کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل کردنە ئامانجی شادەمارە ئابوورییەکانی ئێران پەرە پێ دەدات

11:39 - 11 خاکەلێوه 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ستراتیژیی هێرشەکانی دەگۆڕێت و دوای تێکشکاندنی ئامانجە سەربازییەکان، ئێستا ژێرخانە ئابوورییەکانی کۆماری ئیسلامی دەکاتە ئامانج.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی "تایمز ئۆف ئیسرائیل"، ناوەندە بڕیاردەرەکانی ئیسرائیل فەرمانیان بە ئەرتەش کردووە کە هەڵمەتی هێرشەکانیان بەرەو کەرتی ئابووریی ڕێژێمی ئێران پەرە پێ بدەن.

 ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە ئەرتەشی ئیسرائیل لە قۆناغی یەکەمدا بە هاویشتنی زیاتر لە ١٣ هەزار بۆمب، سەدان بنکەی سەربازی و حکوومەتی لە سەرانسەری ئێراندا تێک شکاندووە.

"ئەفی دەفرین"، وتەبێژی ئەرتەش، ڕایگەیاندووە کە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا تەواوی ئەو ژێرخانە پیشەسازییانەی کە چەک بۆ هەڕەشەکردن لە ئیسرائیل بەرهەم دەهێنن، خاپوور دەکرێن.

لە لایەکی دیکەوە، ئەرتەشی ئیسرائیل لە قۆناغی نوێی هێرشەکانیدا دەستی داوەتە لێدان لەو سەرچاوانەی کە داهاتی ئابووری بۆ کۆماری ئیسلامی دابین دەکەن. لەم چوارچێوەیەدا، وێستگە سەرەکییەکانی گازی باشووری ئێران و دوو کارخانەی گەورەی پۆڵا کراونەتە ئامانج.

 بەرپرسانی ئیسرائیل جەخت دەکەنەوە کە ئەم هێرشانە توانای سەربازیی ئێرانیان بۆ چەندین ساڵ بەرەو دواوە بردوەتەوە و پڕۆسەی دروستکردنی بەستێن بۆ داڕمانی ڕێژیم، زۆر خێراتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا، دەچێتە پێش.