چیی لێ بەسەر هاتووە و بەرەو چ ئاراستەیەک دەڕوات؟

گرینگترین پێوەر بۆ هەڵسەنگاندنی ئابووریی هەر وڵاتێک کە کۆمەڵێک بگۆڕی تر وەک بێکاری، هەڵاوسان، هەناردە و هاوردەکردن و... لە خۆ دەگرێت، کۆبەرهەمی پووختەنەکراوی نێوخۆییە کە ساڵ بە ساڵ لەژێر حاکمییەتی ڕێژیم کەمتر دەبێتەوە، سندووقی نێونەتەوەیی دراو گەشەی ئابووریی ساڵی ۹۹ی مەنفی ٦ لەسەد بەراورد کردووە. کەواتە ئەمساڵیش ئابووریی ئێران لەگەڵ "رکود تورم" بەرەوڕوویە. بەرهەمهێنانی نێوخۆیی بە ڕێژەیەکی یەکجار زۆر دابەزیوە و ڕۆژ بە ڕۆژ بینەری مایەپووچبوونی زیاتری کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان دەبین، داهاتی هەناردەکردن تەنانەت وڵامدەری پێویستییە سەرەتاییەکانی هێزە سەرکوتکەرەکانیشی ناکات، لەگەڵ هەموو هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ شاردنەوەی ڕاستییەکان، بە قەولی "گی سوورمان"، ئابووریزانی فەڕانسەوی کە دەڵێت ئابووری درۆ ناکات، سێبەری ڕەشی برسێتی و هەژاری باڵی بەسەر وڵاتدا گرتووە و دێوەزمەی فەقر و دەستکورتی، پێست و گۆشتی خەڵکی بڕیوە و خەریکە ناوکی ئیسقانیان دەهاڕێت و کۆمەڵگا بەرەو دوو جەمسەری لانیکەمییەکی ٥ لەسەدی خاوەن هەموو شتێک و ۹٥ لەسەدی بێ دەرەتان و چارەڕەش، دۆخێک کە تەعبیری کۆمەڵگای سائۆپائۆلۆیی پڕ بەپێستیەتی، پاڵ پێوەدەنێت.

- بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ڕێژیمی ئێران، نرخی هەڵاوسان لە ئێستادا چەندە؟

بانکی ناوەندی چوونەسەری نرخی ٦/٧ لەسەدی مانگانە بۆ مانگی پووشپەڕی ۹۹ کە لە دەیەی ۹۰ بەرزترین ئاستە و نرخی ۲٦/٩ لەسەد بۆ هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ واتە پووشپەڕی ئەمساڵ بەنیسبەت پووشپەڕی پار ڕاگەیاندووە کە بێگومان وەک هەموو زانیارییەکانی ڕێژیم نادروستن، "ئێستیڤ هانکی" مامۆستای زانکۆی "جانز هاپکینز"، نرخی زیاتر لە  ۱۰۰لەسەدی هەڵاوسان بۆ پێداویستییە خواردەمەنییەکان و بۆ کەلوپەلی پێویست بە بەرهەمهێنان نرخی نیزیک بە ۳۰۰ لەسەد باس دەکات.

- ئەو ئامارانەی ڕێژیمی ئێران لەبارەی هەڵاوسانەوە ڕایدەگەیەنێت، چەندە ڕاستن؟

ناڕوونی و لێڵی لە بڕیار و یاساکان و شەڕەدندووکەی نێوان باڵەکانی ڕێژیم و نەبوونی ئازادیی ڕاگەیاندن، هیچ کات ئیزنی نەداوە ئاماری دروست ڕابگەیەنرێت، خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە، لەگەڵ ئەوەی بەپێی مادەی ٥٤ لە یاسای بەرنامەی پێنج ساڵەی پێنجەم، دەبوو ناوەندی ئامار ژێدەری فەرمیی داڕشتن و بڵاوکردنەوەی ئامار بێت، کۆمەڵێک دامەزراوەی تر وەک بانکی ناوەندی و ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیس و... تەنیا بۆ چەواشەکاری و ڕێگە ونکردن، ئاماری جۆراوجۆر و تانانەت دژ بە یەکتریش دەدەن.

- نرخی ٤٧٥ کاڵا لە ئێران، بەخێرایی لە بەرزبوونەوەدایە، ئەمە چ کاریگەرییەک لەسەر ئابووریی وڵات دادەنێت؟

چوونەسەری نرخی شتومەک، هێزی کڕین کەم دەکات، تێچووی بەرهەمهێنان زیاد دەکات و لەسەریەک بێکاری و هەڵاوسان بە ڕێژەیەکی زۆر ڕوو لە زیادبوون دەکەن و قەیرانی ئابووری قووڵتر دەکەنەوە.

