کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

خامنەیی هۆشدارییەکی فریوکارانەی داوە

10:58 - 8 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ کاربەدەستەکانی خۆی، بە نیسبەت هەڵوەشانەوەی بونیاتی بنەماڵە هۆشداری داوە.

قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێراندا هێڵی سووری بەزاندووە و بە تازەیی بنەماڵە لە کۆمەڵگەدا لە لایەن خامنەیییەوە بەناو بایەخی پێ دراوە. ناوبراو بە نیسبەت هەڵوەشانەوەی بنەماڵە هۆشداری داوە.

ڕێبەری ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: کە دەبێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی نیزامی بنەماڵە هەنگاوی کردەیی هەڵ بگرین.

بنەماڵە لە هەر کۆمەڵگەیەکدا ژێرخانی سەرەکیی ئەو کۆمەڵگەیەیە، کاتێک بنەماڵە تووشی کێشە و گرفت بێت کۆمەڵگە تووشی قەیران دەبێت. قسەکانی خامنەیی بە مانای پێشگیری لەو قەیرانە نییە، بەڵکوو ڕێک دان بەوە دادەنێت کە دۆخی بنەماڵەکان لە ئێراندا قەیرانییە و ڕووی لە هەڵوەشانەوە کردووە.

خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم، باسی لە پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی درەنگ و دژوار، حەز نەکردن بە خاوەن منداڵبوون و لە هەموویان گرینگتر باسی لە "هاوسەرگیریی سپی" کردووە.

هەژاری، گرانی، نەبوونی ئیمکاناتی پزیشکی، پشتگوێخستنی کێشەکانی کۆمەڵگە لە لایەن کاربەدەستانی ڕێژیمەوە، بنەماڵە و کۆمەڵگە بەرەو هەڵدێڕ دەبات.

لە دۆخی ئیستای ئێراندا هەژاری و گرانی هەڕەشەیەکە کە هەڕەشە لە ژیانی ئاسایی خەڵک دەکات و ئەمنییەتی گیانیی خەڵکی خستووەتە مەترسییەوە.

بەپێی خودی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ئێراندا ٢ میلیۆن و ٨٥٨ هەزار بنەماڵە هەیە کە لە دۆخی هەژرایی ڕەهادان، کە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دەیانەوێت بە مووچەی ٧٨٠ هەزار تمەنی کێشەکانیان بنبڕ بکەن.

بەپێی ئامارەکانی ڕێژیمی ئێران، لە ئێستادا هەژاری لە ئێراندا دوو جۆری هەژاریی "توند" و هەژاریی "ڕەها" بوونی هەیە.

 وەزارەتی تەعاون، کار و خۆشبژیویی کۆمەڵایەتیی ڕێژیمی ئێران، کە بەرپرسیایەتیی ناساندنی بنەماڵە هەژارەکانی هەیە، تا ئێستا هیچ ئامارێکی لە بارەی هەژاری و هێڵی هەژاری بڵاو نەکردووەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە، کە ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجەی ڕێژیم باس لە هەژاریی "توند" و هەژاریی "ڕەها" دەکات.

 لە لایەکی دیكەشەوە، بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار لە ئێراندا بووەتەوە هۆکارێک کە شتومەکی پێویست بەتایبەت خواردەمەنییەکان گرانتر بێت و کەلێنی چینایەتی لە ئێراندا زیاتر بێتەوە.

بەرزبوونەوەی ڕێژەی تەڵاق، ئاماری ئیعتیاد، نەبوونی هەلی گونجاو بۆ پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، هەڕەشە لە بونیاتی بنەماڵەدا دەکەن.

لە ئێراندا ژنانی سەرەپەرستی بنەماڵە ئامارێکی بەرچاوی بە خۆیەوە تەرخان کردووە، ئەگەرچی ئەو ئامارە لە لایەک ڕووی لە هەڵکشانە و لە لایەکی دیکەوە ڕێژیمی ئێران هیچ پشتیوانی مادی و مەعنەوی لە توێژەی کۆمەڵگا ناکات.

بەپێی دوایین سەرژمیریی ناوەندی ئاماری ئێران لە ساڵی ٩٠، لە کۆی گشتیی ٢١ میلیۆن و ١١٠ هەزار و ٤٨١ بنەماڵە لە ئێراندا، سەرپەرەستیی ئەو بنەماڵانە لەسەدا ١٢ی لە ئەستۆی ژنانە، کە ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار بنەماڵە لە خۆ دەگرێت، کە بە بەراورد لەگەڵ ٣٠ ساڵی ڕابردوو، دوو قات زیادی کردووە.

قسەکانی خامنەیی، لە بارەی کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە لە هەر بارێکەوە دانپێدانانە بە قەیرانی ئەو کێشەیە و لە نێوەڕۆکدا نە خۆی و نە هیچ بەرپرسێکی ڕێژیمی ئێران بۆ چارەسەریی کێشەکان هەنگاو نانێن.