- لە ئێستادا ئێران لە لیستی چوار وڵاتێکدایە کە نرخی هەڵاوسانیان لە بەرزترین ئاستی جیهاندایە؛ ئەو وڵاتانە کامانەن؟

وڵاتانی وەک ئێران بەڵالێدراوی، ڤێنێزۆئێلا، زیمبابوێ و سوودان.

- پاش ڕێککەوتننامەی بەرجام، ئابووریی ئێران چ گۆڕانێکی بەسەردا هات؟

ڕاستە دوای بەرجام و لە چوارچێوەی چەمکی بەرژەوەندیخوازیی وڵاتان، کۆمەڵێک کۆمپانیا و وەبەرهێنەر ڕوویان لە بازاڕەکانی ئێران کردەوە، بەڵام سیاسەتی ناموتەعارف و پێکهاتەی سەقەتی نیزام، وەک هەموو کردەوە نالۆژیکییەکانی، ئەم دەرفەتەیان لەبار برد.

- پاش هاتنە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجام، چ ئاڵوگۆڕێک بەسەر ئابووریی ئێراندا هات؟

بێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی  دەسەڵاتداران و دووکاندارانی وەلی فەقیھ لە چوارچێوەی بیردۆزی پیلانگێڕی و ئۆباڵئاوێژی، ئامریکا و هەوڵەکانی بە تەنیا و هۆکاری سەرەکیی قەیرانی ئابووری دەزانن، ناتوانین بڵێین هاتنە دەرەوەی ئامریکا لە بەرجام کاریگەری لەسەر داڕمانی ئابووری نەبووە، لەڕاستیدا ئەم فاکتە بەر لە هۆکار، پاڵنەری سەرەکی بووە، ڕاستییەکەی سیاسەتی ئاژاوەنانەوە و دەستێوەردان، هەناردەکردنی تێرۆر و پشتیوانی لە تێروریزم و هەوڵەکانی ڕێژیم بۆ دەستپێڕاگەیشتن بە چەکی ناوکی، وەک پێشێلکردنی ڕووحی بەرجام، دژکردەوەی ئامریکای بەدوای خۆیدا هێنا.

- بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چ کاریگەرییەکی لەسەر ئابووریی ئێران دانا؟

ڤایرۆسی کۆرۆنا ئابووریی هەموو وڵاتانی خستە ژێر تەوژمی خۆی، بەڵام ئەو وڵاتانەی وەک ئێران  کە ئیرادەی چارەسەری قەیرانەکانیان نییە، زیاتر خەساریان بینی. بە دەربڕینێکی تر ئەگەر کاریگەریی نێگەتیڤی کۆرۆنا لەسەر ئابووریی وڵاتان سروشتی دەهاتە بەرچاو، ئەوەی ناسروشتییە و کۆماری ئیسلامی لەوان جیا دەکاتەوە، بێ هەڵوێستی و پەردەپۆشکردن و بێ ئیرادەیی دەسەڵاتدارانی تارانە.

- ڕێژیمی ئێران چ پلان و بەرنامەیەکی بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانە ئابوورییەکانی وڵات هەیە؟

مێژووی زیاتر لە چوار دەیە دەسەڵاتداری کۆماری ئیسلامی دەرخەری ئەم کەتوارە تاڵەن کە ڕێژیم بەردەوام هەوڵی داوە قەیران بە قەیران چارەسەر بکات، بەپێچەوانەی هەموو نیزامە خەڵکییەکان کە گووزەران و بژێویی ژیانی خەڵک و گەشکردنی وڵاتیان بەلاوە گرینگە، ئەوەی بۆ ڕێژیم ئەولەوییەتە و بە واتایەکی تر ئەوجبی واجباتە، پاراستن و بەردەوامیی دەسەڵاتە نگریسەکەیانە.

- خەڵکی ئێران بەگشتی و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی، لەم قەیرانە ئابوورییەدا، لە چ دۆخێکدان؟

ئەوەی خەڵکی کوردستان لە ماوەی دەسەڵاتداریی ڕێژیم، لە برسێتی، هەژاری، ئازار و ئەزییەت و... چێژتوویانە، باقیی خەڵکانی ئێران و بەتایبەت ناوەندنشینەکان تازە هەستی پێدەکەن. بەو هیوایە ئەم دەرد و ئازارە هاوبەشە ببێتە هەوێنی تێکەوەپێچانی ملهۆڕترین، سەرەڕۆترین و ناخەڵکیترین دەسەڵاتی سەردەم.